لەژێر ناونیشانی(کەرکوک و لۆزان لەماوەی سەد ساڵدا) کۆڕێک ڕێکخرا
د.دڵشاد عومەر نووسەر و شارەزای مێژوو: "بەرژەوەندییە نەوتییەکانی کەرکوک کاریگەری هەبوو لەسەر یەکلاکردنەوەی پەیماننامەی لۆزان و دابەش کردنی کوردستان".
د.دڵشاد عومەر نووسەر و شارەزای مێژوو: "بەرژەوەندییە نەوتییەکانی کەرکوک کاریگەری هەبوو لەسەر یەکلاکردنەوەی پەیماننامەی لۆزان و دابەش کردنی کوردستان".
ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، لە ساڵۆنی شەقامی جمهوری لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بەبۆنەی سەدساڵ تێپەربوون بەسەر پەیماننامەی لۆزاندا، لەژێر ناونیشانی(کەرکوک و لۆزان لەماوەی سەد ساڵدا) کۆڕێک بۆ پرۆفیسۆر د. دڵشاد عومەر شوانی ڕێکخرا، لە کۆڕەکەدا ژماریەکی بەرچاو لە کەسایەتیی رۆشنبیر، رۆژنامەوانان و چالاکوانان ئامادەبوون.
جێگای باسە، پرۆفیسۆر د. دڵشاد عومەر شوانی، نووسەر و توێژەری مێژووییە و بەشداری لە دەیان کۆنفرانسی جیهانی کردووە و دەیان توێژینەوەی لە گۆڤارە نێودەوڵەتی و عەرەبییەکان و ناخوییەکان بڵاوکراوەتەوە دەربارەی میژووی ئابوری و کۆمەڵایەتی شاری کەرکوک، ناوبراو خاوەنی چەندین کتێبە لەوانەش کتێبی (نەوتی کەرکوک و ململانیەی زلهێزەکان)ە.
پێش شەری جیهانی پلان بۆ ولایەتی موسڵ دارێژرابوو
سەبارەت بە بەرژەوندی زلهێزەکان لە پەیماننامەی لۆزان، د. دلشاد عومەر نووسەر و شارەزای مێژوویی ووتی: "کۆنفرانسی لۆزان پلانی دەوڵەتانی کۆلۆنزمبوو بۆ ئەم ناوچەیە، زلهێزەکانی جیهان پێش شەری جیهانی یەکەم پلانی دابەش کردن و دەستگرتن بەسەر نەوتی ولایەتی موسڵیان دارشتبوو، پێش گەیشتن بە پەیماننامەی سیڤەر پلانی دابەشکردن داڕێژاربوو، پەیماننامەی سیڤەر لە ٣١٥ خاڵ پێکهاتبوو کە خاڵی ٣١٠ بۆ ٣١٥ باسی بەرژەوەندی نەوت دەکات، وە دوای سەرکەوتنی زلهێزەکان دەستکەوتەکانی دەوڵەتی عوسمانیان دابەشکرد و هەشت ڕێککەوتننامەیان بەستاو بۆ چۆنیەتی دابەشکردنی نەوتی ئەم ناوچەیە".
چۆن لە سیڤەر پاراستیان لە لۆزانیش هەمان هەوڵیاندا
دەربارەی خاڵە سەرەکییەکانی پەیماننامەی لۆزان، د. دڵشاد عومەر ڕایگەیاند: "لە لۆزان باسی کورد و دەوڵەتی کوردی نەکراوە، باس لەدوو خاڵی سەرەکی دەکات کە یەکەم کێشەی ووڵایەتئ موسڵە کە خاکی باشوری کوردستانە کە بەریتانیا هەوڵی بەستنەوە بە عێراقەوە دەدات کە خاکی باشوری کوردستانە، کە لەلایەکی دیکەوە تورکەکان دیانەوێت ئەو ناوچەیە بۆخۆیان بپارێزن، دووەم پاراستنی بەرژەوەندییە ناوتییەکانیانە لە کەرکوک کە چۆن لە سیڤەر پاراستیان لە لۆزانیش هەمان هەوڵیاندا، ئەمەش بە ڕێککەوتنی ژێربەژێر، ٤٠ ووڵات بەشداریان کردووە لە پەیماننامەی لۆزان وە لایەنی تورکی بەریانیش لایەنی سەرەکی ململانیەکە بووە کە گەیشتۆتە سەر بابەتی موسڵ".
