مەراسیمی چلەی سێ گیانبەختکردووی سەرهەڵدانی ژن ژیان ئازادی بەڕێوەچوو

وێڕای بەردەوامی سەرکوت و گوشارەکانی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر چالاکوانان و هاووڵاتیان، چالاکییەکانی سەرهەڵدانی ژن ژیان ئازادی بەردەوامن و لە شارەکانی بۆکان و مەهاباد چلەی سێ گیانبەختکردووی سەرهەڵدانەکە بەڕێوەچوون.

رۆژی چوارشەممە لە شاری بۆکان مەراسیمی چلەی شەهریار محەمەدی بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوڵاتیان بەڕێوەچوو.

لە مەراسیمەکە کۆترێکی سپی وەک هێمایەک بۆ ئازادی فڕێنرا.

هەر لە شاری بۆکان و لە گۆڕستانی گوندی کۆستە مەراسیمی چلەی میلاد مەعروفی بەڕێوەچوو. لە مەراسیمەکەدا دایکی میلاد وتی، "کوڕەکەم شەهیدی رێگای ئازادییە، شەهیدی کوردستانە و شانازی پێوەدەکەم".

لە شاری مەهابادیش مەراسیمی چلەی مێهران رەحمانی لە گوندی قالوزندان بە بەشداری ژنان و گەنجان بەرێوەچوو. لە مەراسیمەکەدا چەندین دروشم و سرودی شۆڕشگێڕی وترانەوە.

هاوکات لە درێژەی گوشارەکانی دەوڵەتی ئێران بۆ سەر چالاوانانی سیاسی و مەدەنی ژمارەیەک هاوڵاتی دیکە لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکران.

رۆژی سێ شەممە ژنیک بە ناوی سەحەر فەتحی کە شوێنکەتووی ئایینی یارسانە لە کرماشان دەستگیرکرا و گواترایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

رۆژی یەکشەممەش کەسێک بە ناوی موحسین سادقی خەڵکی گواوەری سەر بە گیڵانی کرماشان لە لایەن هزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا.

لەلایەکی دیکەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی مەهسا قوربانی تەمەن ١٩ ساڵ خەڵکی سنە، بەردەست نییە، کە هەفتەی رابردوو لە تاران دەستگیرکرابوو.

هەر لە رۆژانی رابردوودا لە ئەنجامی تەقە و دەستڕێژی گولـلەی هێزەکانی دەوڵەت سێ کەس لە شارە جیاجیاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی هەواڵێکی تۆڕی مافەکانی مرۆۆڤی کوردستان لە خاڵێکی پشکنین لە گوندی سەرقەڵای کامیاران هێزەکانی دەوڵەتی ئێران تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیەک بە ناوی فەرشاد ئیبراهیمی کردووە و بەهۆیەوە ئەو هاوڵاتیە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.

بە گوێرەی ئەو هەواڵە تەرمی فەرشاد ئیبراهیمی تەمەن ٤٠ ساڵ گواستراوەتەوە بۆ پزیشکی دادوەری کرماشان و دوای توێکاری رۆژی دووشەممە رادەستی بنەماڵەکەی کرابووەوە.

لەلایەکی دیکەوە بە گوێرەی چالاکوانانی مافی مرۆڤی ئێران لە ئەنجامی تەقەکردنی هێزەکانی پۆلیس لە ناوچەی دەشتابی ئورداقی قەزوێن مێرمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی مێهرداد مەلەک گیانی لەدەستداوە.

لە سەر رێگەی لامەرد-بەستەکی رۆژئاوای پارێزگای هورموزگانیش هێزەکانی دەوڵەت لە خاڵێکی پشکنین تەقەیان لە ئۆتۆمبێلک کردووە و بەهۆیەوە کچیکی تەمەن ١٢ ساڵ کوژرا.

هـ . ب