ئەگەر بۆ میژوو بگەڕێینەوە، سەردەمی ئێمپراتووری ماد وەکوو سەردەمی زێڕینی کوردایەتی ناوی لێ دەبرێت و وەکوو میراتێک کە هەر کوردێک شانازی پێ دەکات ناسراوە، بەڵام لە دوای ڕووخانی ئێمپراتووریای ماد تا ئێستا گەلی کورد نەیتوانیوە سەردەمێکی پڕ لە شانازی بۆ خۆی بخۆلقێنێ، کە وایە عەقلی کورد لێرا دەبێ لە خۆی پرسیارکات هۆی ئەم هەموو شکستە یەک لە دوای یەکەکانە چین؟!
لەسەردەمی مودێرنیتەی کاپیتالیستیشدا کورد لە جاران زیاتر پارچە پارچە کراو وڵاتی لەلایەن داگیرکەرانەوە وەک کۆلۆنیەک بۆ بەرژەوەندی ئەوان بەکار هێنرا و سەروەت و سامانی کوردستان تاڵان کرا، بەڵام بەداخەوە کورد لە جاران باشتر باوەشی کردەوە بۆ مودرنیتەی کاپیتالیستی و لە ئاکامدا خۆی بە دەستی خۆی گەلەکەیشی لە چوارچێوەی حیزبایەتی بە سەدان پارچە کرد و ئیتر هێما پیرۆزەکان لای کورد بوون بە هێما حیزبیەکان و بەرژەوەندی حیزبیش کەوتە پێش بەرژەوەندی گەل و نیشتمان و هەر ڕۆژ بە هەزاران جار نیشتمان دەفرۆشرا لە پێناو مانەوەی حیزب و سەرۆک حیزب هەر وەک عەشیرەت و سەرۆک عەشیرەت!!
ئێستا نزیک بە سەد ساڵە کە گەلی کورد لە چوارچێوەی پارادایمی مودرنیتەی کاپیتالیستی و حیزبایەتیەک کە ئەنجامی ئەو پارادایمەسە خەریکی خەبات کردنە و لووتکەی ئەم خەباتە حکومەتی باشوری کوردستانە کە ڕۆژانە دەبینین چۆن گەل لەویا لە لایەن حیزبی بنەماڵەوە دەچەوسێنرێتەوە، بەڵام ئەگەر ڕوو ڕاست بین لەگەڵ خۆمان دەزانیین کە شکستمان خواردووە!!.
لەسەر ئەم ئەساسە و دژ بەم جۆرە لە کوردایەتی، ئاپۆ وەکوو بیرمەندێکی مەزن و گەورە کە ژیانی خۆی بۆ چارەسەری کێشەی گەلەکەی تەرخان کرد، توانی پارادایمێک بە ناوی مودرنیتەی دیموکراتیک بخۆلقێنێ کە ڕێگای چارسەری نە تەنیا گەلی کورد بەڵکە هەموو گەلانی جیهان لە چوارچێوەی برایەتی گەلان و مودێلی کونفدرالیسمی دیموکراتیک پێیە.
بەداخەوە مەرگی بێهزاد هەموومانی تاساند، مەرگێک کە نیشاندەری بێهیوایی و شکست و نەبوونی ڕێگای چارەسەری بوو، بێگۆمان سەدانیتر وەکوو بێهزاد بوونیان هەیە کە ناوێرن ئاگر لە جەستەی خۆیان بەر بدەن و ژیانی کۆیلایەتی حیزبیان لە باشور قەبووڵ کردووەو ڕۆژێک هەزاران جار دەمرن و لە ناخەوە ئاگری بێهیوایی و شکست دەیانسووتێنێت.
مەرگی بێهزاد بوو بە هێمای مەرگی کوردایەتی کلاسیک و کەس ناتوانێ نەکۆڵی لەم حەقیقەتە بکات لەبەر ئەوەیکە هیچکام لە حیزبە کلاسیکەکانی کوردستان بە گەشتی و حکومەتی هەرێم نەیانتوانی بێهزاد لە بێهیوایی، شکست و مردن ڕزگار کەن، بێهزاد شەهیدی ڕێگای ڕزگاری گەل و نیشتمانە لەبەر ئەوەیکە گیانی خۆی بەخت کرد تا ئاگری جەستەی وەکوو تیشکی خۆر سووچە تاریکەکانی کوردایەتی کلاسیک بۆ گەلەکەی ڕوون بکاتەوەو پێیان بێژێت ئەمەیە ئاکامی کوردایەتی کلاسیک!!
لە ئەمڕۆ بە دواوە بێهزاد هێمای جیاکەرەوەی هێڵی کوردایەتی کلاسیکە لەگەڵ کوردایەتی مودێرنی دیموکراتیک، کوردایەتیەکی کلاسیک کە حکومەتی هەرێمی خۆلقاند و بێهزادەکانی بێهیوا کرد و بێهزادی کرد بە پەنابەر لە نیشتمانی خۆی، و کوردایەتی مودێرنی دیموکراتیک کە کۆبانی و ڕۆژئاوای خۆلقاند و کۆڕ و کچی هەر چوار پارچەی کوردستانی لەیەک سەنگەر و بەیەک ناسنامە لە دەوری یەکتر کۆ کردەوە.
ئاخ بێهزاد، دەی با لە جێی باشور و حکومەتی هەرێم، ڕووت لە ڕۆژئاوای نیشتمانت بکردایا ئازیزم، با ئاوا بێهیوایان نەکردبایای، با تەرمەکەت وەکوو پەنابەرێک لە نیشتمانی خۆت نەنێژرایا... .
ژ.ت