ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە مستەفا قەرەسوو لە میانی "بەرنامەی تایبەت"ی کەناڵی تەلەڤزیۆنی مەدیا خەبەر هەڵسەنگاندنی بۆ پرسە گەرمەکانی رۆژ کرد. قەرەسوو سەرنجی راکێشا بۆ سەر هەڵبژاردنەکانی تورکیا و دەستنیشانیکرد، کە تێکۆشانی گەلی کورد ئەنجامەکانی هەڵبژاردن یەکلایی دەکاتەوە.
هەڵسەنگاندنەکانی قەرەسوو بەم جۆرەن:
ئەردۆغان نازانێت چی دەڵێت
زۆرترین هێرشیان کردە سەریان و سوکایەتیان پێکردن. وەستانەوە لەبەردەم دەوڵەت، تاوان،... هەلومەرجەکان گونجاو بوونایە لەوانەیە هەموویانی بگرتایە. لە چەند شوێنێک هێرشیان کردە سەریان، لێیان دان و ئەشکەنجەیان کردن. واتە بابەتەکە تەنها چەند ڕۆژ دواکەوتن نەبوو. ئەوان هێشتا بە خەڵکی دەڵێن:٢٠ ڕۆژی بەسەردا تێپەڕیوە، دەڵێن: 'ئێمە چادر دەدەین، کۆنتێنەر دەدەین، نان دەدەین، خواردن دەدەین'. بە بێ ئەوەی شەرم لە خۆیان بکەن.
باسی گەردن ئازادی دەکات، گەردن ئازادیی چی، مرۆڤ بەو شێوەیە گەردن ئازادی دەکات؟ تۆ تاوانت کردووە، دەبێت تۆ سزای بکێشیت. دەڵێت، ئێمە گەردن ئازادی لە یەکتر بکەین، با من لە دەسەڵاتدا بمێنمەوە. وەک ئەوەی ڕووداوێک لە نێوان کۆمەڵگا و کەسێکدا ڕوویدابێت، کەسێک گیانی لە دەستداوە، یان بریندار بووە، یان هەڵەیەکی کردووە، باسی گەردن ئازادی و ئاشتەوایی دەکات. تۆ زیانت بە ١٣ ملیۆن کەس گەیاند و ماڵ کاولت کردن و لەناوتبردن. ژمارەی دانیشتوانی هەندێک لە وڵاتەکان ١٣ ملیۆن کەسە. تۆ بەمشێوەیە کۆمەڵگات ڕووخاند.
ئەو پیاوە شەرم لە خۆی ناکات، چی دەڵێت؟ 'ئێمە ناتوانین مردووەکان بگەڕێنینەوە، ئیدی مردووەکان مردوون'، ئەوەتا سەرنج بدەن، ئەو کەسە شەرم لە خۆی ناکات! ئەوە مانای چییە، کە بڵێی مردووەکان مردوون؟ ئەوانەی لە لایەن دەسەڵاتەوە کوژراون یەک کەس نییە، دوو کەس نییە، سەدان هەزار کەس کوژراون. باشە ئەوە قسەیە، کە بکرێت؟.
ئەوانەی بوونە هۆی گیان لەدەستدانی مرۆڤەکان دەبێت چییان لێ بکرێت؟ باسی ئەوەی نەکرد، لە خۆی شەرم ناکات. ئێمە ناتوانین مردووەکان بگەڕێنینەوە.... هەر خۆی ناتوانرێت بهێنرێنەوە. سەدان هەزار کەس بەهۆی سیاسەتی تۆوە گیانیان لەدەستداوە، بێگومان ئێمە ناتوانین بیانگەڕێنینەوە، بەڵام ناتوانیت بێیت و بەو شێوەیە بڵێیت؛ ئێمە ناتوانین مردووەکان بگەرێنینەوە، دەبێت ئیدی سەیری پێشەوە خۆمان بکەین. شەرم لە خۆی ناکات. ئایا دەبێت مرۆڤ ئەوەندە بێسوود و بێ کەڵک بێت؟ تۆ بوویتە هۆکاری ئەمە.
ماوەیەک دەیوت، ئێمە خیانەتمان لە ئەستەمبوڵ کرد. ئەوە چیه؟ هەموو باڵەخانە زۆر بەرزەکان لە کاتی تۆدا دروست کراون. لەو ڕووەوە شەرم لە خۆی ناکات. چیتر ناکرێت گوێ لەو کەسە بگیردرێت. نازانێت چی دەڵێت، نازانێت بە چ وشەیەک بەرەو کوێ دەڕوات. باشە ئەو نەبوو، کە دیوت: ئێمە ناتوانین مردووەکان بگەڕێنینەوە. ئیدی مردووەکان بۆ خۆیان مردوون، سەیری ئەوە بکەن، وەک ئەوەی تەنها یەک کەس مردبێت. کاتێک لە کۆمەڵگادا کەسێک دەمرێت مرۆڤ دەڕوات سەرەخۆشی دەکات. چی دەوترێت؟ دەڵێن، مرۆڤ بەهۆی مردنەوە نامرێت، (واتە کەسەکە، یان یادی کەسەکە زیندووە)، چونکا ئەوان زۆر ئازار دەچێژن، بۆیە بەو شێوەیە دەوترێت. بۆ دڵدانەوە و دڵخۆشکردنی مرۆڤەکان ئەوە دەوترێت. باشە ئەوە قسەیە کە لێرەدا دەوترێت (ئیدی مردووەکان مردوون)؟ مانای وشەکان نازانێت. ئەو دەڵێت، با گەردن ئازادیی لە یەکتر بکەین. ئەوانەی کە بەم شێوەیە قسە دەکەن، دەبێت مرۆڤ تف بکاتە دەموچاویان. گەردن ئازادیی چی؟ مرۆڤ بە مردن نامرێ (ئەوان زیندون، یادیان زیندوە). سەدان هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە. سەدان هەزار کەس و ملیۆنان کەس کۆچیان بۆ ناوچە جیاوازەکان کردووە، بۆیە پێویستە لێپرسینەوە لەو بوومەلەرزەیە بکرێت. ئەو هەڵدەستێت و دەڵێت، ئێمە فڵان شتێک دەکەین، ئێمە نازانین چی بکەین. لە ئێستا بە داوە ئەوەی لە تورکیا لەسەر دەسەڵات بێت دەبێت وانە لەو بوومەلەرزەیە وەربگرێت و ئەنجامیشی بدات. ئایا دەکرێت بیناکان وەک جاران دروست بکرێن؟ کێ ئەوانە بۆ تۆ دروست دەکات؟ ئەو دروستی ناکات، لە ڕاستیدا ئەو هەر خۆی بۆ هیچ کەسێک دروستی ناکات، بۆیە دەبێت بە دڵنیاییەوە لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت. گەل لە ئێستاوە چاودێری دەکات. هەر کەسێک بێت، بیناکان چۆن دروست دەکرێن؟ بەهێز دروستیان دەکەن یان نا؟ ئاسنی بیناکان چۆن دادەنرێن؟ لە ئێستاوە چاودێریی ئەوانە دەکەن.
