لە زانکۆی هەڵەبجە مەراسیمێک بۆ یادی کیمیابارانی شارەکە بەڕێوەچوو

لە ٣٦ هەمیندا ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا لە زانکۆی هەڵەبجە چەند چالاکییەک ئەنجامدرا.

٣٦ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کیمیابارانی هەڵەبجە بەدەستی ڕژێمی بەعس بە سەرۆکایەتی سەدام حوسەین، لە زانکۆی هەڵەبجە چەند چالاکییەکی هەمەجۆر ئەنجامدران بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان دەربارەی ڕەهەندەکانی کۆمەڵکوژییەکە.

لەو چوارچێوەیەدا دیدارێکی زانستی و پانێڵێک بەمەبەستی ناساندنی کۆمەڵکوژییەکە بەڕێوەچوو، لەگەڵ ئاشناکردنی هاوڵاتیان بە مافە یاساییەکانیان، هەروەها کورتەفیلمێک لەبارەی کۆمەڵکوژییەکە پیشاندرا.

لەم بارەیەوە بەشێک لە ئامادەبووان قسەیان بۆ ڕۆژ نیوز کرد، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە، مەهاباد کامیل ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجیان زیندوو ڕاگرتنی یادەکە و دەرخستنی ڕۆڵی زانکۆیە، گوتی: "لەم ڕووەوە دەسکەوتی باشمان بۆ شارەکە هێناوە، ئەمڕۆش بڕیاری کردنەوەی کۆلێژی پزیشکی بۆ شارەکەمان درا".

ڕاگری کۆلێژی یاسا لە زانکۆی هەڵەبجە، دکتۆر ئاوارە حوسێن، کیمیابارانەکەی بە جینۆساید ناساند و ڕاگەیاند ئەرکی حکومەتی عێراقە قەرەبووی شارەکە بکاتەوە، دووپاتی کردەوە، ئامانجمان هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیانە لەڕووی یاساییەوە دەربارەی مافەکانیان، چونکە بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکان کیمیابارانی هەڵەبجە تاوانی جینۆسایدە.