لە تیرۆری ڕەئوف ئاکرێیی رۆژنامەنووسەوە بۆ کەیسی ڕۆژنامەنووسانی بادینان

لەدوای ڕاپەڕین یەکەمین زەنگی بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسان بە تیرۆرکردنی ‘ڕەئوف ئاکرێیی’ لێدرا و زنجیرەیەک تیرۆری بەدوای خۆیدا هێنا. دوای ٢٩ ساڵ هاوپیشەکانی ئاکرێی لە هەمان زێدی ئەو، بەشێوازێکی نوێ و لەڕێگای دادگاوە سزا دەدرێن و هەوڵی بێدەنگکردنیان دەدرێت.

ئەمڕۆ ساڵیادی تیرۆرکردنی نووسەر، ڕۆژنامەنووس و چالاکوان ’ڕەئوف ئاکرێیی’یە، کە لە شەوی ٢٦ی ئایاری ١٩٩٣ لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە گەڕەکی گرێ باسێ لە شاری دهۆک تیرۆرکرا.

ڕەئوف ئاکرێیی کێ بوو؟

ڕەئوف کامیل ئاکرێیی نووسەر، ڕۆژنامەنووس و چالاکوان، لە ساڵی ١٩٥١ لە شارۆچکەی ئاکرێ‌ لە دایکبووە، سەرەتای خەباتی لە ناو ڕیزەکانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان دەستپێکردووە. پاشان کۆمەڵەی خوێندکارانی دامەزراندووە و کۆتا وێستگەی خەباتی خوێندکاریی لەناو ‘یەکێتی خوێندکارانی شۆڕشگێڕی کوردستان’دا بووە، کە هەر خۆی دامەزرێنەری بووە.

ئاکرێیی لە ساڵی١٩٧٥ و لەکاتێکدا هێشتا خوێندکار بوو لەگەڵ کۆمەڵێک ڕۆشنبیر بەشداریی لە دامەزراندنی پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان دا کردووە.

لە ساڵی ١٩٧٦-١٩٧٧، کۆلێژی ئابووریی زانکۆی موسڵی بە پلەی یەکەمی ئەو زانکۆییە و پلەی دووەمی زانکۆکانی عێراق تەواو کردووە و دوای ساڵێک بووەتە فەرمانبەر لە ئاماری دهۆک، پاشان بە هۆی هەستی نیشتمانپەروەریی و دڵسۆزبوونی و وەستانەوەی بەرامبەر بە خواستەکانی ڕژێمی بەعس، گواستراوەتەوە بۆ بەڕێوبەرایەتیی ئاماری تکریت و ئەویش وەک هەڵوێستێک وازی لەو کارە هێناوە و دەستی بە کرێکاریی کردووە.

ڕەئوف ئاکرێیی ساڵی ١٩٨٤ڕێکخراوی ‘تێکۆشانی ڕەنجدەرانی کوردستان’ی دامەزراند. هەر لەو ساڵەدا دژی کۆبوونەوەی یەنەکە و حزبی بەعس، بەیاننامەی دەرکرد.

ئاکرێیی سەرنووسەری ڕۆژنامەی ڕێگای ڕەنجدەران بووە، كە بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی دەردەچوو. هاوكات خاوەنی چەند کتێبێک بە ناونیشانەکانی قضیە کوردستان الجنوبیە و اڵافاق المستقبلیە، الحملە علی بادینان و اوضاع اللاجنین و مدخل الی الاقتصاد السیاسی بوو، شۆڕشگێڕێکی بە دیسپلین و بیرمەندێكی پابەند بووە بە بیروباوەڕەكانی بۆ خەباتكردنی لە پێناوی كرێكاران و ڕەنجدەران.

بەرەو خەباتی چەکداری

ڕەئوف ئاکرێیی لە ساڵی ١٩٨٧ بووەتە پێشمەرگە لە ناوچەی بادینان. خەباتی چەکداریی ئاکرێیی دوور لە هەردوو حزب ‘پەدەکە و یەنەکە’ بووە و هەوڵی پاراستنی سەربەخۆیی داوە. لە دوای ڕاپەڕینیش کاری بۆ یەکخستنی هێزە مارکسی و ڕێکخراوە کرێکارییەکانی باشووری کوردستان کردووە.

لە خەباتی نەتەوەییەوە بۆ زیندانیی و تیرۆر

ڕۆژنامەنووس ڕەئوف ئاکرێیی لە ساڵی ١٩٩٢، پێشانگایەتیی خۆپیشاندانێکی بەرفراوانی هەولێری کرد دژ بە هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر شرناخ-ی باکووری کوردستان، لەو خۆپیشاندانەدا لەگەڵ ١٢ کەسی دیکە دەستگیر کرا و بۆ ماوەی شەش مانگ زیندانیی کرا، کە بەیەکەمین زیندانیانی سیاسیی دوای ڕاپەڕین هەژمار دەکرێن.