سەد ساڵ تێپەڕی لەسەر فەرامۆش کردنی نەتەوەی کورد
ناوبراو تیشکی خستەسەر فەرامۆش کردنی کورد لە پەیماننامەی لۆزان و ووتی: "بەرژەوەندییە نەوتییەکانی کەرکوک کاریگەری هەبووە لەسەر یەکلاکردنەوەی پەیماننامەی لۆزان و دابەش کردنی کوردستان و لکاندنی ولایەتی موسڵ بوو بە عێراقەوە، و پارچەکانی دیکەش بەسەر داگیرکەرانی کوردستانەوە، کە ئەنجامی ئەم واقعەی ئیستا لێکەوەتەوە کە کوردستان دابەش بوو و سەد ساڵ تێپەڕی لەسەر فەرامۆش کردنی نەتەوەی کورد، وە لە ڕاگەیاندنێکی ئاشکرادا لە ساڵی ١٩١٦هەریەکە لە فەرەنسا و بەریتانیا ڕایدەگەینن کە دەوڵەتی عوسمانیان ڕووخان وە مافی هەموو گەلانی ژیردەستی عوسمانی دەبەخشین لەو نەتەوانەش تەنها ماف نەدرایە کورد".
کەرکوک بۆتە خاڵی چاولەسەری زلهێزەکان
هەروەها دکتۆر دڵشاد باسی گرنگی کەرکوکی کرد لە ڕێککەوتنامەی نێوان ووڵاتانی زلهێز و ئاماژەی بەوەکرد: "کەرکوک شارێکی گرنگی باشوری کوردستان بووە، پێش دابەشکردنی کوردستان و دامەزراندنی تورکیای کەماڵی و عێراق، کەرکوک بۆتە خاڵی چاولەسەری زلهێزەکان، پێش دابەشکردنی کوردستان کەرکوک خاڵی دەستبەسەرداگرتنی زلهێزەکان کەرکوک بووە، بەرژەوەندییە نەوتییەکانی کەرکوک کاریگەری هەبوو لەسەر یەکلاکردنەوەی پەیماننامەی لۆزان و دابەش کردنی کوردستان، دوای یەکلاکردنەوەی وولایەتئ موسڵ بۆتە خاڵی چاوبڕینی ووڵاتە هەرێمییەکانیش".
هەر پرسێک بەسەر شاری کەرکوک بێت وولاتانی زلهێز و هەرێمی دێنە سەرخەت
هەروەها ناوبراو تیشکی خستەسەر گرنگی شاری کەرکوک بۆ ووڵاتانی زلهێز و هەرێمییەکان و ڕایگەیاند: "بۆ سەلماندنی گرنگی شاری کەرکوک بۆ ووڵاتانی زلهێز و هەرێمیش ئەوەیە کە هەر پرسێک بەسەر شاری کەرکوک بێت تەواو دەوڵەتانی زلهێز و هەرێمییەکان دێنە سەرخەت و پێکهاتە ناوخۆییەکانیش دژی کورد دێنەسەر خەت"
بەرژەوەندی زلهێزەکان و ووڵاتانی هەرێمی وا پێویست دەکات لۆزان بەم شێوەیە بمێنێتەوە
هەروەها ئەو شارەزای مێژووییە باسی لە کاریگەری تیپەربوونی سەد ساڵی بەسەر پەیماننامەکە کرد و ووتی: "زۆرجار دەوڵەتی تورکیا دەلێت دوای تێپەڕبوونی سەد ساڵ بەسەر لۆزاندا پەیماننامەکە کۆتایی دێت، بەڵام ئەمە ڕاست نیە لە هیچ برگەیەکی پەیماننامەی لۆزان باسی تەواوبوونی نەکردووە سەد ساڵ تەنها سەدەیەکە و تێپەڕبووە بەسەر ئەو پەیماننامەیە، لەبەرئەوەی بەرژەوەندی نێودەوڵەتی زلهێزەکان و ووڵاتانی هەرێمی وا پێویست دەکات ئەنجامەکانی لۆزان بەم شێوەیە بمنێتەوە ئەوە پەیماننامەکە دەمێنێتەوە".
ولایەتی موسڵ یەکلایی کراوەتەوە و تورکیاش ڕازی بووە
لە کۆتایدا د. دڵشاد عومەر شوانی، سەبارەت بە داواکردنی ولایەتی موسڵ لەلایەن تورکیاوە، ئاشکرای کرد: "کاتێک لە ساڵی ١٩٢٥ (کۆمەڵەی گەلان) بابەتی ولایەتی موسڵ یەکلادەکەنەوە، تورکیا دژی ئەو بڕیارە دەوەستێتەوە پاشان لە ساڵی ١٩٢٦ هەریەکە لە بەریتانیا و عێراق و تورکیا ڕێکدەکەون لەسەر وەرگرتنی ١٠٪ی بەرهەمی نەوتی عێراق بەرامبەر ولایەتی موسڵ، پاشان لە ساڵی ١٩٣٦ بە بڕی ٤٠٠هەزار جونەیەی ئستەرلینی تورکیا کۆتایی بە ڕێکەوتنەکە هێنا".
هـ . ب