لە ئێستاوە ژووری ئەندازیاران چادێری دەکات، ژووری تەلارسازان و ئەندازیان چادێری دەکات. هەروەها شارەزایانی بومەلەرزەش چاودێریی دەکەن. ئەوە کۆمەڵگاش هەر خۆی چاودێریی دەکات. دەبێت رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕێگە بە دروستکردنی ئەو جۆرە بینایانە بدەن، کە بببنە گۆڕی مرۆڤەکان. بە دڵنییایەوە رێگە بەوە نادەن. دەڵێت، 'من فڵان شت دەکەم'، تۆ سەرەتا بڕۆ باجی ئەوە بدە، کە ڕوویداوە. بەڕاستیش هەر کات ئەردۆغان دوای مردنی ئەو هەموو مرۆڤە قسە دەکات مرۆڤ زۆر توڕە دەبێت.
دەبێت هەموو کۆمەڵگا هۆشیار بن
چەمک و دیدی بەڕێوەبەریی خۆجێی، واتە دێموکراسی، واتە کۆمەڵگا بۆ ژیانی خۆی خاوەن وتە و بڕیار بێت. بە مانای کۆمەڵگایەکی ڕێکخراو دێت. بە مانای ئەوە دێت، کە کۆمەڵگا لە هەموو شتێکدا بەشدارە. بومەلەرزە ڕوویدا، ئافاد ڕزگار دەکات، نا بەو شێوەیە نیە. کاتێک مرۆڤ دەڵێت بەرێوەبەریی هەرێمی و خۆجێیی، کاتێک ڕووداوێک ڕووبدات کۆمەڵگا خۆی ڕێکدەخات و کۆمەڵگە بەخێرایی دەست بە هاناوە چوون دەکات. هەر خۆی یەکێک لەگرنگترین بەرپرسیارانی ئەو بوومەلەرزەیە، کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی سەدان هەزار کەس، سیستمە. بەڕێوەبەریی ناوەندییە، سیستەمێکە. ئەو سیستەمە بووەتە هۆی مردنی مرۆڤەکان. هیچ دەستێوەردانێکی هەرێمی نییە. ئەوە لە ئەستەمبوڵەوە دێت، ئەوە لە ئەنقەرەوە دێت، یان لە هەرێمێکی ترەوە دێت و ڕزگاریان دەکات. ئەوە زستانە هەتا ئەونە دەڕۆن، هەموویان دەمرن. بێگومان لەم بوارەدا دیموکراسیی هەرێمی زۆر زۆر گرنگە. لە هەموو شوێنێکی جیهان دا هەرێمەکان گەشە دەکەن و پێشدەخرێن. لە ئەوروپاش ئەوە دەکرێت. هەرێمی و ناوچەیی هەیە. لە ئەمریکای باشوور هەیە، لە چین هەیە. لە هەموو جیهاندا هەیە. تاکە شوێنێک، کە هەرێمی نییە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. بەتایبەتی ئەو وڵاتانە، کە بەسەر کورددا سەردەست و زاڵن. ئەوان لە نوێبوونەوە دوور کەوتوونەتەوە. وردە وردە بارودۆخێکی جیاواز لە عێراقدا پەرەی سەندووە و تەنانەت لە ئێرانیش لە ئەنجامی نەریتی مێژووییەوە جێبەجێردنێکی بچووک هەیە. لە تورکیا دژایەتیکردنی هەرێم و ناوچەیی هەیە. دژایەتیی هەرێم دەکات، چونکا دەڵێن، ئەگەر ئێمە دەسەڵات بدەینە هەرێمەکان ئەوا کورد لێی سوودمەند دەبێت. بۆ ئەو مەبەستەش دوژمنایەتی شارەوانییەکان دەکەن. ئەوان دوژمنایەتی شارەوانییەکانیان کردووە، بەڵام ئەوەندەش دەسەڵاتیان نییە. شارەوانییەکانی تورکیا دەسەڵاتێکی خۆبەڕێوەبەریی وایان نییە، بەڵام سەرباری ئەوەش لەبەر ئەوەی یەکەیەکی هەرێمی بوو، بۆ ئەوەی کورد سوودی لێ وەرنەگرێ، قەیومیان بەسەر هەموویاندا داسەپاند. دژایەتیی هەرێمی خۆبەڕێوەبەرییان کرد. ئەوە بابەتێکی گرنگە، بۆ ئەوە گرینگه، که بە شێوەی گشتی کاتێک شتێک ڕوویدا لە کاتی خۆیدا بە شیوەی هەرەوەزی بدەمەوە چوون هەبێت، بۆ ئەوەیە گرنگە. ئەگەر شارەوانییەکان ڕێکخراو و رێکخستنکراو بن، ئەوا لە کاتی خۆیدا دەگەن و فریا دەکەون.
هۆشیاری و هۆشمەندیی شارەوانی گرنگە. واتە دەبێت هەموو کۆمەڵگا بەرپرسیار بن بەرامبەر ئەوەی لە شارەکەدا ڕوودەدات. ئەوان لە هەوا، لە ئاو و لە سەوزایی بەرپرسیار بن. ئەگەر بومەلەرزەیەک ڕووبدات هەنگاو دەنین، یان بە هەستیا دەبن و بەپێی ئەوەی ڕوویداوە دەجوڵێنەوە. هۆشمەندیی شار ئەوە دەکات.
لەبەر ئەوە پێشخستن و گەشەپێدانی هەرێمی زۆر گرنگە. کۆمەڵگا خاوەن قسە و وتەیە. من پێشتر ئەوەم لە چەند ناوچەیەک بەکارهێناوە. بەڕاستی ئەوە وتەیەکی زۆر گرنگە: 'دەست دەزانێت کوێ بخورێنێت'. لەو ڕووەوە ه شار یەکە. کێ باشتر دەزانێت، کە داوای شار چییە؟ خەڵکی ناوچەکە، هەرێمەکە دەزانن، حکومەتی خۆجێی و هەرێمی دەزانێت. لەم ڕووەشەوە ڕووداوی بومەلەرزەکە، ئەو ئازارە دەریخست، کە تێگەیشتن و عەقڵییەتی ناوەندگەرایی دەسەڵات چەند زیانی بە کۆمەڵگا گەیاندوە. ئایا زیانێکی گەورەتر لەمە هەیە؟ ئێمە بەم شێوەیە تێگەیشتین. لە بەخاکسپاردنی سەدان هەزار کەس دا بۆمان دەرکەوت، کە بەڕێوەبەریی ناوەندی خراپە، بەرێوەبەریی هەرێمی باشە. لەم ڕووەوە پێویستە کۆمەڵگا ئەم ڕاستییە ببینێت و لە دژی ئەو جۆرە مامەڵەیەی بەڕێوەبەریی ناوەندی بوەستێتەوە.
