لەبەردەم یادی سۆلاخدا بەڵێنی پاراستنی شەنگال درا

تاژێ، لە چوارچێوەی هەڵمەتی "دژی کۆمەڵکوژی ژنان، ببە دەنگی خۆپاراستن"،لە سەردانی "یادی سولاخ"دا شەهیدانی فەرمان (کۆمەڵکوژی)، کە زیاتر لە 80 ژن و منداڵ تێدا کوژران بە بیر هێنایەوە و بەڵێنی پاراستنی شەنگال درا.

بزووتنەوەی ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ) لە چوارچێوەی هەڵمەتی "دژی کۆمەڵکوژی ژنان، ببە دەنگی خۆپاراستن " سەردانی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی کرد و ڕایگەیاند، ئەو ژنانە لە کاتی فەرمانی (کۆمەڵکوژ) ٣ی ئابی ٢٠١٤دا کوژراون. ڕێز لە یادی سەرجەم شەهیدانی فەرمانەکەی گرت و بەڵێنی بەرگری لە ژنانی ئێزدی و شەنگالی دوبارە کردەوە.

لەو چوارچێوەیەدا تاژێ، وەک هێمای ئەو فەرمانە کە زیاتر لە ٨٠ ژن تێیدا کوژراون، سەردانی یادی سۆلاخی کرد.

هاوکات لەگەڵ تاژێ، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری شەنگال، ڕحام حەسەنیش بەشدار بوو. ئەندامی کوردیناسیۆنی تاژێ دایە نعام بەدال سەبارەت بەم سەردانە بۆ ڕۆژنامەنووسان لێدوانیاندا. دایە نعام دەڵێت: "زۆرێک لە ژنان، لەنێویاندا ژنانی دووگیان و منداڵان، لێرە بە شێوەیەکی دڕندانە کۆمەڵکوژ کران و هەموویان خراونەتە ناو چاڵێکەوە و بە شۆڤڵ سەریان داپۆشراون، لە کەسایەتی ئەو شەهیدانە سەرجەم شەهیدانی گەلەکەمان بە ڕێزدارییەوە بەبیر دێنمەوە. هەڵمەتەکە لە مانگی ئادار دەستی پێکرد و تا ئێستا بەردەوامە. ئەم هەڵمەتە گەورەتر دەکەین. ئێمە شەڕ بۆ ئەو ژنانە دەکەین کە لەلایەن داعشەوە ڕفێندراون، وازیان لێناهێنین و بەردەوام بە بیریان دەهێنینەوە."

هەروەها ئەندامی لیژنەی دیپلۆماسی تاژێ، سۆهام شەنگالی سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ سەر گۆڕە بەکۆمەڵەکەی سۆلاخ ڕایگەیاند: "داعش ٨٢ ژن و منداڵی لێرە کۆمەڵکوژ کردووە. لەنێویاندا دوو دایکی دووگیان و دایکی بەساڵاچوو و منداڵ هەیە. لە چوارچێوەی هەڵمەتی "دژی کۆمەڵکوژی ژنان، ببە دەنگی خۆپاراستن"، ڕێز لە یادی دایکە کوژراوەکانمان دەگرین. ئەم شوێنە هێمای بەرخۆدانە. ئەو ژنانەی لێرە کوژران، بەهۆی ئەوەو بوو دەستبەرداری کولتوور و بیروباوەڕی خۆیان نەبوون. ئەوان وەک هێمای بەرخۆدان دەناسین. ئێستاش لە هەموو شوێنێکی جیهان شەڕ هەیە و ژنان قوربانیانی سەرەکین. لە چوارچێوەی ئەم هەڵمەتەدا داوا لە هەموو ژنان دەکەین بەشداری ئەم هەڵمەتە بکەن،"

ڕاگەیاندنە بە دروشمی "ژن ژیان ئازادی" کۆتایی هات و بە پێشەنگایەتی چالاکوانانی تاژێ، لە شوێنی یادکردنەوەکەدا مۆمیان داگیرساند و یادی سەرجەم شەهیدانیان بەرز ڕاگرت.