باوەڕ دێرسیم: ئێمە لایەنگری دیالۆگی نێوان کوردین

باوەڕ دێرسیم یەکێک لە فەرماندەکانی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) داوای لە پەدەکە کرد، "هەڵوێستێکی راست و دروست" لە خۆی نیشان بدات و کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکات. دێرسیم وتیشی، "با کەس حساباتی هەڵە نەکات".

باوەڕ دێرسیم یەکێک لە فەرماندەکانی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) بەشداری بەرنامەى تایبەتی کەناڵی ئاسمانیی مەدیا خەبەر بوو و شیکاریی بۆ قەیرانەکەى باشووری کوردستان کرد.

دێرسیم رایگەیاند، لەم رۆژانەی دوایدا بەهۆی هەندێک هێزی ژێر دەستی بەڕێوەبەرایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) دۆخێکی ئاڵۆز روویدا و باسی لە زیانەکانی ئەو ئاڵۆزییە و قەیرانی گەلی کورد لە باشووری کوردستان و هەر پارچەى کوردستان کرد.

باوەڕ دێرسیم باسی ئەوەیکرد، ئەو قەیرانە مەترسی لەسەر ئەو دەستکەوتانەى گەلی کورد دروست دەکات، کە بە قوربانیی زۆر گەورە بە دەستیهێناوە و رایگەیاند، هۆکاری سەرەکیی ئەو ئاڵۆزی و مەترسییە بۆ سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) دەگەڕێتەوە.

دێرسیم وتی، "بزووتنەوەکەمان لەو قەیرانە بەرپرسیار نییە" و وتی، ئەوان بە سەبرێکی زۆر گەورەوە بۆ پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەییەکانی گەلی کورد و بە ئامانجی پێشگرتن لە شەڕێکی چاوەڕوانکراو، بە هەستیارییەکی گەورەوە دەجوڵێنەوە.

"دیدی پاکتاوکردن لە دژی بزووتنەوەکەمان لە رۆژەڤدایە"

باوەڕ دێرسیم وتی، "با گەلەکەمان باش بزانێت، کە دیدێکی پاکتاوکارانە لە دژی بزووتنەوەکەمان لە رۆژەڤدایە. ئەو هێزانەى دەیانەوێت کورد پاکتاو بکەن پێشەنگایەتیی ئەو پلانە دەکەن، پەکەکە بە گەورەترین لەمپەر لە بەردەم خۆیاندا دەزانن، بۆیە بڕیاری پاکتاوکردنی پەکەکەیان داوە".

باوەڕ دێرسیم باسی ئەوەیکرد، دەوڵەتی تورک دەستکەوتەکانی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان بۆ داهاتووی خۆی بە گرفت دەزانێت، بۆیە بە شێوەیەکی بێباکانە هێرش دەکات و وتی، "هەندێک هێزی نێونەتەوەیش لە بابەتی پاکتاوکردنی پەکەکەدا دنەى تورکیا دەدەن، بۆ ئەوەش بە هەموو شێوەیەک پشتگیری سیاسی و سەربازی لە تورکیا دەکەن".

"بۆ پلانە پاکتاوکارییەکەیان پێویستی بە لایەنێکی کورد هەیە"

فەرماندە دێرسیم ئاماژەى بەوەکرد، بۆ پلانی پاکتاوکردن پێویستی بە لایەنێکی کورد هەیە و وتی، "باش دەزانن، کە تاوەکو خیانەتی کوردان نەبێت، ناتوانن ئەو پیلانگێڕییەیان سەربخەن. بۆ ئەوەش دەیانەوێت نۆکەرانی کوردیش بکەنە کەرەستە و ئامڕاز بۆ ئەو یارییە گەورەیە. بۆیە بێگومان لایەنێکی کورد لەو پیلانگێڕییەی دژ بە بزووتنەوەکەماندایە. هەندێک هێز لە باشووری کوردستان لە ناکاو دەستیان بە جموجوڵ کرد، بە تایبەتی لەم ٢ ساڵەى ئەمدواییەدا جموجوڵەکانیان زیاتر کردووە. ئەوەش بووە هۆی دروستبوونی نیگەرانییەکی گەورە. ئەو هێرشانەى کە لەم ساڵانەدا لە دژی بزووتنەوەکەمان ئەنجامدران، هەوڵەکانی گەمارۆدان، تەنگاوکردن و پڕوپاگەندەی شەڕی تایبەت و دەروونی لە دژی بزووتنەوەکەمان، ئەو نیگەرانییانەى ئێمەیان پشتڕاست کردەوە.