خەباتی ڕەئوف ئاکرێیی تەنیا لە باشووری کوردستاندا سنووردار نەمابوو، بەڵکو کاری بۆ کۆتاییهێنانی بە ناکۆکیی لایەنەکانی چوار پارچەی کوردستانکردووە و هەوڵی یەکگرتنیانی داوە.

ڕەئوف ئاکرێیی یەکێک لەو کەسایەتییانە بووە، کە دۆستایەتیی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد هەبووە و لەلایەن ڕێبەر ئۆجالانەوە ڕێزی زۆری لێگیراوە.

لە ساڵی ١٩٩٢ لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی چووەتە ئەکادیمیای مەعسوم قۆرقماز لە بیقاع و چاویان بە ڕێبەر ئۆجالان کەوتووە، ئامانجی سەردانەکەشیان کۆتاییهێنان بووە بە  گرژییەکانی نێوان پەکەکە و ‘یەنەکە و پەدەکە’، ئەوان پێشنیارەکانی ڕێبەر ئۆجالانیان ھێناوەتەوە بۆ بەرپرسانی ئەو دوو حزبە، بەڵام گوێیان بۆ نەگرتوون، وەک کاوە نادر هاوڕێی رەئوف ئاکرێیی باسی دەکات، کۆچکردوو نەوشیروان مستەفا پێیوتوون "ئێوە خۆتان لە ئاسنی سارد دەدەن، چونکە کورد فرۆشراوە".

شەوی ٢٦ لەسەر ٢٧ی مانگی ٥‌ی ١٩٩٣، لە گەڕەکی گرێ باسێ لە شاری دهۆک و لە بەردەم ماڵەكەیدا، ڕۆژنامەنووس و چالاكوانی سیاسی ڕەئوف كامل ئاكرێیی لەلایەن چەند چەكدارێكەوە تیرۆركرا، تا ئێستاش هیچ كەسێك بە تۆمەتی ئەو تیرۆرە دەستگیر نەكراوە.

کاوە نادر، لەسەر ئەو تیرۆرە بە ڕۆژنیوزی وتبوو ”پارتی و ماڵی بارزانی لە پشت تیرۆری ڕەئوف ئاکرێ’ـییەوەن. دڵنیاشین، کە دەستی میتی تورک لەم تیرۆرەدا هەبووە، چونکە پێیانوابوو سەرکردەیەکی پەکەکەیان تیرۆر کردووە!، لە کاتێکدا شەهید ڕەئوف تەنها هاوسۆزێکی پەکەکە بوو”.

ڕێكخراوی تێكۆشانی ڕه‌نجده‌رانی كوردستان دەستیان بە به‌دواداچوون بۆ كه‌یسه‌كه‌ كرد، به‌ڵام لەلایەن ئاسایشی پارتییەوە ڕێگرییان لێکرا و لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا چۆنیەتیی ئەو تیرۆرە و تیرۆریستە ئەنجامدەرەکانی بە نهێنی ماونەتەوە، چونکە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بە هەموو شێوەیەک رێگری لە ئەنجامدانی لێكۆڵینه‌وە لەسەر ئەو تیرۆرە دەکات و لەبەر ئەوەش تاوەکو ئێستا کەسە ئەنجامدەرەکانی ئەو کردەوە تیرۆریستییە بە روونی ئاشکرا نەبوون.

رەئوف ئاکرێیی یەکەم رۆژنامەنووسی تیرۆرکراوی دوای راپەڕین

شەهیدکردنی ڕەئوف ئاکرەیی یەکەمین تیرۆری ڕۆژنامەنووسانی باشووری کردستان بوو لەدوای ڕاپەڕین، دوای ئەویش ساڵی ٢٠٠٨ عەبدولستار تاهیر شەریف لە کەرکوک، ساڵی ٢٠١٠ سەردەشت عوسمان لە هەولێر، ساڵی ٢٠١٢ کاوە گەرمیانی لە کەلار، ساڵی ٢٠١٦یش شوکری زەینەدین و وەدات حسێن لە دهۆک تیرۆرکراون.

دوای ٢٩ ساڵ و زنجیرەیەک لە تیرۆری ڕۆژنامەنووس، هێشتا هەوڵی بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان بەردەوامە و دوایین کەیسیش دەستگیرکردن و سزادانی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی بادینانە.

لە ساڵی ڕابردووەوە زیاتر لە ٧٠ ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی بادینان  لەلایەن پەدەکەوە دەستگیر کراون، پێنج لەوانە دادگایی کراون و سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر هەر یەکێکیاندا سەپێندراوە، دوانی دیکەشیان دادگاییان کۆتایی نەهاتووە و بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوو نۆ کەسی دیکەشیان دادگایی بکرێن.

کەیسی ڕۆژنامەنووسانی بادینان لە ئاستی جیهانییدا ناڕەزایەتیی لێکەوتووەتەوە و سەرەڕای فشارە ناوخۆیی دەرەکییەکان، تا ئێستا ئازاد نەکراون.

ژ.ت