ماسکەکانی گاز چی دەڵێن..

هەپەگە ڕایگەیاند، هێرشی چەکی کیمیاییان دەکرێتەسەر و دەوڵەتی تورکیش هێرشی کیمیایی ڕەتدەکاتەوە، بەڵام دەوڵەتی تورک دیمەنی ماسکی گاز و ئۆکسیجن و لولەی هەناسەدانی بڵاوکردەوە، کە دەستیان بەسەردا گرتوە. ئەم دیمەن و وێنانە چیمان پێدەڵێن؟

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هەم یاساکانی خۆی و هەم هەموو ڕێککەوتننامە نێونەتەوەیەکان پێشێل دەکات و هەم هەموو دەرفەتەکانی بەردەستی خۆی لە دژی گەریلاکان بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەی ئەنجامێک بەدەست بهێنێت.

بە نزیکەیی هەموو رۆژێک دەوڵەتی تورک تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات، بەڵام  ڕێکخراوە نێونەتەوەیەکان بێدەنگن و بە بێدەنگییان هاوکاریی ئەو تاوانانە دەکەن، کە دەوڵەتی تورک ئەنجامیان دەدات.

بەپێی راگەیەندنی هەپەگە، لە ماوەی ٦ مانگدا، واتە لە ١٤ی نیسانەوە تا ١٤ی تشرینی یەکەم، هەزاران جار چەکی قەدەغەکراو لە دژی هێزەکانیان بەکارهێنراوە.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هەپەگە (هەپەگە- بیم) ڕایگەیاند، "تونێل و سەنگەرەکانی شەڕی هێزەکانمان ٢٤٧٦ جار بە بۆمبی قەدەغەکراو، کە لە ئاستی نێونەتەوەیدا قەدەغەکراون، واتە بە (بۆمبی فسفۆر، بۆمبی تێرمۆباریک، بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی) و چەکی کیمیایی بۆردومان کراون".

تا ئێستاش چەندین ڤیدیۆ و وێنە و بەڵگە سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە دژی هێزەکانی گەریلا بڵاو کراونەتەوە.

سەرەڕای هەموو ئەمانە بەرپرسانی دەوڵەتی تورک ئەو هێرشە کیمیاییانەیان ڕەتدەکەنەوە و لە لێداوانەکانیان دا وتیان، ئەو هێرشە کیمیاییانە "تۆمەت و نادروست"، "بێ بنەما" و "ناڕاست"ن.

لەلایەکی ترەوە وەزارەتی بەرگریی تورک بۆ پەسەندانی سوپا داگیرکەرەکەی وێنە و دیمەنی ئەو کەلوپەلانەی بڵاوکردەوە، کە دەستیان بە سەردا گرتوە، لە نێو ئەو کەلوپەلانەدا، ماسکی گاز، ئۆکسیجن و بۆری هەناسەدان هەیە. بە واتایەکی تر دەستیان بەسەر ئەو کەلوپەلانەدا گرتووە، کە گەریلاکان بۆ خۆپاراستن بەرامبەر هێرشی کیمیایی و گازە کیمیاییەکان بەکاریان دەهێنن.

هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) وەک سوپای تورک دەستیان بەسەر چەندین ماسکی گازدا گرت، کە دەگوێزرانەوە بۆ بۆ هێزەکانی گەریلا و ئەوانیش هەر وەک سوپای تورکی داگیرکەر بۆ پەسەندانی خزمەتکردنیان بە سوپای تورک و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، دیمەن و ڤیدیۆی ئەو ماسکانەیان بڵاوکردەوە، کە دەستیان بەسەردا گرتبوون. لە ڕاگەیاندنەکانیانەوە شانازییان بەوە دەکرد، کە دەستیان بەسەر ماسکی گەریلا دا گرتووە.

ژ.ت