له‌ سلێمانی ٧٣ نه‌مام چێنران

رۆژی له‌دایكبوونی رێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان له‌ ناوچه‌ی قه‌ره‌داغی سلێمانی به‌ چاندنی ٧٣ نه‌مام پیرۆز كرا.

به‌ بۆنه‌ی ٤ی نیسان ٧٣ هه‌مین ساڵیادی له‌دایكبوونی رێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان به‌ پێشه‌نگایه‌تی ره‌ژاك و ته‌ڤگه‌ری ئازادی له‌ گوندی قازانقایه‌ له‌ ناوچه‌ی قه‌ره‌داغ چالاكیه‌ك ئه‌نجامدرا.

له‌ گونده‌كه‌ بۆ هه‌ر ساڵێكی ته‌مه‌نی عه‌بدوڵا ئۆجالان نه‌مامێك چێنرا. له‌ چالاكیه‌كه‌دا له‌سه‌ر ناوی به‌شداربووان ئه‌ندامی ره‌ژاك سارا ره‌زا قسه‌ی كرد و وتی، "كات كاتی ئازادی سه‌رۆك ئاپۆیه‌، له‌دایكبوونی رێبه‌ر ئاپۆ له‌دایكبوونی گیانی به‌رخودانه‌. ٧٣ به‌سه‌ر ته‌مه‌نی رێبه‌ر ئاپۆ تێپه‌ڕی. گه‌لی كورد ئه‌و رۆژه‌ وه‌ك نوێبوونه‌وه‌ی سروشت پێناسه‌ ده‌كات".

له‌ درێژه‌دا سارا ره‌زا وتی، "ئه‌و رۆژه‌ له‌لای ژنان واتایه‌كی جیاوازی هه‌یه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژنانی كورد له‌ سایه‌ی هزری ئۆجالانه‌وه‌ بوونه‌ خاوه‌نی هێز. ساڵانه‌ چالاكییه‌كانی ئه‌و رۆژه‌ به‌ پێشه‌نگایه‌تی ژنان ده‌كرێت".

حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانیش داوای ئازادی عه‌بدوڵا ئۆجالانی كرد

حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانیش له‌ باره‌ی كه‌مپینی ئازادی بۆ رێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان راگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه‌، "ئێمه‌ وه‌ك حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان پشتیوانی هه‌موو هه‌وڵه‌كان بۆ ئازادی رێبه‌ر عه‌بدوڵا ئۆجالان و هه‌موو زیندانیانی سیاسی ده‌كه‌ین. چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، له‌ هیچ شوێنێكی جیهان به‌ گرتن، شه‌ڕ و كاولكاری كۆتایی نایات. ئێمه‌ ده‌ڵێین كه‌ رێگه‌ی چاره‌سه‌ری بۆ پرسی كورد له‌ توركیا، گفتوگۆیه‌".

حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان له‌ درێژه‌دا رایگه‌یاندووه‌، كه‌ كلیلی چاره‌سه‌ری، پرۆژه‌ی ئاشتی عه‌بدوڵا ئۆجالانه‌ و رایگه‌یاند، "ئازادی به‌ڕێز ئۆجالان، له‌هه‌مان كاتدا داواكاری گه‌لی كورد له‌ باكوری كوردستانه‌. ئازادی ئۆجالان به‌ واتای كۆتاییهاتنه‌ به‌ شه‌ڕ له‌ توركیا و ناوچه‌كه‌".

هـ . ب