تورکیا چیتر حکومەتی ناوەندی نییە، حکومەتی تەنها پیاوێکە. وەک هیتلەر. لە ئەنجامی سیستەمێکی وەهادا ئەو کۆمەڵکوژییە قورسانە ئەنجامدران. لەم بوارەدا بەڕێوەبەریی هەرێمی، خۆبەڕێوەبەریی هەرێمی و دیموکراسی هەرێمی زۆر گرنگن. ئەمانە لەسەر چ بنەما و چوارچێوەیەکن؟ لەسەر بنەمای کۆمەڵگەیەکی ڕێکخراوە. پێویستە گەلانی شارەکە خۆیان ڕێکبخەن، چونکا پێویستییان بە ڕێکخستنی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک هەیە. ئەگەر ئەرک و دەسەڵاتی شارەوانییەکان زیاتر بکرێن بە دڵنیاییەوە باشتر کۆمەڵگا ڕێکدەخەن. ئێستا لە جیهاندا، لە ئەوروپادا بەو شێوەیەیە. پێویستی بە خۆبەڕێوەبەریی هەرێمی هەیە. شارەوانیەکان زۆر شت دەکەن. ئێستا پێویستە ئێمە بگەینە ئەو دۆخە.
هۆکاری ئەو ئازارانە چارەسەرنەکردنی کێشەی کوردە
دەبێت هەموو کۆمەڵگا ئەمە ببینن. من سەرنجی دەخەمە سەر. هۆکارێک، کە بووە هۆی ئەو هەموو ئازارە چارەسەرنەکردنی پرسی کوردە، دوژمنایەتیکردنیان بەرامبەر بە کورد. بەهۆی دژایەتیکردنییان بەرامبەر بە کورد لە دژی ئەو بە هەرێمکردنەن. سیستمێک، کە لە ئەنجامی دژە کوردبووندا دامەزرا، ئێستا رێگای بۆ گیانلەدەستدانی سەدان هەزار کەس کردەوە. پێویستە لەمڕووەوە هەموو هێزە دیموکراسیخوازەکانی هەموو کۆمەڵگا و وڵاتپارێزانی تورکیا ئەم دۆخە تێپەڕێنن. دوژمنایەتیکردنی کوردان لە تورکیا هەموو شتێک ژەهراوی دەکات. ئەمە دەبێتە هۆی خراپ پێشخستن. لەبەر ئەوەیە، کە دەبێت هەموو کەسێک ئەمە ببینێت. مەحاڵە بەبێ چارەسەرکردنی کێشەی کورد و تێپەڕاندنی دوژمنایەتی بەرامبەر بە کورد ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن، چونکە ئەگەر بوترێت دەبێت هەرێم کەمێک پێشبکەوێت، ئەوە دەستبەجێ ڕوونادات، چونکا دەڵێن، سودی بۆ کورد و سودی بۆ عەلەوییەکان دەبێت، دەڵێن، قازانجی بۆ عەرەبە و ناڕەزایەتیی لە دژ دەردەبڕن. دەبێت لەم ڕووەوە ئەزموونێکی لەو شێوەیە لەم بوومەلەرزەیە وەربگیرێت.
لە کوردستان تێگەیشتنی کۆمەڵگەی ڕێکخراو و هاوپشتی دروستبووە
دوای بوومەلەرزەکە کاردانەوەی کۆمەڵگەی کوردستان گرنگ بوو. ئەمەش بەشێکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە. لە ئەنجامی تێکۆشانی ئێمەدا تێگەیشتنێکی کۆمەڵایەتی دروستبووە. کولتووری کۆمەلایەتی سەریهەڵداوە. تێگەیشتنی کۆمەڵایەتی بە مانای کولتووری کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگای هاوبەش دێت. کۆمەڵگا تەنیا بە یەکگرتوویی بوونی هەیە. ئەو شوێنەی کۆمەڵایەتیبوونی تیادایە لەو یەکگرتوویی و هاوسۆزی هەیە. شوێنێک کەسپەرەستی هەبێت، لە شوێنێک عەقڵییەتی سەرمایەداری گەشە بکات یەکگرتوویی نییە. لەم ڕووەشەوە تێکۆشان و خەباتی ئایدۆلۆژیمان، گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگای کوردی، ئەو نەریتە کۆمەڵایەتییەی کۆمەڵگای کوردی، کە بە درێژایی مێژوو تاوەکو ئێستا هەیە، تێگەیشتنمان لە ئایدیۆلۆژیای ڕێکخستنکردنی کۆمەڵگا، تێگەیشتنمان، ڕاستیی کۆمەڵگایەکی ڕێکخراوی لە کوردستان و کۆمەڵگایەکی ڕێکخراوی یەکگرتووی دروستکرد. ئەوانیش بەخێرایی دەستبەکار بوون. بە خێرایی ڕۆیشتن بۆ سەمسور، مەرەش و مەلەتی لە ڕۆژئاوای فورات. ئەوان نزیکترین شوێنەکان بوون. ڕۆیشتن بۆ دیلۆک و بەڕاستی هەوڵیان دا چارەسەرێک بۆ ئازارەکانی کۆمەڵگا بدۆزنەوە. هەوڵیاندا چارەسەرێک بۆ بێدەسەڵاتیی کۆمەڵگا بدۆزنەوە. بەڕاستی یەکگرتووەیەکی گرنگ ڕوویدا. ئەمە زۆر گرنگە. بۆ تورکیاش زۆر گرنگە. بەڕاستی لە ناو گەلانی تورکیادا یەکگرتوویی و هاودەنگییەکی گرنگ دروستبوو، پشتیوانییەکی گرنگ و بەرچاو دروستبوو. لەو شوێنەدا، کە تێگەیشتنێکی کۆمەڵایەتی هەبوو، خێرا دەستیان بە هەوڵەکان کرد و لەو شوێنانەدا تێگەیشتنی کۆمەڵایەتی هەببێت یەکگرتوون و پێکەوەیبوونیش بە خێرایی پەرەی سەند. یەکێک لەوانە جەمخانەکان بوو. هەر خۆی لە کۆمەڵگەی عەلەویدا کۆمەڵگەیی بوون هەیە. کۆمەڵگەی عەلەوی دەوڵەتیان نەبینی. ڕاستییەکە ئەوەیە بە درێژایی مێژوو لە کۆمەڵگەیەکی کۆمینالدا ژیاوە.
