پاژک: لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی پاریسدا تێکۆشان فراوانتر دەکەین

پاژک بە بۆنەی ساڵیادی کۆمەڵکوژی ٩ی تشرینی دووەمدا لە پاریس، بانگەوازی ئەوەی کرد کە بۆ تۆڵەکردنەوە تێکۆشان و بەرخۆدان فراوانتر بکەن.

کۆردیناسیۆنی پارتی ئازادی ژنانی کوردستان (پاژک) بە بۆنەی ساڵیادی کۆمەڵکوژی پاریس ڕاگەیەنراوێکی لەسەر ماڵپەڕی تایبەتی خۆی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئێمە بەڕێزەوە یادی هەڤاڵ ساکینە جانسز ژنە تێکۆشەر، دامەزرێنەری پارتییەکەمان ( پەکەکە)، ڕێبەری بەرخۆدانمان، و فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز میلیتانەکانی بزووتنەوەی ژنان، لە نۆیەمین ساڵیادی شەهیدبوونیاندا دەکەینەوە.  بەناوی پارتی ئازادیی ژنانی کوردستان (پاژک) لەبەرانبەر یادەوەری هەڤاڵ سارا شۆڕشگێڕە گەورەکەمان کە هەموو ساتێکی ژیانی لە شەڕی دژی فاشیزمدا بەسەربرد، بەڵێن دەدەین، تۆڵە لە هەموو ئەو کەسانە دەکەینەوە کە لە کۆمەڵکوژیەکەدا بەشداربوون و لە ساڵی ٢٠٢٢دا بە بڕیارداری هەڤاڵ سارا، تێکۆشان بەڕێوە دەبەین و فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە تێکدەشکێنین."

لە بەردەوامی ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە: "هەڤاڵان ساکینە، فیدان و لەیلا لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لە ناوەندی مۆدێرنیتەی کاپیتالیست، لە پاریس کە بە دیموکراسی و یاسا خۆی دەناسێنێت، لەبەرچاوی مرۆڤایەتیدا کۆمەڵکوژکران. ٩ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیەکەدا تێپەڕیوە و دەسەڵاتدارانی تورکیاش دانیان بەوەداناوە کە بە پیلانگێڕیەک کۆمەڵکوژیەکەیان ئەنجام داوە. سەرەڕای ئەم دانپێدانانەش بێدەنگی دەوڵەتی فەرەنسا ئەوە دەردەخات کە ئەم کۆمەڵکوژییە وەک پیلانێکی فرەلایەن، وەک درێژەدان بە پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی لە دژی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجام دراوە. ئەگەر نا هەرچەندە دەسەڵاتدارانی تورک بەرپرسیارێتی شەهیدکردنی ئەو ٣ ژنە کوردەیان لە ئەستۆ گرتووە، بۆچی بێدەنگی هەڵدەبژێردرێت؟

تا دەوڵەتی فەرەنسا و دەسەڵاتی دادوەری لەبەرانبەر کۆمەڵکوژکردنی ئەو سێ ژنە کوردە هەڵوێست وەرنەگرێت، ناتوانێت خۆی لە هاوبەشی ئەو کۆمەڵکوژییە ڕزگار بکات کە دەوڵەتی تورک ئەنجامیداوە. بەناوی ژنانی کوردەوە بانگەوازی خۆمان دووپات دەکەینەوە کە پێویستە دەوڵەتی فەرەنسا بە ئاشکرا هەڵوێستی خۆی لە سەر کۆمەڵکوژیەکە بە زووترین کات دەرببڕێت. پێویستە بە باشی بزانرێت، ئێمە ئەم کۆمەڵکوژیە، کاتی کۆمەڵکوژیەکە، بە ئامانجگرتنی دامەزرێنەرانی پەکەکە و تەڤگەری ئازادی ژنانی کورد، هەڤاڵ ساکینە و هەردوو هاوڕێکەمان، بە ئاسایی نابینین."

'کۆمەڵکوژی پاریس ئاماژەیە بۆ پاکتاوکاریی'

لە راگەیەنراوەکەی پاژکدا ئاماژە بەو تایبەتمەندیانە دراوە:

"ئەو کۆمەڵکوژیەی لە ٩ی کانونی دووەمدا بەرامبەر بە پێشەنگانی شۆڕشی ژن ئەنجامدرا، ئاماژەیە بۆ سیاسەتی پاکتاوکردنی ژنانی کورد و گەلی کورد. ئەو کۆمەڵکوژییە لە لایەن دەوڵەتی تورکی فاشیست و هاوکارەکانیەوە؛ هێزە دەسەڵاتدارەکان بە مەبەستی پاکتاوکردنی بزوتنەوەی ئازادی ئەنجام درا. لە کاتێکدا رێبەر ئاپۆ بەمەبەستی چارەسەری دیموکراتیک ئیرادەیەکی گەورەی نیشداندا، تیرۆرکردنی هەڤاڵ سارا، پەیامێکی فرەرەهەندی هەڵگرتبوو. هەر لەبەر ئەوەش رێبەر ئاپۆ کۆمەڵکوژیەکەی پاریسی وەک کۆمەڵکوژی دووەمی دێرسیم و هەڵوێستێک بەرامبەر بە خودی خۆی پێناسە کرد. بەو کۆمەڵکوژییە دەرکەوت کە دەوڵەتی تورک نەک قۆناغی چارەسەری، بەڵکو قۆناغی پاکتاوکردنی گەلی کورد و پلانی بە چۆکدادانی بە هاوکاری هێزە نێونەتەوەییەکان گرتوەتەبەر.

