پەژاک: ساڵی ٢٠٢٣ دەبێتە ساڵی گۆڕانکاریی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی شیکارییەک ڕاگەیاند، ساڵی ٢٠٢٣ دەبێتە ساڵی گۆڕانکاریی مۆدێڕنیتەى دیموکراتیک لەلایەن گەلانی کوردستان، ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەوڕاستەوە.

پەژاک لە شیکاریەکەیدا باسی لە گرنگترین ڕووداەکانی ساڵی ٢٠٢٢ و شەهیدبوونی ڕێزان جاوید و بۆردومانەکانی ئاسۆس و پێنجوێن و شۆڕشی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و ئامانجەکانی و گرنگیی کردووە.

 هەروەها باسی لەخەبات و تێکۆشانی بەشەکانی تری کوردستان و کاریگەریی بەرخودانی گەریلا، شەنگال و رۆژئاوا لەسەر رۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچەکە کردوە.

پەژاک لە شیکاریەکەیدا بۆ دورکەوتنەوە لە شەڕ و قەیرانەکان باسی لە گرنگیی مۆدێڕنیتەی دیموکراتیک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێران و ناوچەکە کردووە.

 دەقی شیکارییەکەی پەژاک:

٢٠٢٣ ساڵی گۆڕانکاریی مۆدێڕنیتەى دیموکراتیک لەلایەن گەلانی کوردستان، ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەوڕاستەوە دەبێت

شیکاریی سیاسیی پەژاک

گرنگترین ڕووداوی ساڵی ٢٠٢٢ بۆ گەلی کورد بەرخودان لە دژی فاشیزم بە تایەبتی بەرخودانی رێبەر ئاپۆ و گەلەکەمان لە دژی سیاسەتی گۆشەگیریی ڕەها لە ئیمراڵی، جەنگی هەشت مانگەى گەریلا لە ناوچەکانی مەتینا، زاپ و ئاڤاشین تاوەکو قەندیل، ئاسۆس و پێنجوێن، ڕوودانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و بەرخودانی رۆژئاوا و شەنگال لە بەرامبەر سیناریۆ کاولکارانەکانی دوژمن دا بوو. لە ئێران ساڵی ٢٠٢٢ بوو بە ساڵی ڕاپەڕین و شکڵگرتنی بزووتنەوەیەکی گەورەی جەماوەری و لە سایەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکدا لە ماوەی زیاتر لە سێ مانگی ڕابردوودا، وەرچەرخانی بونیادی تاکە ڕێگای نەجاتی کۆمەڵگایە لە زنجیری قەیرانی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ...هتد. ئەم بزووتنەوەیە لە ڕەوتی ئەم وەرچەرخانە بونیادییەدا، لە بنەڕەتدا "شۆرشی رۆشنبیریی سەدە" لە ئێران دەستیپێکردووە و پێداگریی کۆمەڵایەتیی بەهێز بۆ بە ئەنجامگەیاندنی دروستبووە. بە دەستپێکردنی ڕسکانی سەرتاسەری، ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان چوونەتە قۆناغی پێشبڕکێ بۆ دروستکردنی گۆڕانکاریی شۆڕشگێڕانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، بۆیە ئەرکێکی قورس کەوتووەتە سەر شانی ئەم کۆمەڵگە هۆشیار و بە ئاگاهاتووە. بێگومان ساڵی ٢٠٢٣ ساڵی وەرچەرخانی مۆدێڕنیتەى دیموکراتیک دەبێت لەلایەن گەلانی کوردستان، ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.

