لافاو لە کوردستان هەستا و ١٠ کەس گیانیان لەدەستدا

ژمارەی ئەو کەسانەی لە ڕحا، سەمسور و مەلەتی بەهۆی لافاوەوە گیانیان لە دەستدا، گەیشتە ١٠ کەس.

لە ڕحا بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە ئاو چووە ناو ماڵان، کارگەکان و بینا و شوێنە گشتییەکان. هەروەها ڕێگاکان، پردەکان و تونێلەکان پڕبوون لە ئاو. دانیشتوانی ئەو شارانە ناڕەزایەتی و کاردانەوەیان بەرامبەر بەڕێوبەران هەبوو.

لە گەڕەکی خەلیلییەی سەر بە ڕحا، چوارڕییانی ئابیدە بە درێژایی ١٥٠ مەتر، کە دوو مانگ لەمەوبەر لەلایەن تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیاوە کرایەوە و وەک خزمەتێکی گەورە نیشاندرا، ئۆتۆمبێلێک بوو بە ژێر ئاوەوە و هەڵگەڕایەوە. خەڵک بەدەم هاواری شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلەوە ڕۆیشتن و لە لافاوەکە ڕزگاریانکرد. هەروەها ئاو چووەتە ناو نەخۆشخانەی فێرکاریی ئەیووبیه. بەو هۆیشەوە بۆ ماوەی ڕۆژێک دەوامی خوێندنگەکان لە شارەکە ڕاگیران.

لە سەمسوور و مەلەتیش بارانێکی زۆر باری و لافاو لە ناوچەکە هەستا.

بەپێی لێدوانە سەرەتاییەکان، لە ڕحا ٤ کەس، لە سەمسورکەسێک گیانی لە دەستداوە. هەروەها ڕاگەیاندراوە، لە ڕحا تەرمی ٥ کەسی تریش دۆزراوەتەوە.

لە ناوچەی وێرانشاری (دۆغانشەهیری) مەلەتی لافاو چووەتە ناو چادری لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە.

ژ.ت