پەیامی کەجەکە بۆ ساڵی نوێ: تێکۆشان گەورەتر دەکەین
هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بە بۆنەی ساڵی نوێوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و هیوای خواست ساڵی ٢٠٢٣ بۆ گەلان، بندەستان، ژنان و مرۆڤایەتی ببێتە ساڵی ئازادی.
هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بە بۆنەی ساڵی نوێوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و هیوای خواست ساڵی ٢٠٢٣ بۆ گەلان، بندەستان، ژنان و مرۆڤایەتی ببێتە ساڵی ئازادی.
هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بە بۆنەی سەری ساڵی زایینی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. راگەیەندراوەکە بەم جۆرەیە:
"ساڵیادی زایین بۆ کۆمەڵگای کریستیان بە واتای کریسمسە، لەم سەردەمەدا وەک جەژنی سەری ساڵ پیرۆز دەکرێت. لەسەر ناوی بزوتنەوەکەمان کریسمسی کۆمەڵگای کریستیانی، سەری ساڵی زایینی لەگەلەکەمان و مرۆڤایەتی پیرۆز دەکەین و هیوادارین کە ساڵی نوێ بۆ گەلان، بندەستان، ژنان و مرۆڤایەتی ئازادی بەدواوە بێت.
ماڵئاوایی لە ساڵی ٢٠٢٢ دەکەین کە تێکۆشانێکی زۆر گەورەی تیایدا ئەنجامدرا و دەست بە ساڵێکی نوێ دەکەین. ساڵی ٢٠٢٢ بووە ساڵێکی لەو جۆرە کە شەڕی جیهانی سێهەمی تێدا دژوارتر بوو. شەڕی سێهەمی جیهانی لەگەڵ شەڕی ئۆکرانیا یەکەم جار لە دەرەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روویدا و گۆڕەپانی شەڕ بەم جۆرە بەرفراوانیش بووبێت سەرەتاکەی خاوەنی تایبەتمەندییەکی بەم جۆرەیە کە هێرش دەکاتە سەر کۆمەڵگا و ژینگە، لەهەموو پانتایی کۆمەڵگا لە ئارادایە. لەکاتێکدا کە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری کۆمەڵگا و ژینگە تاڵان و وێران دەکات، نایەکسانی نێوان مرۆڤەکان زیاتر دەکات، شەڕی سێهەمی جیهانی کە بەهۆی قەیرانی سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دەستیپێکرد، قۆناغەکە گەورەتر دەکات. لە ژێر سیستمی شەڕ و کۆلۆنیالیستی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا، کۆمەڵگا هەموو رۆژێک هەندێکی تر تووشی رووخان و هەڵوەشانەوە دەبێت. لەبەر ئەوەی سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بە لەناوبردنی بەها کۆمەڵایەتییەکان و رووخاندنی کۆمەڵگا درێژە بە هەبوونی خۆی دەدات. سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بەهەمان شێوە مامەڵە لەگەڵ ژینگەدا دەکات. لەم سەردەمەدا ژینگە بە شێوازێکی جددی تاڵان دەکرێت، خاک، هەوا، ئاو، دارستان، سروشت لەناو دەبرێت. ئەمەش ئەنجامی داڕمانی زۆرترین سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییە. لە ئەنجامی ئەو داڕمانەدا نایەکسانی لە ناو کۆمەڵگادا هەموو رۆژێک زیاتر دەبێت. لە جیهاندا ژمارەیەکی یەکجار کەم بە دەوڵەمەندی دەژین. بەڵام ئەوانی تر لەناو هەژاری و برسێتیدان. بە ملیۆنان مرۆڤ بە هۆی برسێتی و شەڕەوە لە ماڵ و حاڵی خۆیان هەڵکەندراون، لە زێدی خۆیان کۆچبەر کراون. لەهیچ سەردەمێکی مێژوودا بەم رادەیە هەڕەشە و مەترسی گەورە لەسەر مرۆڤایەتی دروست نەببوو. هەموو ئەو کێشانە بە هۆی سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە و لە ساڵی ٢٠٢٢دا زیاتریش بوون.
