پنار ساکیک تەکین: لە کارەساتەکاندا جیاکاری دەکرێت

هاوسەرۆکی ئامەدی دەم پارتی پنار ساکیک تەکین باسی لەوەکرد دوڵەت لە دوای ١٢ کاتژمێر دەستوەردانی بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە کردە و وتی: "کاتێک کارەساتەکە لە کورستاندا ڕوودەدات ئەوا دەوڵەت جیاکاری دەکات."

هاوسەرۆکی ئامەدی دەم پارتی پنار ساکیک تەکین ئاگرەکەی نێوان ئامەد و مێردینی وەک کارەسات ناوبرد و وتی: "تاکە بەرپرسیاری ئاگرکەوتنەوەکە وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای دیجلە DEDAŞە."

ئاگرکەوتنەوەکەی ٢٠ی حوزەیران کە لە ناوچەکانی نێوان ئامەد و مێردین کەوتەوە، وێڕای سوتاندنی تەواوەتی ناوچەکە بە پانتایی ٦٦ کیلۆمەتر چوارگۆشە، قوربانیەکەی زۆری دانیشتوانی ئەو هەرێمەی لێکەوتەوە، کە ٧٨ کەس برینداربوون و ١٥ کەسیش گیانیان لەدەستدا.

هاوسەرۆکی ئامەدی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) لەسەر ئەم بابەتە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیکرد و وتی: "لەبەر خەمساردی و بێ باکی ئەم کارەساتە ڕوویدا. بە هەموو پێکهاتکانەوە فریایی گەلەکەمان کەوتیین و ئاگرەکەمان کوژاندەوە."

DEDAŞ  گوێی نەدا بە گلەی و ئاگادارکردنەوەکانی گەل

تەکین ئەوەی دەستنیشانکرد DEDAŞ  بووە بە بەڵای سەری گەلی کوردستان و وتی: "ناتوانین بە ڕووداوەکە بڵێین قەدەر بووە. بە تاوانبارکردنی گەل ناتوانن لە ژێر بەپرسیارێتی دەرچن. بەداخەوە وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای دیجلە (DEDAŞ) خەمساردی کرد، ڕێوشوێنی خۆی وەرنەگرتووە، بۆیە ئەم کارەساتەمان بەسەردا هات. گوێی لە گلەییەکانی گەلەکەمان نەگرت. هەروەها هۆشیارکردنەوەی گەلەکەمانی لە ئەگەری ڕوودانی کارەسات بە هەند وەرنەگرت. ئەم ڕێبازەی DEDAŞ قبوڵکراونیە."

دەوڵەت گوێی بە کارەساتەکە نەدا

لە درێژەی قسەکانیدا تەکین ئەوەی دەرخست دوای جەختکردنەوەی گەل بۆ بەهاناوەچوونیان، کەچی دەوڵەت لە دوای ١٢ کاتژمێر هاوکاری گەیاندە شوێنی ڕووداوەکە و وتی: "وەک پێشتریش لە کارەساتی بوومەلەرەزەکەدا بینیمان دەوڵەت لە دوای ٣٦ کاتژمێر بەهانای لێقەوماوانەوە چوو. بۆیە درەنگ کەوتنی دەوڵەت بۆ ڕووداوەکان کە لە کوردستاندا ڕوودەدات ئێمە نیگەران دەکات و جێگەی پرسیارە. لە بە هاناوە چوونی کارەساتەکاندا دەوڵەت جیاکاری دەکات. کاتێک بابەتەکە دەبێتە کورد و زیانگەیاندن بە کورستان دەوڵەت بێباکانە دەجوڵێتەوە."