پۆلیسەکانی تورک لە وان هێرشیان کردەسەر چالاکییەکانی ناڕەزایەتی دژی گۆشەگیری

بەمەبەستی شەرمەزارکردنی گۆشەگیری دژوار لەسەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە وان رێپێوانێک سازکرا. پۆلیسی تورک هێرشیان کردە سەر رێپێوانەکە و لانیکەم ٤٠ کەسیان دەستبەسەرکرد.

بەپێشەنگایەتی کەجەدە، تەژەئا، دەبەپە، هەدەپە، مەد توهاد فەد، ئۆهەدە و ئەنجومەنی دایکانی ئاشتی لە دژی گۆشەگیری لە ئیمراڵی لە وان بڕیاربوو رێپێوانێک ئەنجام بدرێت. هاوسەرۆکی گشتیی کەجەدە بەدران ئۆزتوک، هاوسەرۆکی گشتیی دەبەپە کەسکین بایندر، پەرلەماتارانی هەدەپە سەزایی تەمەللی، موراد ساریساچ، موعەزەز ئۆرهان، حوسێن کاچماز، سەعید دەدە، حەسەن ئۆزگونەش و بەرێوەبەرانی هەدەپە و دەبەپە لە بەردەم خوێندنگەی ئایدن پەریخان و گروپێکی تر لە چوارڕێیانی ئەزبەرجیلەر کۆبوونەوە.

دوای کۆبوونەوەی گەل پۆلیسەکان هاتووچۆیان لە هەموو شەقامەکان راگرت. گەلیش بە دروشمی بژی بەرخودانی زیندانەکان وەڵامی پۆلیسیان دایەوە. پۆلیسەکان گەمارۆی خەڵکیان دا و نەیانهێشت رێپێوان بکەن. پۆلیسەکان هەروەها هێرشیان کردە سەر گەل و ژمارەیەکی زۆریان دەستبەسەر کرد.

پۆلیسەکان چواردەوری ئەوگروپەشیان کرد کە لە چوارڕێیانی ئەزبەرجیلەر کۆبوونەوە. کاتێک گەل ویستی بەشداری لە رێپێوانەکەدا بکات، رێگریی لە گەل کرا و دەستگیرکران. کاتێک ژمارەیەکی زۆر رژانە شەقام و دروشمەکانی 'بژی بەرخودانی زیندانەکان'یان وتەوە، پۆلیسەکان بە گاز و فیشەکی پلاستیکی لە گەلیاندا. کاتێک ژنێک ویستی بەشداری لە رێپێوانەکەدا بکات لە هۆش خۆی چوو.

لە سەرلەبەیانییەوە هەموو رێگاکانی جومهورییەت، مەرەش و قشڵە و ئەو رێگایانەی دەچنە ئەوێ داخراون. بەسەر شارەکەدا هەلیکۆپتەر بە نزمی دەسوڕێنەوە. پۆلیسەکان هەموو شەقامەکانیان داخستووە و ناسنامەی هەموو کەس کۆنتڕۆڵ دەکەن. لەبەردەم بیناکانی هەدەپە و دەبەپە و رێکخراوەکانی دیکەدا پۆلیس دانراون.

هـ . ب