پەدەکە لە داڕشتنی نەخشەی داگیرکردنی خاکی هەرێم هاوکاری دەوڵەتی تورک دەکات

شاندێکی ئەمنی و سەربازی دەوڵەتى داگیرکەری تورک لەناو خاکی هەرێم لەگەڵ شاندێکی زێرەڤانى پەدەکە و پاراستن لە ژێر ناوی پاسەوانى سنووری عێراق کۆبوونەوە و نەخشە بۆ داگیرکردنی خاکی هەرێم دادەڕێژن.

وەزارەتی بەرگریی دەوڵەتى داگیرکەری تورک چەند وێنەیەکى بڵاوکردەوە کە تێیدا دەردەکەوێت شاندێکی سەربازی دەوڵەتى داگیرکەری تورک لە بارەگایەکى هێزەکانى زێرەڤانى پەدەکە کۆبوونەتەوە.

هەرچەندە وەزارەتى بەرگریی دەوڵەتى تورک ئاماژەى بەوە کردوە کە لەگەڵ پاسەوانى سنووری عێراق کۆبوونەتەوە، بەڵام لە وێنەکەدا دەردەکەوێت، کە تەواوی شاندەکەی هەرێم لە هێزەکانى زێرەڤانی و ئەندامی دەزگای پاراستنى پەدەکە پێکهاتوون.

وەک دەردەکەوێت کۆبوونەوەکە لە بارەگایەکی زێرەڤانى پەدەکە ئەنجام دراوە و وێنەیەکى نەخشەى کوردستان لە ژووی کۆبوونەوەکەدا هەڵواسراوە، بەڵام وەزارەتى بەرگری دەوڵەتى تورک وێنەی نەخشەکەی تەڵخ کردوە و قبوڵی نەبووە نەخشەى کوردستانیش دەربکەوێت.

هەروەها لە وێنەکەدا دەردەکەوێت کە کارمەندانی زێرەڤانى و ئەندامانى میت و سەربازانى داگیرکەری تورک نەخشەیەکی ناوچە سنورییەکانى هەرێمی کوردستانیان لەبەردەستدا و بەپێی ئەو نەخشەیە دەیانەوێت بەیەکەوە لەدژی گەریلاکانى ئازادیی پیلانگێڕی بکەن.

وەزارەتی دەوڵەتى داگیرکەری تورک وا بڵاویکردوەتەوە کە ئەو کۆبوونەوەیە لەگەڵ شاندیکی پاسەوانی سنووریی عێراق بووە، بەڵام سەرجەمیان ئەندامانی پەدەکەن و نەخشەى پیلانگێڕی لەدژی گەریلاکانى ئازادیی و داگیرکردنى زیاتری خاکی هەرێم دادەڕێژن.

لەسەر ئەو کۆبوونەوەیە و ناوهێنانى پاسەوانى سنووری عێراق، هێشتا لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى عێراق هیچ زانیاری و ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام پێدەچێت لە ماوەکانى داهاتوو  هێزی پاسەوانى سنووری عێراق لەسەر بەکارهێنانی ناوی هێزەکەیان هەڵوێستى خۆی ڕابگەیەنێت.

ئەم کۆبوونەوەیەی لایەنى دەوڵەتى داگیرکەری تورک و پاسەوانی سنووری عێراق بۆ درێژەدانە بە هێرشە داگیرکارییەکان کە دەوڵەتى تورک چەندین ساڵە لە باشووری کوردستان ئەنجامی دەدات.

پێشتر بڵاوکرابووەوە، کە پیلانگێڕییەک لەنێوان دەوڵەتى داگیرکەری تورک و پەدەکە لە ئارادایە، بۆ ئەوەش دەیانەوێت حکومەتى عێراق لە ڕێگای پاسەوانى سنوورەوە تێوە بگلێنن، بۆ ئەوەش بە بەڵگەوە جوڵەى پاسەوانى سنوور کە سەرجەم ئەفسەر و ئەندامانی سەر بە پەدەکەن ئاشکرا کرا، کە بە هاوبەشی لەگەڵ زێرەڤانى پەدەکە لە ڕەوانەی سنووری ناحیەی کانی ماسی و شیلادزێ کرابوون.

دوێنێش یەشار گولەر وەزیری بەرگری دەوڵەتى داگیرکەری تورک ڕایگەیاند، لەو ئۆپەراسیۆنەى کە بڕیارە لە داهاتوودا بەڕێووە بچێت، چاوەڕێی وەڵامی حکومەتى عێراقن کە هاوکارییان پێشکەش بکات، ئەگەر ئەوە نەکات ئەوا لەڕوویی بارزگانی و ئاووەوە عێراق سزا دەدەن.

هـ . ب