ماوەی ٢٠٠ رۆژە رۆژنامەوان سلێمان ئەحمەد بێسەروشوێنکراوە

ئاسایشی پەدەکە ٢٠٠ رۆژ پێش ئێستا رۆژنامەوان سلێمان ئەحمەدی رفاند و بێسەروشوێنکرد. لەو کاتەوە تائێستا زانیاری لەبارەی سلێمان ئەحمەد بەردەست نییە.

رۆژنامەوان و هەواڵسازی بەشی عەرەبی رۆژنیوز سلێمان ئەحمەد لە ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بۆ بینینی بنەماڵەکەی لە گەڕەکی شێخ مەقسودی حەڵەب سەردانی ئەو شارەی کرد. سلێمان لە ٢٥ی تشرینی یەکەمدا ویستی لە رێگەی دەروازەی سنووری پێش خابور (سێمالکا) بگەڕێتەوە بۆ هەرێمی باشووری کوردستان. بەڵام هێزەکانی پەدەکە رفاندیان و ماوەی ٢٠٠ رۆژە هیچ هەواڵێک لەبارەیەوە بەردەست نییە.

سلێمان ئەحمەد لە ناوچەی جندرێسی عەفرین لەدایکبووە و لەوێ گەورەبووە. سلێمان ئەحمەد کە لە ساڵی ١٩٩٢ لەدایکبووە، لە ناو ٩ خوشک و برادا بچوکترینیانە. سلێمان بەشی کشتوکاڵی زانکۆی ئەلبەعسی حومسی تەواو کرد، لەگەڵ دەستپێکردنی ئاڵۆزیەکانی سوریا گەڕایەوە بۆ عەفرینی زێدی خۆی. رۆژنامەوان سلێمان ئەحمەد کە لە ساڵی ٢٠١٢ەوە لەناو خەباتی راگەیاندنی ئازاددایە، هاوشێوەی ناو بنەماڵەکەی لە ناو راگەیاندنی ئازادیشدا بە رەنجدەری و لەخۆبوردەیی خۆیەوە دەناسرا. سلێمان ئەحمەد لە نزیکەوە شایەتی بەرخودانی گەل لە دژی هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورک بوو کە لە ٢٠ کانونی دووەمی ٢٠١٨ لە دژی خاکی دەستیپێکرد. لەلایەکەوە خاوەن بڕیاربوو کە لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک خۆڕاگری بکات و ئەو بەرخودانی سات بە سات بۆ جیهان بگوازێتەوە. سلێمان لە گۆڕەپانی بەرخودانی بۆ ساتێکیش لە گواستنەوەی دیمەنەکان نەوەستا. هەموو کات بە دوای راستیەوە بوو و بووە دەنگی گەلی عەفرین. سلێمان ئەحمەد کە بە بێ ترس بەدواداچوونی بۆ کۆمەڵکوژیەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەکرد، دڕندایەتی ئەو داگیرکەرانەی ئاشکرا کرد. لەلایەکەوە هێرشەکانی دەووڵەتی تورک و لەلایەکی دیکەوە راستی گەلانی تێکۆشەری بۆ راگەیاندن گواستەوە. هاواری گەلەکەی دەگەیاندە جیهان و ئازاری گەلەکەی تا سەر ئێسک هەست پێدەکرد.

ئەو خاکەی تیایدا لەدایکبوو و گەورەبوو، داگیردەکرا؛ سەرباری ئەوەی گەل و بنەماڵەکەی رووبەڕووی کۆمەڵکوژی ببوونەوە، بێ دوودڵی لە دژی دەوڵەتی تورک خۆڕاگری کرد. شایەتی بەرخودانی ٥٨ رۆژەی عەفرین بوو و تا کۆتا سات وەک رۆژنامەوانێک دەستبەرداری گەلەکەی نەبوو. ئەو ئێستا خۆڕاگرێکی قارەمانە کە لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەووڵەتی تورک خۆڕاگری دەکات و پەیامنێری جەنگە و گەرمترین ساتەکانی شەڕ دەگوازێتەوە. کوردێکی عەفرینیە کە ئەو خاکەی تیایدا لەدایکبووە و لەوێ گەورەبووە تاڵان دەکرێت، کۆچبەرێک بوو کە بە زۆرەملێ لە شوێنی خۆی دەرکرابوو و رۆژنامەوانێکە کە بەرخودانی گەلی کوردی بە جیهان گەیاندووە. سلێمان ئەحمەد کە بە دوای راستیەوە بوو، دوای ٥٨ رۆژ ناچار بوو کە لەگەڵ خەڵکی عەفرین کۆچبەر بن. رۆژنامەوان سلێمان ئەحمەد کە ماڵ، دار زەیتون و زەویەکانیان داگیرکران، سات بە سات ستەم، تاڵان و کاولکاری لەعفرینی رووماڵ کرد.