"هەنگاوەکانی پەدەکە جێگای نیگەرانین"

ئێمە باش دەزانین، کە هەندێک هێزی باشوور لە دژی بزووتنەوەکەمان قەناعەتیان پێکراوە. بە تایبەتی سیاسەتەکانی پەدەکە حەز  و ئاراستەى بەو شێوەیەیە، نزیکایەتی و هەڵسوکەوتەکانیان بۆ ئەو سیاسەتەیە، هەنگاوەکانیان کە لە شا زیاتر شاپەرەسترانەیە، بوونەتە هۆی ئەوە نیگەرانییەکان زیاتر ببن. ئەوە زیان بە گەلەکەمان و دەستکەوتەکانی گەلەکەمان دەگەیەنێت. ئەگەر هەموو پەدەکە لە ناو پیلانگێڕەکەدا نەبێت، بەشێکی لە ناو پیلانگێڕییەکەدایە. هیوادارین پەدەکە نەکەوێتە ناو ئەو هەڵە مێژووییە و لە دژی بزووتنەوەکەمان نەچێتە ریز و بەرەی دوژمن. ئەوە دەبێتە هەڵەیەکی گەورە و لە دژی گەلەکەمان دەبێتە ناهەقییەکی گەورە و بێ واتاکردنی هەمەلایەنەی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان".  

"ئەوەى دان بە ئیرادەی باشووری کوردستان دا نانێت و قبوڵی ناکات، دەوڵەتی تورکە"

باوەڕ دێرسیم فەرماندەی نەپەگە سەرنجی خستە سەر پڕوپاگەندەی هەندێک دەزگای راگەیاندنی باشووری کوردستان، کە بانگەشەى ئەوە دەکەن، گوایە پەکەکە رێز لە ئیرادە و بەڕێوەبەریی باشوور ناگرێت و لەو بارەیەوە وتی، تاوەکو ئەوپەڕی رێز لە ئیرادە و بەڕێوەبەریی باشووری کوردستان دەگرن و بۆ پاراستنی ئەو بەڕێوەبەرییە لە کاتی داعش دا لە چەندین ناوچەدا بە ئەرکی پاراستن و بەرگری هەستاون.

دێرسیم وتی، "ئەوەى ئیرادەی گەلی کورد و ئیرادەی بەڕێوەبەری باشوور قبوڵ ناکات و دانی پیادا نانێت، دەوڵەتی تورکە. ساڵی ٢٠١٧ گەلەکەمان لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی دا لە باشووری کوردستان ئیرادەی خۆی نیشان دا، بەڵام ئەوانەى لە دژی ئەو ئیرادەیە وەستانەوە رژێمی ئەردۆغان – باخچەلی و دەوڵەتی تورک بوون. دوای ئەوان عێراق دەستی بە جموجوڵ کرد. بە ئاشکرا رایانگەیاند، ئەوان ئیرادەی گەلی کورد قبوڵ ناکەن و دەستیان بە هێرش کرد. لە ئەنجامیشدا لە سێ بەش، بەشێک لە دەستکەتەکانی باشووری کوردستان لە دەستچوون. باشە هۆکاری لە دەستچوونی دەستکەوتەکانی باشووری کوردستان، هۆکاری لە دەستچوونی کەرکوک ئێمە بووین یان دەوڵەتی تورک؟ ئەوەى ئیرادە قبوڵ ناکات ئێمەین یان دەوڵەتی تورک؟ پێویستە ئەو راستییە بزانرێت. گەلەکەمان هەر خۆی ئەو راستییە دەزانێت".

