لە شاری ماکۆی رۆژهەڵاتی کوردستان گەنجێکی کورد لەلایەن ٤ کەسی ئازەرییەوە کوژرا

لە شاری ماکۆ لە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەنجێکی کورد لە لایەن ٤ کەسی ئازەرییەوە کوژرا.

بەپێی زانیاریی سەرچاوە خۆجێییەکان، لە شاری ماکۆی رۆژهەڵاتی کوردستان گەنجێکی کورد بە ناوی عومەر عومەری تەمەن ٣٠ ساڵ و باوکی ٣ منداڵ لەلایەن چەند ئازەرییەکەوە هێرشی کراوەتە سەر و کوشتویانە.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ٤ کەسی ئازەری بە ناوەکانی فەرهاد ئەکبەری، حوجەت نەجەفی، زەکەریا خزرنەژاد و فەرزین، کە تا ئێستا پاشناوەکەی روون نەبووەتەوە، قسەیان بەو گەنجە کوردە وتوە و هەوڵیانداوە بیوروژێنن. دوای ماوەیەک لە نێوانیاندا مشتومڕ دروست دەبێت و ئەو ٤ کەسە ئازەرییە بە چەقۆ هێرش دەکەنە سەر ئەو گەنجە کوردە.

لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا گەنجە کوردەکە بە قورسی بریندار دەبێت. هاوڵاتیان عومەر بۆ چارەسەر دەبەن بۆ نەخۆشخانە، بەڵام بە هۆی قورسیی برینەکانییەوە لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستداوە.

ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاند، ڕووداوەکانی ئەمدواییە و پەلاماری هەندێک لە ئازەرییەکان بۆ سەر هاوڵاتییانی کورد نیشانەی هەبوونی دەستێکی دەرەکییە لە پشتی ئەو هێرشە ئاژاوەگێڕانانەوەیە، چونکە دەیانەوێت دەماری نەژادپەرەستیی گەلی ئازەری بەرامبەر کوردانی ناوچەکە بوروژێنن.

ئەوەشی راگەیاند، ئەو شێوازە لە هاندانی نەژادپەرەستانە هاوشێوەی هێرشی تورکە نەژادپەرەستەکانی تورکیایە و لەم ناوچەیەدا ئەو جۆرە هێرشانە لە سەر شەقامەکان و بە رۆژی رووناک نەبوە، یان زۆر کەم و دەگمەن بووە، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە دەوڵەتی تورک لە پشتی ئەو هێرشە تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانانەوە بێت.

ژ.ت