لە ساڵی ٢٠٢٢دا روخێنەری و شەڕی سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەدا لەبەرامبەر کۆمەڵگا و ژینگەدا زیاتر بوون. لەبەرامبەر ئەوەشدا لە ساڵی ٢٠٢٢دا تێکۆشانێکی گەورەکرا، بووە ساڵێکی پڕ لە تێکۆشان. گەلان، ژنان، ژینگەپارێزان، سۆسیالیستەکان، گەنجان، کرێکاران، رەنجدەران و هەژاران، بە گشتی تێکۆشەرانی دیموکراسی، دادپەروەری و ئازادی لە ساڵی ٢٠٢٢ لە هەر کایەیەکی ژیاندا و لە هەموو گۆڕەپانێکدا لە دژی کۆلۆنیالیزمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لە دژی روخێنەری مۆدێرنیتەی سەرمایەداری کە لەلایەن هەموو بەشەکانی کۆمەڵگاوە بەڕێوەبراوە، بە مێشک و تامەزرۆیی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکەوە ئەنجامدراوە. لەبەرامبەر راستی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا کە کاولکاری بەسەر کۆمەڵگا و ژینگەدا دەسەپێنێت، کۆمەڵگا و مرۆڤایەتی داواکارییەکانی خۆیان بۆ مۆدێرنیتەی دیموکراتیک بە بەهێزی نیشاندا. هەر بۆیە ئەوەی مۆری خۆیان لە ساڵی ٢٠٢٢ دا، نەک رووخێنەری و کۆلۆنیالیستی مۆدێرنیتەی سەرمایەدار، بەڵکوو مرۆڤایەتی گەورە بوو کە بە مێشک و داخوازی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکەوە دەجوڵێتەوە و لەو پێناوەدا تێدەکۆشێت، بەهاکان دەخوڵقێنێت. لەبەر ئەوە ساڵی ٢٠٢٢ بووە ساڵێکی بەو جۆرە کە تێکۆشان مەزن بوو، هزری یەکسانی، ئازادی و دیموکراسی بەرەوپێشچوو، لە دژی سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری کە دەیەوێت کۆمەڵگا و ژینگە وێران بکات و مرۆڤایەتی لەناو ببات، جێگرەوەی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک کە لە ژیانێکی ئازاد و هاوئاهەنگ لەگەڵ ژینگە پێکهاتووە، دەستنیشان کرا.
ئەو تایبەتمەندییەی کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا زیاتر پێشخرا، بێگومان پەیجوری و تێکۆشانی ئازادی ژن بوو. لە دژی سیستم و مێشکی پیاوسالار کە لە مێژووەوە تا ئەم سەردەمە هۆی سەرەکی کاولکاری و کۆلۆنیالیزمە و لەم سەردەمەشدا وەک مۆدێرنیتەی سەرمایەداری درێژە بە خۆی دەدات، رادیکاڵترین تێکۆشان و وەرچەرخێنەرترینیان لەلایەن ژنانەوە ئەنجامدرا. لە لایەکی دیکەوە راستی ' ئازادی ژن، ئاستی ئازادی کۆمەڵگا دەردەخات'، لە ساڵی ٢٠٢٢دا زیاتر تێگەیشتنی لەسەر سازبوو و گەیشتە ئەو ئاستەی کە کۆمەڵگا خاوەنداری لێکرد. لە بەرامبەر مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا کە مێشک و سیستمی پیاوسالاری تیادا بەهێزە، هەر بۆیە ڤێرژنێکی دوژمنی کۆمەڵگا و ژنانە و رەگەزپەرستە، تێکۆشانی ئازادی ژن بووە بزوێنەر و بناغەی هەموو گۆڕانکارییەکان. ئەو پێشەنگایەتیەی کە ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کردیان، بەرەوپێشچوونی خوڵقاند، بەرجستەترین نمونەی ئەوەیە. دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە بەرزبووەوە، لە تەواوی جیهاندا دەنگیدایەوە و وترایەوە. ئەو ئاستەی کە ئازادی ژن و ژنان پێیگەیشتوون، بە شێوەیەکی روون دەریدەخات کە مێشک و سیستمی پیاوسالار لە لێواری لەناوچووندایە. ئیتر راستییەکی سەلمێنراوە کە مێژوو دەبێتە گەواهیدەری ئەوەی بە پێشەنگایەتی ژنان ژیان ئازاد دەبێت و کۆمەڵگا و ژینگە لە وێرانکاری رزگاریان دەبێت.
