نوێنەرایەتی پەیەدە لەبارەی دۆخی جندرێس بانگەوازی ئاڕاستەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد

نوێنەرایەتی پەیەدە لە سلێمانی، کۆمەڵکوژکردنی گەنجانی کوردی لە جندرێسی عەفرین لە شەوی نەورۆزدا شەرمەزار کرد و بانگەوازی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد کە لەدژی دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەڵوێستی هەبێت.

نوێنەرایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) لە سلێمانی، لەبارەی کۆمەڵکوژی ٢١ی ئازاری لە جندرێس لەلایەن چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی داگیرکەری تورک کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسی ئەنجامدا و کۆمەڵکوژیەکەی شەرمەزار کرد.

لە کۆنفڕانسی رۆژنامەنووسیدا جاویدان کەمال نوێنەری پەیەدە راگەیەندراوێکی خوێندەوە. جاویدان کەمال کۆمەڵکوژی سەر کوردانی شەرمەزار کرد و وتی، " ئێمە بانگەوازی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین کە بەرپرسیاری خۆی جێبەجێ بکات و رێگری لە داگیرکەری دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە عەفرین، گرێ سپی، سەرێکانی و هەرێمەکانی دیکەی سوریا بکەن و بە زوترین کات دەستوەردان بکات."

جاویدان کەمال نوێنەری پەیەدە راشیگەیاند کە تاوەکو هەرێم و شارەکانیان لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە داگیرکراو بن، تێکۆشانیان بەردەوام دەبێت.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکان لە ناوجەی جندرێسی عەفرین، چوار کوردیان کۆمەڵکوژ کرد کە ویستیان ئاگری نەورۆز بکەنەوە.

ف.ق