یەکگرتوویی ژنان گرنگە
واتە دەوڵەتی نەناسیوە، دەوڵەت لەم ماوە نزیکەدا بە تایبەتی دوای ساڵانی ١٩٦٠ ناسیوە، بۆیە لەڕووی کولتوورییەوە کۆمەڵایەتییە. تەنانەت ئەگەر کۆچیان بۆ شارەکانیش کردبێت بەهۆی تایبەتمەندییە سۆسیالیستییەکانی ئەو باوەڕە لە رێگەی جەمخانەکانەوە بە خێرایی خۆیان گەیاندە ناوچە بومەلەرزەلێدراوەکان. بەڕاستی ئێمە پیرۆزباییان لێدەکەین. هەر خۆی هەدەپە پێشتر ڕۆڵێکی گرنگی گێڕاوە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیش لە کوردستان ڕۆڵیان بینیوە. بزووتنەوەی ژنان ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا، بەڵام دیسانەوە هەرچۆنێک بێت بزووتنەوەی ژنان هێشتا لەهەوڵی ئەوەدان، کە لەم بوارەدا زۆر کاریگەر بن، چونکە بزووتنەوەی ژنان ئەوە دەڵێت و ڕاستییەکەش ئەمەیە: ژنان و منداڵان لەم بوومەلەرزەیەدا زۆرترین زیانیان پێگەیشتووە. بوومەلەرزەکە هەموو شوێنێکی وێران کردووە، بەڵام باری سەرەکی لەسەر شانی ژنان، لەسەر منداڵانە. کێشەکانیان لە پیاوان جدیتر و قورسترە. بزووتنەوەی ژنانیش ئەم هۆشیاری و هۆشمەدییەیان بەدەست هێناوە. لە ٨ی مارس-یشدا وتیان، پشتگیری لە بوومەلەرزەلێدراوەکان ەکەن. هەر ئەمساڵ ٨ی مارس-یان وەک شین و ماتەم بەڕێوەبرد.
ژنان لە ناوچە بومەلەرزەلێدراوەکان پێویستیان بە هاوکاریی گەورە هەیە. ئەمە لە ٨ی مارس-یشدا نیشاندرا، بۆ ئەوەش دەبێت هەموو نیاز و ئامانجەکە ئەوە بێت. بڕیارەکەی بزووتنەوەی ژنان لەمبارەیەوە ڕاست و دروستە و دەبێت هەرواش بێت. پێویستە لە ٨ی مارس لە تورکیا و کوردستان ئەو تێگەیشتنە دروست بێت. ژمارەیەکی کەم نین، ملیۆنان کەسن. بەڕاستی ژنان باری قورسی بوومەلەرزەکە هەڵدەگرن. ئەوانی چاودێری و سەرپەرشتیی منداڵەکان دەکەن ژنان، خواردن دروست دەکەن و چەندین کاری تر ئەنجام دەدەن. لە کۆمەڵگای پیاوسالاردا ژنان هێشتا ئەو کارانە دەکەن. ڕەنگە پێشتر گرنگیی ئەم کارانە زۆر ڕوون نەبونایە، بەڵام ئێستا زۆربەری هەرە زۆری ڕێگا سەرەکییەکانی ژیان ژنان بەڕێوەی دەبەن و ئەنجامی دەدەن. بێگومان لەم ڕووەشەوە گرنگە لە ٨ ی مارسدا پێشەنگایەتی بزووتنەوەی ژنان و هاودەنگیی و یەکگرتوویی مۆر بەڕێوەبچێت و ئەنجام بدرێت.
لەم ڕووەشەوە لە ناو کۆمەڵگای تورکیادا ڕۆحیەتێکی گرنگی هاوپشتی نمایشکرا، دەبێت بە ڕاستی ئەم لایەنە پیرۆز بکرێت. پاش ئەوەی حکومەت ئەمەی بینی، ئەوە ڕوون بوویەوە، کە کۆمەڵگای مەدەنی هاوکارییەکی زۆری کردووە، لەو کاتەدا و لە دوایدا وتیان، 'ئێمە سوپاسی هەموو کەسێک دەکەین، لەناویشیاندا ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی' لە بەرامبەردا دەوڵەت کاری لێدان، نەفرەت، سووکایەتی، قسە لە دژکردنی هەیە، چونکا وتیان، ئەوەتا دەوڵەتێک هەیە، تۆ چیت، بەڵام دواتر ناچاریان بوونەوە. ئەوان بە ڕاستی ڕیسوا بوون. باسی کارەکانی مانگی سووری تورک دەکەن. هەر خۆی ئافاد نییە. ئەوەیان لە ماوەی سێ بۆ چوار ڕۆژدا دیت، کەواتە ئەوە چارەسەر نییە، نازانم چەند هەزار ماڵ وێران بوون، ڕەنگە زیاتر ١٠-٥ هەزار ماڵ بن. کۆمەڵگا بەردەوامە لە پشتگیریکردنی خۆی، دەشبێت بەردەوام بێت. هەموو کەس لە تەلەڤزیۆندا دەڵێت، ئێمەش لەگەڵ ئەواندا هاوڕاین. ئەم یەکگرتنە تەنها بۆ مانگێک نابێت. ئەوە بە ٢ مانگیش نابێت، ١٥ ملیۆن کەس لەم ئازار و کارەساتەدا دەژین. ساڕێژبوونی بە یەکگرتنی هەفتانە نابێت. دەبێت بەردەوامیی هەبێت، هەموو کات پشتیوانی و خاوەنداریی لێ بکەن.
