هەموو دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی شەنگال و پێکهاتەکانی ئێزدی و عەرەب لەبەردەم مەکتەبی سۆر کۆبوونەوە و بە بەرزکردنەوەی درووشمی "نا بۆ داگیرکاری تورک" و "بژی بەرخۆدانی شەنگال" و "بمرێ خیانەت" تا بەردەم بینای ناوەندی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق ڕێپێوانیان کرد.
جێگری هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری شەنگال دەخیل ئیبراهیم لەوێ ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە.
دەخیل ئاماژەی بەوە کرد دەوڵەتی تورک بە هاوکاری پەدەکە هێرش دەکاتە سەر شەنگال، مناڵ و ژن و شەڕڤان و سڤیل دەکرێنە ئامانج و شەهید دەکرێن، تادێت مەترسی هێرشەکان زیاتر دەبێت، هۆکاری زیادبونی هێرشەکانی گەڕاندەوە بۆ بێدەنگی حکومەت، بێدەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتی عێراق و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤی شەرمەزار کرد.
ڕایگەیاند ئەم هێرشانەی سوپای داگیرکەری تورک ستاتۆی باشوری کوردستان دەخاتە مەترسییەوە، گوتی: "پێویستە لایەنەکانی باشووری کوردستان، گۆڕەپانی باشووری کوردستان بۆ پەدەکە چۆڵ نەکەن و خیانەتی پەدەکە بەرامبەر گەلی کورد قبووڵ نەکەن. پێویستە دەوڵەتی عێراق ئامانجی دەوڵەتی تورک ببینێت و نەبێتە هاوبەشی لەدەستدانی بەشێکی مەزن لە خاکی عێراق. بانگەواز لە تەواوی هێزە سیاسی و جڤاکی و تەواوی لایەنە نیشتیمانییەکانی عێراق دەکەین، بەرامبەر هێرشەکان بێدەنگ نەبن و چاو لە داگیرکاری نەپۆشن".
پاشان ڕاگەیاندراوێک لەسەر ناوی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ)، شەمێ ڕەمۆ ڕایگەیاند پێشتر گەلەکەمان ڕووبەڕووی فەرمان بۆتەوە و ئێستەش بەدەستی دەوڵەتی تورک ڕۆڵەکانمان دەکوژرێت، گوتی: "ڕۆژانە فڕۆکە بەسەرماندا دەسووڕێتەوە، ئەگەر عێراق هاوبەشی ئەم پلان و هێرشانە نیە، نابێت بێدەنگ بێت و ڕێگە بە هێرشەکان نەدات. دەوڵەتی تورک بە هاوکاری پەدەکە دەیەوێت گەلەکەمان نەگەڕێتەوە شەنگال، بۆیە هێرشەکانی ئەنجام دەدات".
پاشان نامەیەک لەسەر ناوی گەل ڕادەستی بەرپرسانی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق کرا، تاوەکو بگاتە دەستی حکومەتی سودانی.
پاش ڕادەستکردنی نامەکە چالاکییەکە کۆتایی هات.