ئەو پیلانگێڕییە نێونەتەوەییەی لە دژی رێبەر ئاپۆ ئەنجامدرا، بە تیرۆرکردنی هەڤاڵ سارا نوێکرایەوە. ئامانجەکە بریتی بوو لەوەی ئەو پێشەنگانەی لەسەرەتای شۆڕشدا لەگەڵ رێبەر ئاپۆ لە دامەزراندنی بزوتنەوەی ئازادیدا بەشداربوون، لەناوببەن. هەروەها هێزە فاشیستەکان باش دەزانن کە گەورەیی و جیاوازی بزوتنەوەکەمان بناخەکەی لەسەر ئازادی ژنە. ترسە گەورەکەی ئەوانیش لەوەیە. هەروەک چۆن هەڤاڵ سارا لە زیندان و لەبەرامبەر فاشیزمی ١٢ی ئەیلول وەک ژنێکی کورد بە بوێری و ئیرادەیەکی بەرزەوە تفی لە روخساری فاشیستەکان کرد، سەری دانەنەواند و هەڵوێستێکی مێژوویی گرتەبەر، ئەمڕۆش هەزار رێبوار و شوێنکەوتووی سارا لە دژی فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە لە چیاکانی کوردستان، لە زیندانەکان و لە هەموو گۆڕەپانەکانی ژیان بە بڕیار و پێداگرییەوە لێپێجینەوە لە داگیرکەران دەکەن و شەڕێکی گەورە بەڕێوە دەبەن. لەبەر ئەوە لە بەرامبەر ئەو ژنە کوردانەی کە گەوهەری خۆیان لە هەڵوێستی سارا کچە دێرسیمیە خۆڕاگرەکە وەردەگرن، لە سەرتاسەری کوردستان هێرشیان دەکرێتەسەر. لەکەسایەتی شۆڕشگێڕی گەورە هەڤاڵ سەکینە جانسزدا ویستیان ئەو پارادایمەی ئازادی کە بە پێشەنگایەتی ژنانی کورد بە جیهانی دەبێت لەناو ببەن. دوای کۆمەڵکوژیەکە لە دژی هەر سێ ژنە شۆڕشگێر، لە چیاکانی کوردستان پێشەنگ و جەنگاوەرانی بزوتنەوەکەمان، لە باکور پێشەنگانی خۆبەڕێوەبەری، لە رۆژئاوا پێشەنگانی شۆڕش، لە ناو سیاسەت و زیندانەکاندا سیاسەتمەدارانی ژن، ژنانی وڵاتپارێزی خاوەند هەڵوێست، لەبەرەنجامی ئەو کۆنسێپتەدا رووبەڕووی پاکتاو و توندوتیژی کرانەوە.

'هیچ کۆمەڵکوژیی و هێرشێک ناتوانن رێگە لە رێپێوانی ئازادی ئێمە بگرن'

لەسەر ناوی پارتی ئازادی ژنانی کوردستان، ئێمە جارێکی تر دەڵێین، هیچ کۆمەڵکوژی و هێرشیک ناتوانن رێگە لە کاروان و رێپێوانی ئازادی ئێمە بگرن. ترس دەوڵەتی تورک و هێزە پیلانگێڕەکان لە هێزی ژنان لەخۆڕا نییە. بە دڵنیاییەوە هێزی ژنی ئازاد کۆتایی بە فاشیزم و دەسەڵاتداری پیاو-دەوڵەت دەهێنێت. رێپێوان و کاروانی ئازادی ژنان کە تادێت گەورەتر دەبێت، چالاکتر و رێکخراوتر دەبێت، بیرکردنەوەی پاکتاوکەر لەناو دەبات. بە هۆی شەهیدبوونی هەر سێ ژنە شۆڕشگێرەکە و سەرجەم کۆمەڵکوژییەکان لە دژی ژنان ئازارەکەمان گەورەیە. بەڵام بارتەقای گەورەیی ئازارەکەمان، توڕەییمان بەرامبەر بە بیرکردنەوەی پاکتاوکەر و ویستمان بۆ ئازادیش هێندەی ئەوە گەورەیە. با دۆست و دوژمن و تەواوی گەلی کورد بزانن وەک ژنانی کورد تائەو کاتەی کە تەنانەت یەک کەسمان مابێت، ئێمە بێوچان و بێ دڕدۆنگی تێکۆشان لە دژی فاشیزم بەڕێوەدەبەین و بە لێپێچینەوەیەکی مێژووی پیلانگێڕان تێکدەدەین و ژیانی ئازاد مسۆگەر دەکەین.

ئێمە جارێکیتر پێشەنگانی نەمر هاوڕێیان سەکینە، رۆژبین و رۆناهی و لە کەسایەتی ئەواندا، سێ تێکۆشەری بزوتنەوەی ژنان سێڤێ، پاکیزە و فاتمە کە بە هەمان شێوە لە لایەن دەوڵەتی تورکی فاشیست لە کانونی دووەمی ٢٠١٦دا لە سلۆپی تیرۆر کرا و هەموو شەهیدانی مانگی کانونی دووەم بە رێزەوە یاد دەکەیەنەوە. ئێمە بە بۆنەی نۆهەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی پاریس، داوا لە تەواوی ژنان و دۆستانی گەلی کورد دەکەین، کە لەگەڵ بێنە پاڵ تێکۆشانی ژنانی کوردەوە، لە دژی دەوڵەتی تورک لە تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات و بێدەنگی دەوڵەتی فەرەنسا لە بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژیە بڕژێنە شەقامەکان و لێپێچینەوە بکەن، تێکۆشان و بەرخۆدانتان گەورە بکەن".

 

ف . ق / هـ . ب