دەمانەوێت ژیانێکی هاوبەش بنیات بنێین
بزووتنەوەکەمان بە خێرایی بڕیاری ڕاگرتنی چالاکیی دا. بانگی چالاکی نەکردنی بڵاوکردەوە. فەرمانی بە هەموو هێزە سەربازییەکان کرد. بێگومان وتی ئەگەر هێرش ئەنجامبدرێت ئەوان خۆیان دەپارێزن. ئەمە کارێک و بارودۆخێکی گرنگ بوو، چونکا لە دۆخێکی ئاوادا چی دەکرێت؟ ئەگەر ئەمە نەکرێت، ئەوە دەچێتە پۆزسیۆنی دەوڵەتی تورکەوە. دەچێتە پۆزسیۆنی خولوسی ئاکارەوە. سەدان هەزار کەس دەمرن و وەک ئەوەیە، مرۆڤ بڵێ من چی بکەم. باشە کاتێک ئەو هەموو خەڵکە زۆرە لە ژێر داروپەردووەکاندان و ئەو هەموو ئازارە بچێژن دەبێت چی بکرێت، ئەوە بوو ئێمە بڕیاری ڕاگرتنی چالاکییەکانمان دا. ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ گەلانی تورکیادا تورکیایەکی هاوبەش دروست بکەین. ئێمە دەمانەوێت ژیانێکی هاوبەش بنیات بنێین. دەمانەوێت لە تورکیایەکی دیموکراتیدا پێکەوە بژین. بێگومان ئێمە ئازار و هەستەکانی ئەم گەلانە لەبەرچاو دەگرین. ئەگەر ئێمە لە سەختترین کاتدا ئەم بڕیارەمان نەدەدابا، ئەوە کارێکی دروست نەدەبوو. ئەمە هەم پێویستیی هێڵی فیکری و ئایدۆلۆژیی و هەم دۆخێکی ویژدانییە.
بەڵام بێگومان دەوڵەتی تورک دەیەوێت کورد لەناوببات و دەیەوێت کۆمەڵکوژی و پاکتاوکردن بکات، بۆیە ئەو سوورە لەسەر شەڕ. ئەو چی دەڵێت؟ ئەو دەڵێت، 'تاوەکو تیرۆریستێک بمێنێت، من لەناوی دەبەم'. ئەمە سیاسەتی ئەوانە، ئەمە تێگەیشتن و عەقڵییەتی ئەوانە. هیچ سیاسەتێکیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد نییە. ئەوەیە، کە هەموو شتێک کاول و وێران دەکات و لەناویدەبات. ئەمە سیاسەتی سەدەیە. سەدان ساڵە لە دژی کورد شەڕی کردووە و شەڕی کۆمەڵکوژکردن و سڕینەوە دەکات. دیارە لە سەردەمی شێخ سەعید دا چییان کرد، ئەوەی لە دێرسیم کردیان ئاشکرایە. دووبارە لە ئاگری تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتیان ئەنجامدا، تاوانەکانیشان لە سەردەمی خەبات و تێکۆشانی ئێمەدا ڕوون و ئاشکرایە.
هەڵبەت پێداگری لە سەر شەڕ دەکات. کەی دەچێت؟ بە دیموکراتیکبوونی تورکیا ئەو ئەقڵیەتە قڕکەرە لە تورکیا تێکدەشکێندرێت. ئەو کاتە دەستبەرداری ئەو سیاسەتی شەڕە دەبن. ئێستا بە پێی وتەکانی خولوسی ئاکار لێخوشبوون لە تاوانەکانی گەورەترە. بەراستیش لێبوردنی ئەو لە تاوانەکانی گەورەترە. ئەوە بەو مانایەیە کە لەو بومەلەرزەدا ٢٠٠ هەزار کەس مردوون، بە دەیان و سەدان هەزار کەس لە ژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکاندا ماونەتەوە. ئایا لەسەر سنووری سوریا لە دژی تۆ هێرش هەیە؟ دەڵێت کێ سنووری سوریا بپارێزێت. مەگەر کەس هێرشی کردووە؟ خۆی ئەوان وتبوویان لە کاتی بومەلەرزەدا چالاکی ناکەن.
بۆچی دینامیکترین و گەنجترین بەشی کۆمەڵگا نانێرن؟ ئەوان چی دەکەن؟ ئەوان دەخەنە ناو سوپاوە. هەموو گەنجانی ٢٠ ساڵ، ئەوانەی ٢٢ ساڵن، ٢٥ ساڵن. تەمەن ٥٠ ساڵ هەیە کە خانووەکەیان رووخاوە، ٦٠ ساڵ، ٧٠ ساڵ، ٤٠ ساڵ هەیە. گەنجیشیان تێدایە و ئەوانەشیان تێدایە کە گەنج نین. بەڵام سوپا هەمووی گەنجە. ئەوان دەتوانن هەموو کارێک لە هەموو شوێنێک بکەن. لەبەر ئەوە مرۆڤ دەتوانێت بە ئاسانی ئەوانە لە ژێر خانووە رووخاوەکاندا دەربهێنێت. ئەو کەسە گەنجانەن. لەم رووەوە بەراستیش شەرمە کە مرۆڤ بڵێت کە بە هەزاران کەس دەمرن. بیر لە گەل ناکاتەوە. رەنگە ئەوان بمرن. ئەو سەربازانەش منداڵی ئەو گەلەن. بەڵام سوپای تورک بەردەوام دەبێت، کوڕی گەل دەبەن بۆ شەڕ. ئەوان لەگەڵ ئێمە لەشەڕدان. ئەوان بمرن، بۆ ئەوەی کەس پێینەزانێت، تەرمەکانیان دەسوتێنن. ئێستاش بنەماڵەی ئەو کەسانەی لەناو سوپادا ماڵەکانیان رووخاون، دەڵێت ناتوانم سەربازەکان رەوانە بکەم.
لە بوومەلەرزەکەدا گەنجان بۆ هاوکاری نەچوون. ئەوان لە رۆژی یەکەمەوە لەوێ بوون. کاتێک جێگەی بڕوانەبوو وتی دەست لە سنوور هەڵدەگرم. وەک ئەوەی لە سەر سنوور هەموو کەس دژی تورکیا شەڕ دەکات. تۆیت شەڕ دەکەیت، تۆیت هێرش دەکەیت. لەم رووەوە گەلانی تورکیا دەبینن راستی دەوڵەتی تورک چییە، قسەکانی خولوسی ئاکار هەموو شتێک دەردەخەن.
