لە سلێمانی بە جۆش و خرۆشەوە ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوا پیرۆزکرا

نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە سلێمانی یادی ١٠هەمین ساڵیادی شۆڕشی رۆژئاوایی بە رێکخستنی ئاهەنگێک پیرۆز کرد.

نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەریی  خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە سلێمانی، لە هۆڵی ئەکوا پارک بە بۆنەی ١٠هەمین ساڵیادی شۆڕشی ١٩ی تەمووزی ٢٠١٢ ی ڕۆژئاواوە ئاهەنگێکی جەماوەریی ڕێکخست.

ئاهەنگەکە بە درووشمی 'ئێمە داگیرکاری تێکدەشکێنین، سوریایەکی دیموکراتیک بونیاد دەنێین'  و بە خولەکێک رێزگرتن لە شەهیدانی شۆڕش دەستیپێکرد.

زۆر کەس لە خەڵکی ڕۆژئاوا و بەشەکانی تری کوردستان و کەسایەتییەکان و سیاسەتمەداران بەشداری ئاهەنگی پیرۆزباییەکە بوون.

لە یادەکەدا ڕاگەیاندراوی نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە باشووری کوردستان لەلایەن ئەڤین سوێدەوە خوێندرایەوە.

سوێد ١٠هەمین ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوایی لە ئامادەبوان پیرۆزکرد و ڕایگەیاند، شۆڕشی ١٩ی تەمووز هەرگیز لە بنەماکانی خۆی پاشگەزنەبوویەوە و نەکەوێتە تەڵەی هێزە دەسەڵاتخوازەکانەوە و وتی، "لەبەر ئەوەش چەندین پرۆسەی سەخت تێپەڕین و هێشتاش ڕۆژانی سەخت لە پێشماندایە، بەڵام ئەگەر تەواو بە خواست و داوای ئێمەش نەبووبێت، لەگەڵ هەر هێرشێکی داگیرکاریدا توانیمان زیاتر یەکتر لەباوەش بگرین و لە دەوری یەک کۆبینەوە و زیاتر پێداگری لەسەر وتەکانمان بۆ دیموکراسی بکەینەوە. ئەوەش ئیرادەی یەکگرتووی گەلانی پێشخست، لە بەرامبەر تیرۆریستیتیرین رێکخستن دا، دەستکەوت و سەرکەوتنی مێژوویی بەدەست هێنا. بەرخودانی ئەفسانەیی لە دژی ئەو تیرۆریزمە بەڵگەی ڕاستەقینەی هاوهەڵوێستی و یەکگرتوویی نێوان کەلتوورە کۆمەڵایەتیەکان، بەهاکانی شۆڕش و بەرجەستەکردنی فەلسەفەی ژیانی ئازادە".

پاشان پەیامی بەرەی پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان، پەیەدە، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، کۆمەڵی دادگەری و بزووتنەوەى گۆڕان و ژمارەیەک لە رێکخراوە مەدەنییەکان خوێندرانەوە. هەروەها محەمەد ئەمین پێنجوێنی سیاسەتمەداری کورد باسی لە بەرخۆدانی شۆڕشی ڕۆژئاوا و کاریگەرییەکانی کرد.

لە دوای پێشکەشکردنی وتەکان و خوێندنەوەى پەیامەکان، ئاهەنگەکە بە گۆرانی و سرود لەبارەی شۆڕشەوە و بە هەڵپەڕکێ و گۆڤەند تاوەکو درەنگانێک بەردەوام بوو.

ژ.ت