کۆمیتەی دیپلۆماسی پەژاک لەبارەی بەڕێوەچوونی مەراسیمەکانی یادکردنەوەی کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس کە ٣ی کانونی دووەمی ٢٠٢٠ لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی لە فڕۆکەخانەی بەغدا کوژرا و مەراسیمی یادکردنەوەی لە باشووری کوردستان بەڕێوەچوو، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. لە راگەیەندراوەکەدا وێڕای ئیدانەکردنی ئەو هەنگاوە رایگەیاند، "کردەوەی لەم جۆرە دژی یەکێتی نەتەوەیی چوار بەشی کوردستانە و درز و کەلێن دەخاتە یەکڕیزی و تێکۆشانی هەر چواربەشەوە".
راگەیەندراوی کۆمیتەی دیپلۆماسی پەژاک بەم جۆرەیە:
"بۆ رای گشتی و گەلی ئازادیخوازی کورد
بەوپەڕەی داخەوە لە رۆژانی رابردوودا بینیمان کە مەراسیمی بەڕێوەچوونی یادی کوژرانی قاسم سولەیمانی لە باشووری کوردستان بەڕێوەچوو، یادی کەسێک کە هۆکاری کوشتار و تواندنەوەی کولتوری و داگیرکردنی بەشێکی گرنگ باشووری کوردستانە. بەڕێوەچوونی ئەم رێورەسمانە لە شارەکانی سلێمانی و هەولێر سوکایەتییە بە هەبوونی گەلی کورد و گەلانی چەوساوەی ئێران. لە کاتێکدا لەم رۆژانەدا شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە و رژێمی فاشیست و داگیرکەری ئێران درێژە بە کوشتار لە شەقام و ئەشکەنجە و لەسێدارەدان لە زیندانەکان دەدات، بەڕێوەچوونی وەها رێوڕەسمێک بە ئاشکرا دژایەتی شۆڕشی گەلەکەمان و نمونەی دیاری پاڵپشتی لە رژێمی ئێران و لە پشتەوە خەنجەر وەشاندنە لە راپەڕیوانی شەقام.
بێگومان هەر کوردێکی ئازادیخواز و دیموکراسیخواز دەزانێت کە هەڵوێست وەرنەگرتن لە دژی کردەوە و مەراسیمی لەم چەشنە لە باشووری کوردستان هیچ پاساوێکی ئەخلاقی-سیاسی هەڵناگرێت و سوکایەتیە بە کۆمەڵگاکەمان و گەلەکەمان. دوژمنانی ئازادی و دیموکراسی و ئەنجامدەران کۆمەڵکوژییەکانی گەلی کورد بە ئاسانی لە زاخۆوە تا کەرکوک ئەسبی خۆیان تاودەدەن و دەجوڵێنەوە، لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی مەراسیمی جیاجیا ساز دەکەن و بە هەر شێوەیەک بتوانن لە داگیرکەری سەربازییەوە تا لەناوبردنی هەبوونی عەقڵیەتی گەلی کورد، دەست بۆ کردەوەی دژبە گەلی کورد دەبەن. لەئێستادا ئازادیخوازان لە باشووری کوردستاندا لە زیندان توندکراون و رۆژنامەنوسانیش خراونەتە بەندیخانەوە، دۆخی بەڕێوەبەردن و حکومڕانی گرژی تێکەوتووە و رژێمی تورک بەشێکی گرنگی خاکی کوردستانی داگیرکەر کردووە و رژێمی ئێرانیش هەرکات بیەوێت بە ئاشکرا هێرش دەکات، ئازادیخوازانی بەشەکانی دیکە لە شەقامەکان تیرۆر دەکرێن و لەئەنجامی هێرشی ئاسمانیدا دەکرێنە ئامانج، لەلایەکی دیکەوە هاوپێڕەکانی قاسم سولەیمانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران سڵ لە کوشتنی ئازادیخوازانی ستەملێکراو ناکەنەوە. لەوەها دۆخێکدا بەڕێوەبردنی مەراسیمی یادکردنەوەی لەم وەها کەسێک بە واتای "هۆگربوونە بە جەلادەکەی خۆیانەوە" و دەبێتە مایەی لاوازبوونی هەستی نیشتمانپەروەری گەلی کورد و کوشتنی کۆمەڵگای ئازادیخواز. ئەم کردەوە بێباکانە بە بێ لەبەرچاوگرتنی دۆخی گەلەکەمان کە لە راپەڕینی گەورەدان لە دژی سیستمی قاسم سولەیمانی، مایەی شەرمەزارییە. گرنگیپێدان بە وەها رێورەسمێکی دژەگەلی بە واتای دروستکردنی بەربەستە لەبەردەم رێڕەو و پرۆسەی رەوای ئازادی گەلی کورد و گورزی لێدەوەشێنێت. هەروەها نەگەڕانەوە بۆ رای گەلەکەمان لە باشووری کوردستان دوورە لە بنەماکانی ئازادیخوازی و پێوەرەکانی دیموکراسیخوازی.
کۆمیتەی دیپلۆماسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) سەرکۆنەکردن و شەرمەزارکردنی بەڕێوەچوونی مەراسیم بۆ ئەنجامدەری کۆمەڵکوژییەکان لە هەولێر و سلێمانی بە کارێکی ئەخلاقی-سیاسی و ئەرکێکی نەتەوەیی دیموکراتیک بەرامبەر بە گەلەکەمان دەزانێت. بەڕێوەبردنی مەراسیمی لەم جۆرە دژی یەکێتی نەتەوەیی چواربەشی کوردستان و دروستکردنی درز و کەلێنە لە ریزەکانی یەکگرتن و تێکۆشانی چواربەشی کوردستان. لەهەمان کاتدا لە لاوازی هەڵوێستوەرگرتنی گەلەکەمان بەرامبەر بە سیاسەتەکانی حکومەتی هەرێمەوە سەرچاوە دەگرێت، کە دەبێت کە ژیر پەستان و گوشاردا ناچار بکرێت هەستیارییەکانی گەلی کورد رەچاو بکات. هەر بۆیە داوا لە هەموو ئازادیخوازان، پارت و رێکخراوەکان دەکەین کە بەرامبەر بەم سوکایەتییانە بە ئازادی گەلەکەمان و شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" بێدەنگ نەبن. هەڵوێست وەرگرتن بەرامبەر بەم بۆنە و مەراسیمە رووخێنەرانە کە لەسەر بنەمای لاوازکردنی کۆمەڵگای ئازادیخوازی کوردی بەڕێوەدەچن، بە واتای وەستانەوەیە لە دژی لۆزانە یەک لە دوای یەکەکانی دوژمنانی گەل. لەسەر هەر تاکێکی وشیار، ئاگا و ئازادیخوازی کورد پێویستە کە لەمبارەوە، ئەرکە ئەخلاقی، سیاسی و نەتەوەیی- دیموکراتیکەکانی جێبەجی بکات و هەڵوێستی خۆی دەرببڕێت، بەو هیوایەی کە بەڕێوەچوونی مەراسیم بۆ کەسێک کە لە ئێستادا پەیکەرەکانی لەناو ئێران ئاگریان تێبەردەدرێت، بۆ رژێمەکەی ئەستەم بێت و جێپێکانیان لە کوردستان کاڵ بێتەوە".
کۆمیتەی دیپلۆماسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)
هـ . ب