پەدەکە خاڵێکی پشکنینی لەو شوێنەدا دروستکرد، کە بۆسەی بۆ ٣ گەریلای پەکەکەی تیادا دانابوو

پەدەکە لە ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ لە نێوان گوندەکانی کانێ و دێرەشێ بۆسەى بۆ ٣ گەریلای پەکەکە دانابوو و تەقەیان لە گەریلاکان کرد و بەو هۆیەوە ئاڵۆزی دروستبوو، پەدەکە ئێستا لە هەمان ئەو شوێنەدا خاڵی چاودێری و پشکنینی داناوە.

هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠دا لە سەر رێگای گوندەکانی کانێ و دێرەشێ لە ناوچەى ئامێدی بۆسەیان لە بەردەم ئۆتۆمبێلێکی گەریلاکان دانابوو، ئۆتۆمبێلی گەریلاکان خواستبووی بگەڕێتەوە، بەڵام هێزەکانی پەدەکە بە چەکی قورس تەقەیان لێکردبوون و لە ئەنجامدا ٣ گەریلا بە قورسی بریندار بوو بوون.

پەدەکە بۆ ئەوەى هێرشەکەى خۆی بشارێتەوە بانگەشەى ئەوەی دەکرد، کە لە شوێنی رووداوەکەدا خاڵی پشکنین و چاودێرییان هەبووە، بەڵام دوای ئەوەى دیمەن و وێنە و ڤیدیۆی شوێنی رووداوەکە لە میدیاکاندا بڵاوکرایەوە، ئەوە ئاشکرا بوو، کە بانگەشەکەى پەدەکە راست نییە و ئەو ناوچەیە هیچ خاڵێکی پشکنینی تیادا نییە و هێزەکانی پەدەکە بە تایبەت هاتوون بۆ ئەو ناوچەیە تاوەکو هێرش بکەنە سەر گەریلا.

هێزەکانی پەدەکە لە چوارچێوەی ئەو جموجوڵانەیاندا لە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ەوە لەسەر رێگای نێوان گوندی کانێ و دێرەشێ لە ناوچەی ئامێدی دەستیان کردووە بە دروستکردنی خاڵێکی نوێی چاودێری و پشکنین.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) بە لێدوانێک لەلایەن باوەڕ دێرسیم یەکێک لە فەرماندەکانی بڕیارگەى ناوەندیی پاراستنی گەل رایگەیاندبوو، ئەو ناوچەیە دەیان ساڵە رێگایەکی گەریلایە.

دانانی خاڵی نوێی چاودێری و پشکنین لەو ناوچەیەدا، بە ئامادەکاریی هێرشێکی نوێ پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بۆ سەر ئەو ناوچەیە لێکدەدرێتەوە.

ژ.ت