بەردەوامیی پێداگرانەی زیاتر لە سێ مانگ ئاخێزی سەرتاسەری و بە گەڕانەوەی گەلەکەمان بۆ شەقامەکانی جوانڕۆ لە چلەی گیانبەختکردوان و دوایین ڕۆژەکانی ساڵی ٢٠٢٢ سەلمێنەری بەردەوامیی بەهێزی ڕاپەڕینە لە ساڵی ٢٠٢٣دا. زیاتر لە چوار دەیەیە رژێمی کۆماری وەلایی ئێران بە درێژەدان بە دەسەڵاتی فاشیستیی و داگیرکەرانەیان بەسەر گەلانی وەزاڵەهاتوو و سەپاندنی بەرژەوەندییەکانیان  حکومەتێکیان لەسەر بنەمای ملهوڕی بەڕێوەبردووە. بەربڵاوبوونەوەی قەیران، هەژاری و برسێتی، تێکدانی ژینگە، بێکاری، رێگریکردن لە ئازادییەکانی هاووڵاتییان، ئایینەکان و نەتەوەکان، گەورەتربوونی فاشیزم و زیاتر میلیتاریزەکردنی کوردستان، بەلوچستان و خوزستان، گرتنەبەری شێوازەکانی تۆقاندن، لەسێدارەدان و بڵاوکردنەوەی ترس بە ناو کۆمەڵگەدا، نیشانەی گەیشتنی دۆخی ئێستای ئێرانە بە خاڵی تەقینەوە. کۆمەڵگەش بۆ پێکهێنانی گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە چوارچێوەی شۆڕشێکی گەورەی سەدەدا، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"یان دەستپێکردووە و بەهۆی ئەوەی گەڕانەوە لە رێگای ئەم شۆڕشەدا مەترسیەکانی توندبوونەوە و بەرزبوونەوەی مەترسییەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری لە دژی گەلان، کە لە ئاستی ڕوودانی کارەساتدا دەبێت، کۆمەڵگە پێداگرە بە درێژەدان بەم ڕاپەڕینە تا سەرکەوتن. ئەم ئومێد، ورە، لێبڕانە بەهێزە لە ناو هەموو ڕاپەڕیوان و کۆمەڵگەی مەدەنیی ئێراندا بە ئاشکرا دەبینرێت.

بە چوونە ناو ساڵی ٢٠٢٣ چاوەڕێی ئەوە ەکرێت، کە کۆمەڵگەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان هاوکات لەگەڵ بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی خۆی، بە ئاگاداربوون لە گرنگی و ژیانی بوونی ساڵی نوێ بۆ ئازادیی گەلی کورد، بە یەکگرتوویی و خۆڕێکخستنی بەهێزتر، شۆڕشەکەی خۆیان بە سەرکەوتن بگەیەنن. لە چەند مانگی ڕابردوودا هێرشە ئاسمانییەکانی تورک لە دژی پێگەکانی گەریلاکانی پەژاک لەناوچەکانی ئاسۆس و پێنجوێن و شەهادەتی هەڤاڵی پێشەنگمان "ڕێزان جاوید"، کە بە هەماهەنگیی تورکیا و خیانەتکاران و بە کرێگیراوان ئەنجامدرا، یەکێک لە گرنگترین ڕووداوەکانی ساڵ بوون. بۆ هەموان ڕوونە، کە بەرخودانی گەریلاکانی "هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)" لە ماوەی ٨ مانگ دا، کە دەتوانرێت ئەوە بە جەنگی کیمیایی و توندترین هێرشەکانی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوو لێکبدرێتەوە، کە بە شێوەیەکی سەرکەوتوانە سوپای تورک و پشتیوانەکانی، ناتۆ-یان چەقاندووە. گەرچی میدیاکانی ناوچەکە و جیهان هەوڵی پەردەپۆشکردنی شکستی سوپای تورک و پشتیوانەکانی لەو جەنگەدا دەدەن، بەڵام ئەم جەنگە بۆ چەسپاندنی هیزی بەرخودانی شۆڕشگێڕانەی گەلی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستاندا بووەتە تاکە کۆڵەکە. ئێستا زیاتر لە سەد ساڵ جەنگ و داگیرکەریی دوژمن بەهۆی جەنگی هەشت مانگەى گەریلا لە زاپ، مەتینا و ئاڤاشین لە قۆناغیی کۆتایی خۆیدا ڕووبەڕووی بێ ئەنجامی و شکست بووەتەوە، ئەمەش ڕووداوێکی بێ وێنە و پڕ لە بایەخە، کە لە ئاستی گەرەنتیکردنی سەرکەوتنی کورددایە لە هەر چوار بەشی کوردستان. ئەم بەرخودان و تێکۆشانە مێژووییە، هێرشی بێ وێنە و توندی تورکیا و پشتیوانەکانی لە عەفرینەوە تاوەکو شەنگال، قەندیل، ئاسۆس و پێنجوێن تووشی داڕمانێکی ئابڕوبەرانە کردووە و بووەتە هۆی ئاسوودەیی بیر و هۆشی گەلەکەمان کە شۆڕشی کوردەکان لە رێگەی جەنگەوە لەناو ناچێت. شێوازی تێکۆشان و چەکداریی شۆڕشگێڕیی لەم جەنگە هەشت مانگییەدا لە جۆری خۆیدا لە ئاستی جیهاندا بی هاوتایە و دەبێتە هۆی ئەوە دوژمنان پیاداچوونەوە بە سیاسەت و تاکتیکەکانیاندا بکەنەوە. تەنانەت جگە لە سەرکەوتنی جەنگی شۆڕشگێڕانەی بزووتنەوەی ئازادیخواز بەسەر دوژمن دا، بە سەرکەوتن لە دژی هیڵی خیانەت لە هەر چوار بەشی کوردستان ئەژمار دەکرێت و ئەمەش وەرچەرخانێکی کەم نییە بۆ گەلی کورد و بزووتنەوەکەی.

