پەدەکە چی بەسەر نوێنەرانی رۆژئاوای کوردستان لە هەولێر هێناوە؟

ئەمڕۆ ١٥ ڕۆژە پەدەکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر سێ ئەندامی نوێنەرایەتییەکانی پەیەدە و خۆبەڕێوبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریایان دەستگیرکردووە و١٧ ڕۆژیشە گەنجێکی خەڵکی ڕۆژئاوا دەستگیرکراوە و تائێستا چارەنووسیان نادیارە.

بەرەبەیانی ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢١ مستەفا عوسمان، نوێنەری پەیوەندییەکانی پەیەدە لە هەولێر، جیهاد حەسەن، نوێنەری خۆبەڕێوبەری دیموکراتی لە هەولێر و مستەفا عەزیز ئەندامی پەیەدە لە هەولێر، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەستگیرکران و تائێستا ئازادنەکراون.

بە پێی وتەی جەمیل ڕەحمانۆ، ئەندامی نوێنەرایەتیی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە هەرێمی کوردستان، کە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاندبوو،  ئەو سێ ئەندامەی نوێنەرایەتیی خۆبەڕێوەبەریی و پەیەدە بەمەبەستی پێشوازییکردن لە میوانێکیان چووبوونە فڕۆکەخانەی هەولێر، کە لەوکاتەدا لە لایەن هێزەکانی پەدەکەوە دەستگیرکرابوون.

ڕۆژی ٢٢ئەم مانگە فەرمانگەی پێوەندییەکانی خۆبەڕێوبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، داوای لە حکومەتی هەرێم کردبوو کە چارەنووسی نوێنەر و ئەندامەکانیان ئاشکرا بکات و ئەم هەڵسووکەوتەی پەدەکەی بە دەرەوەی بەها و پێوانە نیشتمانییەکان و تێکۆشانی هاوبەش بۆ پرسی کورد ناوزەد کردبوو.

 ڕۆژی ١٠ی حوزەیرانیش پارتی یەکێتی دیموکرات-پەیەدە ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی دەستگیرکردنی ئەندامەکانیانەوە بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد: گرتنی ئەندامەكانیان لەلایەن پەدەكەوە لەكاتێكدایە، هەوڵ بۆ سەرخستنی دیالۆگی كوردی كوردی هەیە لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەو جۆرە كردەوانە دەبنە هۆی بڵاو كردنەوەی تۆوی دووبەرەكی ‌و خزمەت بە دوژمن دەكەن كە بە تەواوی پەدەكە لێی بەرپرسیارە، سەرەڕای ئەم داواکاریانەی خۆبەڕێوبەری و پەیەدەش بەڵام تاکوو ئێستا چارەنووسی ئەم دەستگیرکراوانە نادیارە و حکومەتی هەرێم و پەدەکەش هیچ ڕوونکردنەوەیان لەمبارەیەوە نەداوە.

هاوکات ئەمڕۆ ماوەی ١٧ ڕۆژە گەنجێکی ڕۆژئاوای کوردستانی بە ناوی جوان عەبدولکەریم، کە لەگەڵ دایکە نەخۆشەکەی بە مەبەستی سەردانی پزشکی هاتبوونە باشووری کوردستان، لە دەروازەی فیشخابوور لە لایەن ئاسایشی پەدەکەوە دەستگیر کراوە و چارەنووسی تائێستا نادیارە.

ف.ق