لەماوەی ساڵی ٢٠٢٢دا، یەک لەو گەلانەی کە زیاترین هێرشی کۆلۆنیالیستی، داگیرکەری و قڕکاری لەسەر ئەنجامدرا و لە دژی ئەو هێرشانە زیاترین خۆڕاگری کرد، تێکۆشا و قوربانیدا گەلی کوردە. دەسەڵاتداری ئاکەپە مەهەپەی فاشیست و دەوڵەتی تورکی قڕکەری کۆلۆنیالیست کە بە مێشکی دوژمنداری لەگەڵ کورد دەجوڵێتەوە، لە باکور، باشور، رۆژئاوا، مەخمور، شەنگال، هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا و لەو ناوچانەی کە کوردی تێدا دەژین هێرشی لەناوبردن و داگیرکەری زیاتر کرد. دەسەڵاتداری ئاکەپە- مەهەپە وێڕای هێرشی جەستەیی هەروەها ئۆپراسیۆنەکانی قڕکردنی سیاسی و هەموو چەشنە هێرشێکی شەڕی تایبەت و چەپەڵیشی زیاتر کرد. دوایین نمونە بۆ ئەمە دووەم کۆمەڵکوژی پاریسە. وەک هێرشەکانی دیکە لە بەرامبەر کورد ئەنجامدرا، ئەوەی دووەم هێرشەکەی لە پاریس ئەنجامدا دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپەیە. گەلی وڵاتپارێزی کوردستانیش لە بەرامبەر هەموو ئەو هێرشانە بە شێوەیەکی بێ پسانەوە خۆڕاگری کرد و ساڵی ٢٠٢٢ ی کردە ساڵێکی پڕ لە بەرخودان و تێکۆشان.
بێگومان بەهێزترین بەرخودان لە لایەن گەریلاکانی ئازادی کوردستانەوە ئەنجامدرا. گەریلاکانی ئازادی کوردستان بەتایبەتی لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا، لەهەر گۆڕەپانێکدا کە تیایدان لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکان بە گیانی لەخۆبوردوویی ئاپۆیی خۆڕاگرییان کرد، هێرشە داگیرکەری و پاکتاوکارییەکانیان پوچەڵ کردەوە. لە ساڵی ٢٠٢٢دا رژێمی قڕکەری فاشیست بۆ ئەوەی ئامانجەکانی بێنێتەدی، هەموو جۆرە چەکێکی قەدەغەکراوی بەردەستی لەوانە چەکی کیمیایی بەکارهێنا و هەموو رێگەیەکی چەپەڵی گرتەبەر. بەم جۆرە ویستی کە بەرامبەر گەریلا بگاتە ئەنجام. بەڵام گەریلا بە گیانی فیدایی ئاپۆیی و بە تاکتیکی نوێی گەریلا ئەو هێرشانەی تێکشکاند و نەیهێشت دوژمن ئامانجەکانی بێنێتەدی. گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بەم ئامانجەوە وایانکرد کە رەوتی مێژوو بەرەو دیموکراسی و ئازادییەوە رێبکات و بووە ئەو هێزەی کە زیاترین بەرەوپێشچوونی خوڵقاند. ئەگەر دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە بیتوانیبایە ئامانجەکانی خۆی دەستەبەر بکات، ئەو کاتە نەک هەر کورد قڕ دەکران، لە هەمان کاتدا لە تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرەوپێشچوونە دیموکراتیکەکان بە تەواوەتی کۆتاییان پێدەهات و سیستمێک بە مێشکێکی داعش ئاساوە باڵادەست دەبوو. بەڵام لە ئەنجامی تێکۆشان و بەرخوداندا دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە هاتە لێواری روخان و هەڵوەشانەوە، هیوا و ورەی هێزەکانی دیموکراسی زیاتر بوو، لە هەموو کات زیاتر لە سەرکەوتنەوە نزیکبوونەوە. ئاشکرایە کە ساڵی ٢٠٢٢ بۆ ئاکەپە-مەهەپە بووەتە ساڵی شکست، بۆ گەلی کوردیش بووە ساڵێکی گەورەی سەرکەوتن.