تێکڕای ئەم تێکۆشان و بەرخودانە شۆڕشگێڕانەیەی گەلی کورد لە بەشەکانی تری کوردستان، هەم لەسەر رۆژهەڵات و هەم لەسەر ئێران کاریگەرییەکی دیار و گرنگی هەبووە. لەوەش زیاتر، مۆدێڕنیتەى دیموکراتیک بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی گەلی کورد لە ڕێڕەوە عەقڵی و کردارییەکاندا ئەو کاریگەرییەی دروستکردووە، کە دروشم و فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" وێنای هەمان ئەو کاریگەرییە قوڵەیە. بێ هۆ نییە، ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سێ مانگی ڕابردوودا بووەتە پێشەنگی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لە سەرتاسەری ئێران دا. ئەو ڕاپەڕیوانە، کە لە یەکەم ڕۆژەکاندا لە سەقز دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یان بەرزکردەوە، هەمان ئەو نەوەیەن، کە ساڵەهای ساڵ، بزووتنەوە لەسەر بنەمای مۆدێڕنیتەی دیموکراتیک پەروەردەی کردوون. هەر چۆن وڵاتەکانی تورکیا، سوریا و عێراق و بەشەکانی تری کوردستان لە تەقینەوەی شۆڕشگێڕانەی مۆدێڕنیتەی دیموکراتیک لە سایەی ڕەنج و تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ دا کاریگەر بوون، ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە پاراستنی جیاوازییەکانیەوە لەو کاریگەرییە قوڵانە بە دوور نەبووە و بە سەرتاسەریکردنی هۆشمەندی و عەقڵیەتی مۆدێڕنیتەی دیموکراتیک، ئێرانیش کەوتووەتە سەر رێگای وەرچەرخانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم مۆدێڕنیتەیە گرنگترین و ژیانیتیرین شانسە بۆ ئۆپۆزسیۆنی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کە دەتوانێت و وەک گوریسێک بۆ ئازادی دەستی پێوە بگرێت. لە سایەی گەشەی تێکۆشانی بزووتنەوەی مۆدێڕنیتەی دیموکراتیک دا، ئەم بزووتنەوەیە لە کوردستانیبوونەوە بە ئێرانیبوون و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستبوون گەیشتوە. ئەویش مۆدێڕنیتەیەک، کە چوارسەد ساڵی ڕابردووی بزووتنەوەکانی تێکۆشانی جیهانی بە تایبەتی گەورەترین شۆڕشی سەدە واتە، شۆڕشی ئۆکتۆبەرەی ١٩١٧ سەرکەوتو نەبوون لە بونیاتنانیدا، بەڵام بزووتنەوەی کوردەکان زۆر بە بەهێزی تیادا سەرکەوتن و سەریان خست. ئەمە ڕاستییەکی مێژووی و مرۆییە بۆ گەلی کورد، کە هیچ کەس ناتوانێت بچووکی بکاتەوە. ئەمڕۆ ڕیشەکانی ژیانبخەشی مۆدێڕنیتەی دیموکراتیک لە خاکی وڵاتانی عەرەبی، تورکیا و ئێران هەڵیکردووە و بە دڵنیاییەوە ئێران بە دەستپێکردنی شۆڕشی شکۆمەندانەی خۆی مۆری سەرکەوتنی کۆتایی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات. ئەو دۆخە کە ئێستا ئێرانی تیادایە، دۆخێکی شۆڕشگێڕانەی گەورەیە لە پێناو بەدیهێنانی  ڕیشەیترین وەرچەرخانی سەدەی بیست و یەک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا. بۆیە نکۆڵیکردن لەو ڕاستییە چ لە لایەن دەسەڵاتی فاشیستی ئێران و چ لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە، لەلایەن بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی گەلانەوە قبوڵ ناکرێت. کەواتە ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە، کە ئەمڕۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دا دەستپێکردووە، سنووردار نییە بە ناو سنوورەکانی ئێرانەوە، چونکا ڕەهەندی دەرەکی و ناوچەیی بە خۆیەوە گرتووە. ئەم ڕەوتە شۆڕشگێڕییە بە کۆمەڵکوژی لە شەقامەکان و لەسێدارەدان لە زیندانەکاندا سەرکوت ناکرێت. بۆیە ڕاپەڕینی چواربەشی کوردستانیش سنووردار نییە بە سنوورەکانی کوردستان و گەلی کوردەوە. لەبەر ئەوەشە ئێستا عەرەبەکان، گەلانی ئێران و تورکیاش کەم تا زۆر کەوتوونەتە سەر ئەم ڕێگای وەرچەرخانە لەناوچەکەدا، ئەمڕۆش دۆخێکی سیاسی – سەربازیی هەستیار هاتووەتە گۆڕێ.