دێرسیم ئاماژەی بە کێشەکانی ئێستای گەلی باشووری کوردستان کرد و وتی، "ئەوەى ئەم کێشانەى دروستکردووە، دەوڵەتی تورکە".

"ئێمە داوا لە پەدەکە دەکەین، هەڵوێستی راست و دروست لە خۆی نیشان بدات"

باوەڕ دێرسیم یەکێک لە فەرماندەکانی نەپەگە لە بەردەوامیی وتەکانیدا وتی، "بۆیە ئێمە داوا لە پەدەکە دەکەین، کە هەڵوێستێکی راست و دروست لە خۆی نیشان بدات، هەڵوێستی راست و دروست ئەوە نییە، کە پەکەکە وەک سەرچاوەی کێشەکانتان نیشان بدەن. هەڵوێستی راست و دروست ئەو نزیکایەتییە بوو، کە کاک مەسعود بارزانی لە کاتی هێرشی داعش دا سەردانی سەنگەرەکانی گەریلای لە مەخمور کرد، سەردانی فەرماندەکانی گەریلای کرد و نیشانی دا ئەوان پێکەوەن. هەڵوێستی راستی نەتەوەیی ئەوەیە. ئێمە دەمانەوێت ئەو هەڵوێستە ببینین. ئەوەى گەلی کورد سەردەخات و گەلی کورد لە مەترسی دەپارێزێت، ئەو هەڵوێستەیە".  

"کاروانە سەربازییەکانی سوپای تورک بە ژێر پاسەوانیی پێشمەرگەدا دەڕۆن بۆ بارەگاکانیان"

باوەڕ دێرسیم ئەوەشی خستەڕوو، هێزەکانی گەریلا خۆیان بۆ گەلی باشوور فیدا دەکەن و وتی، "بە ئەنقەست هەوڵ دەدرێت، کە داگیرکەریی دەوڵەتی تورک لە باشووری کوردستان پەردەپۆش بکرێت. خاکی باشووری کوردستان لەسەر دەستی پەدەکە رادەستی تورکیا کراوە و دەیان بنکە و خاڵی سەربازیی تیادا دروستکردووە. کاروانە سەربازییەکانی سوپای تورک بە پێشڕەویی پێشمەرگە و پاراستنیان لەلایەن پێشمەرگەوە دەڕۆن بۆ بارەگاکانیان. ئەوە جگە لە خزمەتی کۆیلەیەتی بۆ ئەفەندییەکانیان هیچ مانایەکی تری نییە".

لەبارەی رەخنەکردن لە پەکەکە دێرسیم وتی، "ئەگەر پەکەکە هەڵەیەکی هەیە، با رەخنەی بکەن، بەڵام کاتێک پێنج رەخنەتان لە پەکەکە گرت،  رەخنەیەکیش لە دەوڵەتی تورک بگرن".

"شەڕی نێوان کوردان خزمەت بە دەوڵەتی تورک دەکات"

باوەڕ دێرسیم یەکێک لە فەرماندەکانی نەپەگە باسی ئەوەشیکرد، پەدەکە هەندێک هێزی تایبەتی بە ناوی "پێشمەرگەی گوڵان" و "پێشمەرگەى رۆژ" رووبەڕوومان دەکاتەوە و بەو شێوەیە دەیەوێت شەڕ هەڵگیرسێنت و وتی، "بەڕاستی ئەگەر نزیکایەتی و هەڵسوکەوتی بەرپرسیارانەى بزووتنەوەکەمان نەبوایە، ئەگەر فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی کۆنترۆڵی بەسەر هێزەکانی گەریلاوە نەبوایە، ئەوا شەڕێکی نەخوازراو رووی دەدا و زیان و لەدەستدانیشی لێدەکەوێتەوە. لەو بابەتەدا ئێمە زۆر بەرپرسیارانە جوڵاینەوە، چونکە ئێمە دەزانین، شەڕ لە نێوان کورداندا سوودی بۆ دەوڵەتی تورک  دەبێت و خزمەت بە دەوڵەتی تورک دەگەیەنێت. دەوڵەتی تورک بە پێداگرییەوە دەیەوێت لە رێگەى پەدەکەوە شەڕێکی ناوخۆیی دروست بکات. دەبێت هیچ کەسێک خزمەت بە پلانەکانی دەوڵەتی تورک نەکات و نەکەوێتە ناو داو و تەڵەکەیانەوە".