سلێمان ئەحمەد ٥ ساڵ هەواڵسازی بەشی عەرەبی رۆژنیوز بوو، لە ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دا بەسەردان چووبووەوە بۆ لای بنەماڵەکەی لە حەڵەب. لە ٢٥ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ کاتێک لە رۆژئاواوە دەگەڕایەوە بۆ باشووری کوردستان لە دەروازی سنووری پێشخابور لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە رفێندرا.

پەدەکە دانی بە رفاندنەکەیدا

دوای تێپەڕبوونی شەش رۆژ بە سەر بێسەروشوینبوونی سلێمان ئەحمەد، ئاسایشی پەدەکە لە دهۆک راگەیەندراوێکی پڕ لە بانگەشە و تۆمەتی بێ بنەما و دوور لە راستی بڵاوکردەوە و بانگەشەی ئەوەی کرد کە سلێمانی ئەحمەد پەیوەندی بە کاری رۆژنامەوانیەوە نییە. لە راگەیەندراوەکەدا دانی بەوەدا نا کە سلێمان ئەحمەدیان رفاندووە و هەڕەشەی سزادانی کرد.

کار بە یاسا ناکەن

دوای ئەوەی زانیاری ئەوە بەدەستهێنرا کە سلێمان ئەحمەد گواستراوەتەوە بۆ دهۆک، پارێزەرانی سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتیی دهۆکیان کرد. سەرباری ئەوەی، کە بە شێوەی نافەرمی قەبوڵکرابوو کە سلێمان ئەحمەد لە دەست ئەواندایە، رێگە بە پارێزەران نەدرا چاویان پێی بکەوێت. لەسەر ئەوەس دادگای دهۆک بڕیاریدا کە دەبێت پاڕێزەران چاویان بە سلێمان ئەحمەد بکەوێت. ئەم بڕیارەش بە فەرمی سەلماندی کە سلێمان ئەحمەد لە زینداندایە. پاڕێزەران بەو بڕیارەی دادگاوە کە وەریان گرتبوو سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتیی دهۆکیان کرد، بەڵام رێگەیان پێنەدان چاویان بە سلێمان ئەحمەد بکەوێت. پارێزەران زانیاریان بە دەستهێنا کە سلێمان ئەحمەد لە یەکێک لە زیندانە نافەرمیەکانی هەوآڵگری پەدەکە (پاراستن)دا زیندانی کراوە.

پارێزەران دوایین جار لە ٢٩ی نیسان بە مەبەستی دیدار لەگەڵ موەکیلەکەیان چوونە زیندانی ئاسایشی گشتیی دهۆک، بەڵام رێگرییان لێکرا. تیمی پارێزەران تائێستا ١٠ سەردانیان بە مەبەستی ئەنجامدانی دیدار ئەنجامداوە، بەڵام هیج وەڵامێکیان پێنەدراوەتەوە.

