لەسەر سنووری قامیشلۆ ئیشکگریی بەردەوامە: سڵاو لە بەرخۆدان ڕۆژئاوا دەکەین

چالاکیی ئیشکگریی لەسەر سنووری قامیشلۆ لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ڕۆژی ٧ـەمینی دایە. لە چالاکییەکەدا سڵاو لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوا کرا و داوای یەکێتی بەرزکرایەوە.

ئیشکگریی لەسەر سنووری قامیشلۆ و نسێبین لە دژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی SMO بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ڕۆژی ٧ـەمدا بەردەوامە. سەر لە بەیانی  بەسەدان هاوڵاتی بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشە داگیرکارییەکان و قبوڵکردنی پێگەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هاتنە مەیدانەکە و دروشمی "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا"یان بەرزکردەوە. لە گۆڕەپانەکەدا گەل دروشمیان بەرزکردەوە و ئاوازی بەرخۆدانیان وتەوە. هەروەها بەدەیان هونەرمەند لە شارەکانی مێردین، ئامەد، ئیلح، وان و دەوروبەری بەبەشداریان لە چالاکییەکەدا پاڵپشتی خۆیان نیشاندا.

شاندی چەولیگ و خارپێت بە پانکارتی"بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا" و "نا بۆ شەڕ" چوونە گۆڕەپانەکە.

هاوسەرۆکی دەم پارتی، چەولیگ حسێن یۆلداش، لە چالاکییەکەدا ڕایگەیاند، ئامانجی سەرەکی هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژئاوا لەناوبردنی دەستکەوتەکانی گەلی کوردە و وتی: "ئێمە بەساڵانە دژی فاشیزم تێکۆشان دەکەین. ئەوان دەیانەوێت دەستکەوتەکانی گەلی کورد لەناوببەن. ئێمە لە سەردەمی شێخ سەعیدەوە شەڕ دەکەین و لە سەید ڕەزاوە بەرخۆدان دەکەین، لێرەوە دیسان بانگ دەکەین و دەڵێین، وەرن دەستی ئاشتی بگرن. هەروەها داوا لەگەلی باشووری کوردستانیش دەکەین و داوا لە خۆشک وبرای خۆمان دەکەین وەرن پێکەوە ئەم دەستکەوتانە بپارێزن."

عەلی یڵدرم، هاوسەرۆکی دەم پارتی خارپێتیش، ڕایگەیاند؛ ئەوان بۆ ئاشتی کۆبوونەتەوە و دەیانەوێت داهاتووی ئەم خاکە مێژووییەمان بە ئاشتی بنیات بنێین."

هەروەها بەناوی هونەرمەندانەوە، جەسیم باشبوگ رایگەیاند؛ چی دەبێت با ببێت، ئێمە دژی ئەو کەسانە دەوەستینەوە کە هێرش دەکەنە سەر زمان و کولتوورمان. وەرن با خاوەنداری لە گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا بکەین."

پەرلەمانتاری مێردین بێریتان گونەش ئاڵتین ڕایگەیاند؛ "هەتا ستاتۆی ڕۆژئاوامان مسۆگەر دەبێت، ئێمە لێرە دەبین، لەسەر سنوور. دەسەڵاتداران دەڵێن هیچ کێشەیەکیان لە گەڵ کوردان نییە. ئەگەر وایە بۆچی ‌هێرشی کوردان دەکەن و ناتانەوێت کورد پێگەیەکی هەبێت و ژیانێکی نوێ بنیات بنێت؟ لەبەر ئەوەی بەرێز ئۆجالان دەڵێت لێرە ڕاستییەک هەیە، باسی ڕاستی ئەم خاکە دەکات، گۆشەگیر دەکرێت."