باوەڕ دێرسیم راشیگەیاند، ئەو هەموو هێرش و هەوڵانە بە ئەنقەست ئەنجام دەدرێن و ئەوەش نیشانەی ئەوەیە، کە دۆخەکە مەترسیدارە و وتی، "ئەگەڕ دەڵێن، 'دەوڵەتی تورک لە دژی پەکەکە شەڕ دەکات، پەکەکە لاواز بووە، یان دیدێکی گشتی بە پشتیوانی هێزە نێونەتەوەییەکان لە دژی پەکەکە لە گۆڕێدایە و پەکەکە پاکتاو دەکرێت، ئێمە ئەوەمان بیست و بەو عەقڵییەتەوە من دەچمە سەر پەکەکە' ئەوا ئەو کاتە تووشی هەڵەیەکی گەورە دەبن. ئەوە زۆر جار تاقیکراوەتەوە. لە ماوەکانی رابردوودا زۆر جار ئەوە سەلمێندراوە، کە پەکەکە پاکتاو ناکرێت".

'باکەس حەسابی هەڵە لەسەر پەکەکە نەکات'

دەرسیم ئەوەی خستەڕوو کە پاکتاوکردنی پەکەکە مەحاڵە و وتی، : پەکەکە گەلە، گەلی کوردە، گەلی کورد خاوەنی ئیرادەی ئازادی وهزری ئازادیە. هەتاکوو گەلی کورد مابێت پەکەکە دەمێنێت."

باوەڕ دەرسیم وتی، " با کەس نەکەوێتە هەڵەوە، حەسابی هەلە نەکەن! با کەس سەبری پەکەکە تاقی نەکاتەوە، کەس هێزی پەکەکە تاقی نەکاتەوە! بە ناوی تەڤگەری ئازادی هیچ بڕیارێکی شەڕ لە دژی پەدەکە نەدراوە؛ با گەلی ئێمە و ڕای گشتی جیهانیش بزانن. بۆئەوەی شەڕ روو نەدات ئێمە گەلێک نەرمیمان نواندووە. پەدەکە هاتووەتە هەرێمێک کە ٢٠ساڵە لێی نییە، لە دۆخێکی وەهادا بۆئەوەی گەلەکۆمە وئاژاوەگێڕی دروست نەبێت ئێمە بە سەبرەوە هەڵسوکەوتمان کردووە. با کەس ئەو هەستیاری و سەبری ئێمە وەک لاوازیمان لێک نەداتەوە".

'دوو بڕیاری گرینگ'

باوەڕ دەرسیم لە فەرماندەکانی نەپەگە لە سەرهەڵسووکەوت و بڕیارەکانی خۆیان لەسەر دۆخەکە وتی:

" بڕیاری ئێمە ئاشکرایە. ئێمە لە دژی هێزێکی کوردی شەڕناکەین.هیچ بیانوویەک نییە ماف بدەینە ئەوشەڕە. هەربۆیە ئێمە لە هەمبەر ئەوکەسانەی کە بڕیاری شەڕیان داوە ، بڕیاری شەڕنادەین. بڕیاری یەکەم ئەوەیە.

بڕیاری دووهەمی ئێمە ئاوەهایە؛ کێ بێت با ببێت، کێ بێتە سەرمان، پێویست بکات بە تووندترین شێواز وڵامی دەدەینەوە. لەم بابەتەدا ئێمە مەجال بەکەس نادەین. ئەگەرئێمە لەمڕۆدا نەرمی دەنوینین، بە دوای چارەسەریەوە دەگەڕین، کەس هەڵە لە پەکەکە نەگات. ئەوە لاوازی ئێمە نییە، بە پێچەوانەوە ئەوە نیشانەی بەرپرسیارەتیە لەهەمبەر یەکێتی نەتەوەیی کورددا. دەبێت ئاوەها خوێندنەوەی بۆبکرێت."

