پەژاک: داعش لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە هاوکاری رژێمی ئێران هێرش دەکاتە سەر گەل
مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لەبارەی هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر گەل لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی شارەکانی مەریوان، سەقز و سنە راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لەبارەی هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر گەل لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی شارەکانی مەریوان، سەقز و سنە راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیاندراوەکەى پەژاکدا هاتووە، گروپە توندڕەوە ئیسلامییەکان و داعش بە هاوکاریی هێزە ئەمنییەکانی رژێمی ئێران هێرش دەکەنە سەر گەل، بەڵام گەلی ئێمە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، هێزی بەربەرەکانی لە گەڵ داعشی سونە و شیعە هەیە.
پەژاک راشیگەیاندوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر وەک تورکیا دەیەوێت گروپە چەتەکان و توندڕەوەکان لە دژی گەل بۆ خواستەکانی خۆی بەکار بهێنێت و دەوڵەتانی ئێران تورکیا بە شێوازی جیاجیا پشتیوانی لەو گروپە دژە مرۆی و دژە دیموکراسییانە دەکەن.
پەژاک ئەوەشی راگەیاندوە، داعش لە عێراق و سوریا چەندین ناوچەى داگیرکرد و تاکە هێز و گەل توانیی رووبەڕووی داعش بێتەوە تێکی بشکێنێت گەلی کورد بوو، بەڵام ئێستا کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیهەوێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئەم تاقم و گروپە بەکار بهێنێت و لە ژێر حمایە و پشتیوانی هیزە ئەمنیەکاندا، ئاژاوە دروست بکات کە لە هەل و مەرجی قەیراناوی دا ئەم تاقمە روبەڕوی گەل و رەوتی شۆڕشگێڕی گەلەکەمان بکاتەوە.
دەقی راگەیاندراوەکەى پەژاک
بەیانیە دژی دەستێوردانی توندئاژۆیانی رۆژهەڵات
داعش و ئیسلامی سیاسی توندئاژۆ، رومەتی دزێو و دژەمرۆڤی خۆیان بە جیهانیان نیشان داوە و گەلی ئێمەش زەرەرمەندی سەرەکی کردەوەی ئەم گروپە تێرۆریستیانەن و بە خوێن و گۆشت لە بەرامبەر ئەم گروپە تێرۆریستانەدا بەربەرەکانی کردوە.
داعش و ئیسلامی سیاسی توندئاژۆ دەستکردی سیاسەتی کۆنەپەرەستانە و پاکتاوکردن و دژە دێمۆکڕاسین، ئاکتەرانی ناوچەکە و دەوڵەتانی ئێران و تورکیە بە شێوازی جیاواز پاڵپشتی ئەم تەیفە کۆنەپەرەستە دەکەن و لە داهاتوشدا بە شێوازی جیاواز بە دژی گەلی ئێمە و روحی دێمۆکڕاسی لە ناوچەکە بە کاریان دەهێنن.
لەم رۆژانەدا گەلی ئێمە لە رۆژهەڵاتی کوردستان روبەڕوی هێرشی تاقمێکی توندئاژوی ئیسلامی سیاسی بونەتەوە، هاوکات لە شارەکانی مەریوان سەقز و سنە هێرشی ناڕەوایان بە بیانوی جیاواز کردۆتە سەر خەڵکی مەدەنی، کات و شێوەی ئەو هەجمانە نیشان دەدات کە پلانێکی بەڕێکخستن کراو و بە پشتیوانی دەستەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوە چوە و ئامانجی تایبەتی لە پشتە.
وەک چۆن داعش لە لایەن تورکیەوە لە ناوچەکە پشتیوانی لێدەکرێت بۆ ئامانجی تایبەت، بە هەمان سیاسەت کۆماری ئیسلامی ئێرانیش دەیهەوێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئەم تاقم و گروپە بەکار بهێنێت و لە ژێر حمایە و پشتیوانی هیزە ئەمنیەکاندا، ئاژاوە دروست بکات کە لە هەل و مەرجی قەیراناوی دا ئەم تاقمە روبەڕوی گەل و رەوتی شۆڕشگێڕی گەلەکەمان بکاتەوە.
لە هێرشی داعش بۆ سەر موسڵ و شەنگال و بەشێک لە سوریە، دەوڵەتانی سوریە و ئێڕاق هێزی بەربەرەکانی داعشیان نەبوو و داعش بە پلان و ئاجندایەکی تایبەت توانی بەشێکی زۆر لە خاکی ئێڕاق و سوریە بگرێت، بەڵام هەر کەس باش ئەوە دەزانێت کە چۆن گەلی شۆڕشگێڕی کورد لە بەرامبەر داعشدا راوەستان و شکستیان بەم گروپە دژەمرۆڤیە هێنا، بە هەمان شێواز گەلی ئێمە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، هێزی بەربەرەکانی لە گەڵ داعشی سونە و شیعە هەیە، و ئەم بیرۆکە کۆنەپەرەستانە کە لە لایەن گروپێکی دیاریکراو بەڕێوە دەچێت، لە گەڵ روحی گەلی ئێمە نامۆیە و شوێنی ئەوانە لە ناو خەڵکی ئێمەدا نابێتەوە.
گەلی ئێمە لە رۆژهەڵاتی کوردستان چۆن بە پشتیوانی بەرینی خۆیان لە کوبانی و شەنگال و هەمو شار و شارۆچکەکان دژ بەم رێکخراوە توندئاژۆیە دەرکەوت و شکستیان پێ هێنا، ئێستاش گەنجان، ماموستایانی ئاینی، هەمو تەیفەکانی کۆمەڵگا لە بەرامبەریان رادەوەستنەوە و جێگای ئەم ئەم جۆرە بیرکردنەوە کۆنەپەرەستانە لە کوردستان رێگەپێدراو نابێت.
ژ.ت