دەبێت خاوەنداری لە خاکی خۆمان بکەین
دوای دامەزراندنی کۆمار، لە ساڵی ١٩٢٦ پلانی شارک ئیسڵاحات کەوتەبواری جێبەجێ کردنەوە. لە ساڵانی ٢٤ و ٢٥ لەسەر جینۆسایدی کوردان بڕیار دەرچوو. رێبەرایەتی رووداوەکەی شێخ سەعیدی وەک جینۆسایدی کوردان هەڵسەنگاندووە. پلانی شارک ئیسڵاحات کەوتە پراکتیکەوە. ئامانجی سەرەکی و بنجینەیی لە پلانی شارک ئیسڵاحاتدا رۆژئاوای فرات بوو. هەربۆیە ئەو بومەلەرزەیە لە رۆژئاوای فرات روویدا.کێشەی سەرەکی ئەوەیە، بۆ گۆڕینی دیموگرافیا لەوێ کۆمەڵکوژی مەرەشی هەڵسەنگاند، رووداوەکانی مەلەتیەی هەڵسەنگاند. لەو بوارەدا دوای بومەلەرزە هەموو گەلی کورد لەوێ چاودێری سیاسەتی کۆچبەری دەکات. لەبەر ئەوەی ئەقڵیەتیان بەو جۆرەیە. زۆرینەی کوردان لە رۆژئاوای فرات سەدا ٧٠-٨٠ عەلەوین. هەڵبەت هەم کوردی سونە هەیە و هەم کوردی عەلەوی. لە رۆژئاوای فرات هەم کوردی سونە و هەم کوردی عەلەوی گورزی گەورەیان بەرکەوت. ئێستا گۆڕینی دیموگرافیای ئەو شوێنانە وەک سیاسەتێکی لە مێژینە هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێ دەکرێت. لەبەر ئەوەی کردەوەکانی ئێستا گۆڕانکارییەکی بەو جۆرەی دیموگرافیا نیشان دەدات، هۆشداریم بە کۆمەڵگای عەلەویدا. کۆمەڵەکانی عەلەویەکانیش لەو رووەوە بە هەستیاری مامەڵەیان کرد. گەلی مەرەش لە ئەوروپاش هەستیارانە جوڵایەوە. ئەوە گرنگە. لەم بوارەدا پێویستی بە وریایی هەیە. ئەو بانگەوازانەی لەم رووەوە دەکرێن، دەبێت گوێیان لێبگیرێت. پێویستە کە ئەوان ئەو ناوچەیە سەرلەنوێ ئاوەدان بکەنەوە. ئەو کەسانەی لەوێ بە هۆی سەرما و دژوارییەوە چوونە ئەوروپا و گەورەشارەکان پێویستە بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان. پێویستە خاوەنداری لە خاکی خۆیان بکەن. خاوەنداری لە خاکی خۆکردن، خاوەنداری لە رابردوو، لە زێدی باو و باپیران و مێژووی خۆیانە. ناکرێت کە نەگەڕێتەوە بۆ سەر خاکەکەی، ناکرێت لە رابردووی خۆی داببرێت.
لەم بارەوە متمانەمان بە گەلەکەمان لە رۆژئاوای فرات هەیە. لەو بڕوایەداین ئەو کەسانەی لە رۆژئاوای فراتەوە چوونە ئەوروپا و گەورەشاران، بۆ ئاوەدانکردنەوە سەرلەنوێ ئەرکی خۆیان بە جێدەگەیەنن.
ئیی پارتی پەرۆشی دیموکراسی نییە
هاوپەیمانی گەل نزیکەی ساڵێکە هەوڵ دەدات. کۆمەڵگای تورکیا لە دەسەڵاتداری ئاکەپە- مەهەپە بێزار بووە. هاوپەیمانی ئاکەپە-مەهەپە جگە لە رۆتین و بێجگە لە لایەنگرانی خۆیان هیچ کارمەند و کرێکارێکی دیکە دانامەزرێنن. خۆی لە خۆیدا جگە لە لایەنگرانی خۆیان کەس ناخەنە ناو بروکراسییەوە. راستیەکی بەو جۆرە لە تورکیا هاتووەتە ئاراوە. هەموو تواناکانی تورکیا وەک رانت بەسەر لایەنگرانیاندا دابەش دەکەن. ئەو لایەنانەشی دژی ئەوە دەوەستنەوە رووبەڕووی ستەم و زۆرداری دەبنەوە. تورکیا لە ساڵانی ١٩٤٦-٥٠ پەڕیەوە بۆ ژیانی فرە پارتیبوون. لەوکاتە بەدواوە، لە سەردەمەکانی کودەتاکان زیاتر سەردەمی گوشار و چەوساندنەوەیان بەرەوپێشبردووە. ئێستا نەک هەر تەنیا لە سەر هەندێک رێکخراو، لەسەر تەواوی کۆمەڵگاش گوشار لەئارادایە. لەبەرامبەر زۆرینەی کۆمەڵگا شەڕ دەکرێت تەنانەت کۆمەڵگا دەکاتە دووبەشەوە. لە وەها دۆخێکدا ئاساییە کە حەز و خواست بەرەو مێزی شەش قۆڵی زیاد بێت.. مێزی شەش قۆڵی ئەو دۆخەی هەڵسەنگاند و لە دژی دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە سیاسەتی کرد. بە دڵنیاییەوە هەندێک کاریگەریشی دانا. بەڵام راستیەک هەیە، ئەوە زۆر گرنگە. مێزی شەش قۆڵیان دانا، بەردەوام باسی چییان کرد؟ باسی مافیان کرد، باسی دادپەروەری، باسی ئازادییان کرد، باسی دیموکراسیان کرد، وانییە؟ لەو مێزە شەش قۆڵیەدا کێی تێدایە؟ پارتێک کە لە مەهەپە جیابوەتەوە. ئیی پارتی چ پەیوەندییەکی بە دیموکراسیەوە هەیە؟ لە ئیی پارتیدا نە ئەقڵیەتی دیموکراتیک، نە ئەقڵیەتی دادپەروەری و نە ئەقڵیەتی یاسایی بوونی نییە. ئەقڵیەتی بەو جۆرە لەواندا نییە. گەورەترین لاوازی مێزەکەش ئەوە بوو. ئەقڵیەتی نییە. لەبەر ئەوەش مێزی شەش قۆڵی بەردەوام لەوێ باسی دیموکراسی دەکرد. گەل هەندێک ئەقڵی بەوان نیشاندا. بۆ ئەوەی هەنگاوی دیموکراتیک هەڵبگرێت. بەڵام ئیی پارتی پارتییەکی بەو جۆرە نییە! بابەتەکە دیموکراسی نییە! بابەتەکە ئازادی نییە! خەمی ئەوان ئەوەبوو کە لەو دەوڵەتە پشکیان هەبێت. هیچ پەیوەندییەکیان بە دیموکراسی، ئازادی، دادپەروەرییەوە نییە. لەبەر ئەوەش ئەوەندە وتیان دیموکراسی، ئازادی و دواتر وازیان لێهێنا و رۆیشتن. دەڵێت کاندیدیان بەسەردا سەپاندووم. تۆ کاندید دەسەپێنیت، تۆ دەڵێیت جگە لەوە نابێت کەسی تر بێت. لە مەنسور یاڤاش زیاتر کەسی تر نییە. جگە لەوە رێگەی تر تاقیدەکەمەوە. ناوی ئیمامئۆغڵوشی هێناوە ئەوەش بۆ خەڵەتاندنە.تەنیا بۆ ئەەی مەنسور یاڤاش بسەپێنێت. لەبەر ئەوەی ئیمامئۆغڵو سزادراوە. هەر ئان و سات ئەگەری هەیە قەدەغەی بەسەردا بسەپێنن. بەم جۆرە فێڵبازی دەکات، دواتر جیادەبێتەوە. هۆکاری جیابوونەوەیان لەبەر بیرکردنەوەی دیموکراتیک بێت. هەستیارییەکی بەم جۆرە بوونی نییە. لەم رووەوە مرۆڤ دەتوانێت بڵێت با وانەبێت. کۆمەڵگا دەتوانێت بڵێت خۆزگە کاردانەوەی دیموکراتیک هەبوایە. بەڵام پارتییەکی بەو جۆرە نییە. لەو رووەوە بۆ گەلانی تورکیا باش بوو کە رووی راستەقینەیان ئاشکرا بوو. لەبەر ئەوە راستی بینراوە. بینرا کەو ئەو دیموکرات نییە و خاوەنی هێزێکی سەرەڕۆیە.