فەرماندە دەرسیم ئەوەی خستە روو کە ئەگەر پێداگری لە جمووجووڵ لە هەرێمەکانی گەریلا بکەن، هەرجارو پێش بە هێزی گەریلا بگرن، بە یانووی جودا لە رادەبەدەری بکەن، دەبێتە هۆی شەڕی نەخوازراو.

دەرسیم وتی، " دەبێت کەس بە زمانی ئاژاوەگێڕی قسە نەکات. هەرجارەو بە بیانوویەک هێزەکانیان نەخەنە بەرەو ڕووی هێزی ئێمە. ئێمە دەزانین کە پیشمەرگە لەو دۆخە دڵنگەرانن، ئێمە باش دەزانین کە گەلەکەمان دڵنگەرانن. بەڵام هەندێک کەس هەن کە بڕیارەکانیان لە دەستی دوژمنی کورداندایە و پێداگرن کە پیلانەکانی دەوڵەتی تورک جێبەجێ بکەن. ئەوە سەرناگرێت. دوژمنایەتی ئەوان لە دژی پەکەکە سەرناکەوێت،"

'شەرێکی چاوەڕوانکراو لە مەتینا، گارێ یان خواکورک سنووردار نابێت'

فەرماندە باوەڕ دەرسیم داوی لە هەرکەسێک کرد کە بە بەرپرسیارەتیەوە هەڵسووکەوت بکات و وتی، " شەڕ بەکاری کەسێک نایەت. لە سەرەتادا زیان بە گەلی باشوور دەگات. ئەگەرشەر ڕوو بدات جێگەیەک نامێنێت. کەس نەڵێت شەڕ تەنیا لە هەرێمی مەتینا، گارێ یان خواکورکە و سنووردار دەبێت. شەرێکی چاوەڕوانکراو کاریگەری لەسەر هەموو کوردستان دەبێت، کاریگەری لە سەر ڕۆژئاوا دەبێت، لەهەولێر، لە دهۆک گاریەری دادەنێت، لە هەموو شوینێک بڵاوە دەکات. پێش هەموو شتێک ئابووری باشوور تێک دەچێت. گەلی ئێمە دەکەوێتە ژێر گوشارەوە، کێشەی نوێ درووست دەبێت.  ئەو شەڕە لە نێوان دوو هێزدا نامێنێت. گەلێک شت کە لە هەرێمەکە سوودمەندن بەم شەڕە تووشی زیان دەبن."

' ئێمە لایەنگری گفتۆگوین'

لە کۆتایی قسەکانیدا دەرسیم وتی ، "  باکەس حیسابی هەڵە نەکات، دەبێت هەر کەسێک خوێندنەوەی دروست بۆ پەککە بکات، هێزی پەکەکە باش لێک بداتەوە و بە پێی ئەوە سیاسەتی خۆی دیار بکات. ئێمە بەردەوام لایەنگری چارەسەرین، ئێمە لایەنگری گفتۆگۆی نێوان کوردین. لە ئیستا بە دواوە داوا لە هەر کەسێک دەکەین کە کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکەن. بە دڵنیاییەوە ئێمە نامانهەوێت شەرێکی بچووکیش ڕووبدات. ئێمە سوورین لەسەرهەمان هەلوێست. بۆ ئەوەی شەڕو ئاڵۆزی نەخوازراو ڕوو نەدات هەوڵێکی زۆر دەدەین. بەڵام ئەمە بەو واتا نییە کە ئەگەر قوڕگی ئێمەیان گرت ئێمەش بێدەنگ بین.

ئێمە داوا لە هەر کەسێک دەکەین کە لەم بابەتەدا بە بەرپرسیارەتی هەڵسووکەوت بکەن. ئێمە چاوەڕوانین کە گەلەکەمان هەڵویستێکی بەهێزتر نیشان بدەن. لە سەرئەو ئەساسە ئێمە داوا لە گەلەکەمان دەکەین."

ژ-ت. ک-ش