ئێران بە کەڵەکەبوونی مەترسییەکانی قەیرانگەلی کۆمەڵایەتی، ئابووری، ژینگەی و بژێوی، ژیانی تاک بە تاکی مرۆڤەکانی تووشی مەترسیی هەژار و برسێتی و لە سێدارەدان کردوەتەوە و نرخی دۆلار وەک هێمای گوشاری دەرەکی جڵەو ناکرێت، لە پاڵ هەر چوار بەشی کوردستاندا، چارەنووسسازبوون ئەنجامی شۆڕشی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە ساڵی ٢٠٢٣دا. قبوڵکردنی مۆدێڕنیتەی دیموکراتیک بە ئامانجی قبوڵکردنی داواکانی ڕاپەڕیوان لە لایەن ئێران، قۆناغی چارەسەرکردنی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆتایی هێنان بە جەنگ و قەیرانەکان بە دوای خۆیدا دەهێنێت، بەڵام لە ئەگەری ڕەتکردنەوە و نکۆڵیکردن لەو ڕاستییە، بێگومان رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵی نوێ دا تووشی قۆناغێکی تر لە جەنگەکان و قەیرانە کاولکارەکان دەبێتەوە. کەواتە پێشەنگایەتیی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئاڕاستەکردن و رێنوێنیی کۆمەڵگەی ئێران لە پێناو کەوتنەسەر ڕێگای وەرچەرخان، ئەویش بە پێشەنگایەتیی ژنان، زۆر چارەنووسساز دەبێت. تاکە تایبەتمەندی و فاکتەری وەرچەرخانەکان گوتەزای تیکۆشانە بە پشتبەستن بە ستراتیژی، بەرنامە و تاکتیکەکانی تێکۆشان، جگە لەوە کۆمەڵگە و دەسەڵاتی ئێران لەو مەترسییانە ڕزگاریان نابێت، کە بووەتە هەڕەشە بە سەریانەوە.

ژ.ت