ئەمرە کۆنگار لەبەر قسەیەکی خۆی لە بارەی مەرال ئاکشەنەر کە وتبووی 'من دەموت گوایە ژنێکە هەستیارە بەرامبەر بە دیموکراسی و خاوەن ئیرادەیە" رەخنەدانی خۆی کرد. بینینی راستی لەم رووەوە بەسود بوو. کۆمەڵگا راستی بینی. ئیتر ئەوان ناتوانن کۆمەڵگا بخەڵەتێنن.
تێکۆشانی گەلی کورد یەکلاکەرەوەیە
هاوپەیمانی رەنج و ئازادی زۆر گرنگە. لە تورکیا بزوێنەری تێکۆشانی دیموکراسیە. بەدڵنیاییەوە بەمجۆرەیە، گەر دیموکراسی و ئازادی بێت لە تورکیا بچەسپێت، بە هێزی هاوپەیمانی رەنج و دیموکراسییەوە دەبێت. بەبێ ئەو هاوپەیمانیە لە تورکیا مرۆڤ ناتوانێت باسی دیموکراسی و ئازادی بکات.
لێرەدا راستیەک هەیە. ئێمە گەورەترین تێکۆشانمان لە دژی ئاکەپە-مەهەپە کرد. بزوتنەوەی ئازادی کورد کردی، گەلی کورد کردی، هێزە دیموکراسیەکانی کردیان. ئەگەر هاوپەیمانی ئاکەپە-مەهەپە شکست دەهێنێت و بەرەو هەڵوەشانەوە دەچێت ئەوە لە سایەی تێکۆشانی بزوتنەوەی ئازادی کوردە. لە بنەمای تێکۆشانماندا هەیە. هەڵبەت هێزی دیکەش هەیە. بەڵام تێکۆشانی ئێمە یەکلاکەرەوەی تێکۆشانی گەلی کوردە. هاوپەیمانی رەنج و ئازادی چی بکات؟
بۆ شکستدانی هاوپەیمانی ئاکەپە-مەهەپە و رێگەکردنەوە لەبەردەم دیموکراسی کورد لەم کاتەدا ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی بەجێدەگەیەنێت. تاکە داواکارییان ئەمەیە. بە بڕوای من تاکە داواکاری گەلی کورد، هەروەها تاکە داواکاری هاوپەیمانی رەنج و دیموکراسی ئەوەیە کەسێک نەتوانن قەبوڵی بکەن، نەیکەنە کاندید. واتە کاندیدێک کە رەتبکرێتەوە پێشکەش نەکەن. تاکە هەستیاری ئەوەیە. ئەوەش هەستیارییەکی راستە. واتە هەستیارییەکی دیموکراتیکە، هەستیارییەکی ئازادییە. بۆ ئازادی تورکیا، بۆ دیموکراسی تورکیا تێدەکۆشن. ئەو کاتە رەنگە کاندیدەکە بە گوێرەی دڵی ئەوان ئازادی پاڕێز و دیموکراتیک نەبێت، بەڵام هەر هیچ نەبێت کاندیدێک بێت کە دژی دیموکراسی نەبێت و تا ئاستێک لەگەڵ دیموکراسیدا بێت.
هەستیاری هاوپەیمانی رەنج و ئازادی ئەمەیە. پێشتریش راگەیەندراویان هەبوو؛ وتیان، 'ئێمە بەرپرسیارێتی خۆمان بەجێدەگەیەنین'. ئێمە لەو بڕوایەداین کە لە روخاندنی دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپەدا هەم ئەو بەرپرسیارێتییەی خۆیان جێبەجێ دەکەن و هەمیش رۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕن. رۆڵی سەرەکی دەگێڕن. جیابوونەوەی مەرال ئاکشەنەر، هەندێک هێزی بە هاوپەیمانی ئاکەپە-مەهەپە بەخشی. ورەی پێدان و دڵی ئەوانی خۆش کرد. ئەوەی مەرال ئاکشەنەر دەیکات ئەمەیە. جیالەوە شرۆڤە هەڵناگرێت. پرسیاری ئەوەی ئەو دۆخە لە قازانجی کێدابوو، زۆر گرنگە. بۆ هێزە دیموکراسییەکان کاری کرد یان بۆ هێزە دژە دیموکراسییەکان، ئەوە لە قازانجی ئاکەپە-مەهەپەدابوو؟ ئەوە ئاشکرایە. هەڵبەت هەڵوێستی مەراڵ ئاکشەنەر لەبارەی هاوپەیمانی، بە دەربڕینێکی دیکە ورە و پشتیوانی بۆ ئاکەپە-مەهەپە بوو. خۆی لە جیهاندا بەم جۆرە دەبیندرێت. دەستی ئۆپۆزسیۆنی لاواز کرد. بەڵام دەتوانین ئەمە بڵێین. رۆیشتنی ئیی پارتی ئەردۆغان رزگار ناکات. باخچەلی رزگار ناکات. بێگومان ئەگەر هێزەکانی دیموکراسی پێکەوە بجوڵێنەوە و پێکەوە کاربکەن، ئەردۆغان شکست دەهێنێت. کەس ناتوانێت ئەردۆغان لە سەر پێ رابگرێت. کۆمەڵگا قەبوڵی ناکات. لە بومەلەرزەکەدا بینرا کە ئەو بانگەشەیە روودەدات. لەبەر ئەوەش هەڵوێستی مەرال ئاکشەنەر کە ئەردۆغان دڵخۆش دەکات و بە واتای پشتیوانیە لەوان، بە هیچ جۆرێک ناتوانێت ئەردۆغان رزگار بکات. ئەو پەڕی ئەردۆغان دەنگەکانی لە سەدا ٤٠ەوە بۆ لەسەدا ٤٣ بەرز دەبوەوە. جگەلەوە ئەستەمە کە ئیی پارتی بتوانێت بەو جۆرە ئەردۆغان رزگار بکات.