داواکرا دەستبەجێ ئازاد بکرێت

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە ٢٩ی کانونی دووەمدا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە وتیایدا رایگەیاند کە دەبێت دەستبەجێ سلێمان ئەحمەد ئازاد بکرێت و لە راگەیەندراوەکەدا هاتبوو؛ "سلێمان ئەحمەد هاوڵاتی ئێمەیە، بە بێ هۆ زیندانی کراوە. ئێمە رایدەگەیەنین کە شێوازی لەم جۆرە پێچەوانە و لە دژی هەموو بەها ئەخلاقی و یاساییەکانن و بە توندی ئەو کردەوانە شەرمەزار دەکەین. مامەڵەی نەڕێنی پەدەکە دۆخەکە دژوارتر دەکات. داوا لە حکومەتەکەی پەدەکە دەکەین کە لە بارەی دۆخی سلێمان ئەحمەدەوە بنەماڵەکەی ئاگادار بکاتەوە و دەستبەجێ ئازادی بکات. داوا لە هەموو دەزگاکانی راگەیاندن و ناوەندە یاساییەکان دەکەین کە ئەرکی خۆیان بە جێبگەیەنن و چارەنووسی ئەو رۆژنامەنووسەی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ئاشکرا بکەن، کە بە بێ هۆ زیندانی کراوە".

بەرپرسیارێتی ژیان و سەلامەتی ئەو رۆژنامەنووسە لە ئەستۆی پەدەکەدایە

ئاژانسی رۆژنیوزیش لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردبوو، "ئێمە بانگەشە بێ بنەماکانی ئاسایشی پەدەکە لە دهۆک رەتدەکەینەوە، کە هەوڵ دەدات رەوایەتی بە رفاندنی سلێمان ئەحمەد بدات و ئێمە ئەو تۆمەتانە رەتدەکەینەوە. دەزانین کە پەدەکە چۆن لە راگەیاندنی ئازاد ورۆژنامەوانانی ئازاد دەترسێت. پەدەکە دەیەوێت لەم دۆخەشدا وەک دۆسیەی زیندانیانی بادینان رای گشتی بخەڵەتێنێت و سزای قورسی زیندان بە سەر رۆژنامەوان سلێمان ئەحمەددا بسەپێنێت. دەبێت پەدەکە دەستبەجێ لەبارەی چارەنووسی سلێمان ئەحمەدەوە راگەیەندراو بدات و دەستبەجێ هاوڕێ و هاوپیشەمان ئازاد بکات. بەرپرسیارێتی ژیان و سەلامەتی سلێمان ئەحمەد دەخەینە ئەستۆی پەدەکە".

بەسەرکردنەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان

رۆژنیوز لە ٢٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣ سەبارەت بە رفاندنی سلێمان ئەحمەد سەردانی نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتووەکانی کرد. لە داواکارییەکەدا هاتووە کە پەیامنێری رۆژنیوز وەدات حسێن کە لەلایەن پەدەکەوە رفێندرابوو، بەر لە ٧ ساڵ بە ئەشکەنجە کوژرا. سەرباری ئەوەی ٧ ساڵ بەسەر کوشتن و تیرۆرکردنی رۆژنامەوان وەدات حسێندا تێپەڕبووە، بکوژەکان دەستگیر و راپێچی بەردەم دادگا نەکراون.

١٢ی نیسان کۆمیتەی بەرگریی لە رۆژنامەوانان (سی پی جەی) و کۆمیتەی مینا لە بارەی چارەنووسی سلێمان ئەحمەد کە لەلایەن پەدەکەوە رفێندراوە، کۆمیتەی بێسەروشوێنکراوانی نەتەوەیەکگرتووەکانیان بەسەرکردەوە.

خەڵاتی رەنجیان پێبەخشی

کۆمەڵەی راگەیاندنی ئازاد (یەرەئا) لە چوارچێوەی خەڵاتەکانی شەهید مەزڵوم باگۆک بۆ زەحمەتکێشانی رۆژنامەوانی کە ساڵانە دابەش دەکرێت، خيڵات رەنج و زەحمەتکێشانی پێشکەش بە سلێمان ئەحمەد کرد کە ماوەی ٢٠٠ رۆژە لەلایەن پەدەکەوە رفێندراوە. خەڵاتی رەنجی ئەمساڵ بە بۆنەی ١٢٦ەمین ساڵیادی رۆژنامەگەری کورد لە شاری قامیشلۆی رۆژئاوا بە ئاهەنگێک دابەشکرا و خەڵاتەکە گەیەندرایە بنەماڵەی سلێمان ئەحمەد لە گەڕەکی شێخ مەقسودی حەڵەب.

هـ . ب