دۆستانی گەلی کوردیش بەتایبەتی بۆ مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ، لە دژی هێرشەکانی سەر گەلی کورد و کوردستان بە شێوەیەکی بەهێز پشتیوانیان لە تێکۆشانی گەلی کورد کرد و بە تێکۆشانی خۆیان تێکۆشانی ئازادی گەلەکەمانیان گەورەتر کرد، بۆ ئەم سەرکەوتنە هاریکاری گەورەیان پێشکەش کرد. هێز و دامەزراوەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری پشتیوانیان لە دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپەی فاشیست کرد و بوونە هاوبەشی تاوانی قڕکردن. لە چوار لای جیهانیشەوە روناکبیران، نوسەران، هونەرمەندان، ئەکادیمییەکان، سیاسەتمەداران، ئینترناسیۆناڵیستەکان، ژن و گەنجان خاوەندارییان لە رێبەر ئاپۆ کرد و پشتیوانیان بۆ تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد دەربڕی و دۆستایەتی و هاوڕێیەتی خۆیان نیشاندا. لەسەر ناوی بزوتنەوە و گەلەکەمان، بە هۆی ئەم پشتیوانی و پاڵپشتییە واتادارەیان لەگەلی کورد، سپاسی دۆستانمان و ژنان دەکەین، سڵاو و رێزیان پێشکەش دەکەین.
ئێمە ساڵی ٢٠٢٣ لە گەلان، ژنان و تەواوی مرۆڤایەتی پیرۆز دەکەین، ئەو شەهیدانەی ساڵی ٢٠٢٢یان بە تێکۆشان پڕ کردەوە، گەیاندیانە سەرکەوتن و وایان کرد کە ئێمە بە هیوایەکی گەورەترەوە پێ بنێینە ساڵی ٢٠٢٣ەوە، لە کەسایەتی شەهیدانی ساڵی ٢٠٢٢دا شەهیدانی شۆڕش و دیموکراسی هەر هەموویان بە رێز و پێزانینەوە بە بیردەهێنینەوە. شەهیدان خوڵقێنەرانی هەموو بەهاکانمانن، پێشەنگانی تێکۆشانمانن. ئەو بەڵێن و پەیمانەی سەرکەتن کە بە شەهیدانمان داوە لەم بۆنەیەدا جارێکی تر دوبارە دەکەینەوە.
ئاشکرایە کە لە ساڵی ٢٠٢٣دا ئەرکی زۆر گەورەتر لە بەردەم ئێمە وەک هێزەکانی دیموکراسی و ئازادیدایە. بۆ خاوەنداری لەو ئەرکانەی کە مێژوو لەسەر ئێمەی داناوە و بەجێگەیاندنی بەرپرسیارێتییەکانمان ئێمە زیاتر پێداگر و تێکۆشەرتر دەبین. لەسەر ئەو بنەمایە، بۆ ئەوەی ساڵی ٢٠٢٣ ببێتە ساڵێکی سەرکەوتن داوا لە هێزەکانی دیموکراسی لە تەواوی جیهان دەکەین کە بە پێرسپێکتیڤ و رێنمایی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک تێکۆشان گەورە بکەن و ژیان بونیاد بنێنن".
هـ . ب