پەدەکە بەرپرسە لە کۆمەڵکوژییەکانی شەنگال
ئەو کەسانەی لە هێرشەکانی سەر شەنگالدا شەهیدبوون بە رێز و پێزانینەوە بە بیر دەهێنمەوە. ئۆباڵی شەهیدبوونیان لە ئەستۆی پەدەکەیە. ئەوەی رەوایەتی بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دەدات، پێیان دڵخۆشە، زانیاری هەواڵگرییان پێدەدات پەدەکە و هەواڵگرییەکەیەتی. دەبێت بەم جۆرە بزانرێت.
پەدەکە بەر لە فەرمانی ٧٤ەمین لە شەنگالدا باڵادەست بوو. پەدەکە ئەوێی بەرێوەدەبرد. داعش هێرشی کرد و ئەوانیش هەڵاتن. ئێزدییەکان رووبەڕووی کۆمەڵکوژی بوونەوە. ئەندامانی پەکەکە، گەریلاکانی هەپەگە، یەژاستار و یەپەگە و یەپەژە چوون بە هانای گەلەوە. هەم رێڕەویان کردەوە، هەم لە دژی داعش خۆڕاگرییانکرد و هەمیش شەنگالیان لە داعش رزگار کرد.
لە ئەنجامدا ئێزدییەکان خاوەندارییان لە هزر و ئەندێشەکانی رێبەر ئاپۆ کرد. هەروەها لەو چوارچێوەدا هەوڵیاندا خۆبەڕێوەبەرییەک بۆ خۆیان دابمەزرێنن. بەڵێ، گەریلا هاوکاری و پشتگیری ئەوانیان کرد، بەڵام دواتر کشانەوە. ئێستا ئێزدییەکان لە ژێر کاریگەری ئەندێشەکای رێبەر ئاپۆدان. ئەوە روونە. گەنجان، ژنان و پیاوان کە لەسەر هێڵی رێبەر ئاپۆدابوون چوون ئەوانیان رزگارکرد. هەروەها هزر و رامانی رێبەر ئاپۆ رۆڵێکی گەورەی گێڕاوە لەوەی کە ئێزدییەکان بە شکۆ و رێزەوە ببنە خاوەنی ناسنامەی خۆیان. نوێ نییە؛ پەکەکە لە سەرەتای دامەزرندنیەوە پشتیوانی لە ئێزدییەکان کردووە. هەم بۆ کۆمەڵگای کورد و هەمیش بۆ کوردستان هەبوونی ئازادی ناسنامە و کولتوری ئێزدییەکان دەپارێزێت. رێبەر ئاپۆ لەم بوارەوە هەستیارە. رێبەر ئاپۆ زۆر جار وتبووی "شەنگال بپارێزن". وتبووی کە لە شەنگال کۆمەڵکوژی دەکرێت. رێبەر ئاپۆ بەر لە هێرشەکانی داعش ئەوەی وتبوو، ئەمە بەبەڵگە تۆمار کراوە. رێبەرایەتی وتبووی 'هێرش دەکرێت و کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدرێت، خاوەنداری لە ئێزدییەکان بکەن'. بۆ مەگەر دوای ئەو هەموو شتە ئێزدییەکان ئامێز بۆ رێبەرایەتییەکی بەم جۆرە ناکەنەوە یاخود لایەنگری خۆیانی بۆ دەرنابڕن؟ ئەو گەلە بە ژن و پیاوەوە رامانی رێبەرایەتی بە بنەما ناگرن؟ بەدڵنیاییەوە خاوەنداری لێدەکەن و باوەشی بۆ دەکەنەوە. ئێستا لە شەنگال پەدەکە دوژمنایەتی ئێزدییەکان دەکات، دەپرسێت کە بۆچی خاوەنداری لە هزری رێبەرایەتی دەکەن. بۆ ئەوەش هاوکاری دەوڵەتی تورک دەکات. ئێستاس رێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەمی بەغدا هەیە. ئاخۆ دەکرێت لە نێوان پەدەکە و حکومەتی ناوەندی عێراقدا شتێکی بەو جۆرە بێتە ئاراوە؟ راوێژ لەگەڵ ئێزدییەکاندا کراوە؟ پەدەکە نوێنەرایەتی ئێزدییەکان دەکات؟ یاخود دوای ئەو هەموو کۆمەڵکوژی، پاش ئەو جینۆسایدە دەکرێت کە حکومەتی ناوەندی رای ئێزدییەکان وەرنەگرێت؟
ئێستا رەنگە نەتەوەیەکگرتووەکان پشتیوانی لەو رێکەوتنە کردبێت. بەڵام هەڵەیە. بۆچی پێداگری دەکەن؟ لەلایەکەوە دەڵێن ئێزدییەکان باشن، ئێمە قەرزاری ئەوانین، لەلایەکی دیکەشەوە ئەو هەمووە هێرش دەکرێتە سەر ئێزدییەکان. بەڵام ئەوان دەنگیان لێوە نایات. ئێستا جیهانیش بە دووڕوویی مامەڵە دەکات. لەبەر ئەوە دەبێت ئەو راستیە ئاشکرا بکرێت. باشە هێرشی داعشی بۆ سەر شەنگال و جینۆسایدی قەبوڵ کرد. ئەڵمانیا قەبوڵی کرد و بەفەرمی ناساند، هۆڵەندا بە فەرمی ناساند. تەواو زۆر باشە. بەڵام با ئەنجام و لێکەوتەیەکی سیاسی هەبێت. با ببێتە ئەنجامێکی مرۆیی. ئەگەر لە بە فەرمی ناسینی خۆبەڕێوەبەریدا یەک بگرێت، ئەگەر هاوکاری خۆبەڕێوەبەری بکەن، ئەوە بە واتایە. پشتیوانی لە خۆبەڕێوەبەری ئێزدییەکان بکەن کە جینۆساید کراون. با بە ناسنامە و کولتوری خۆیانەوە بژین. کەس ناتوانێت ئەوان بپارێزێت، ئەوان دەتوانن خۆیان بپارێزن. بیرکردنەوەی ئێمە بەم جۆرەیە. با ئێزدییەکان خۆیان رێکبخەن. با لە ناو عێراقدا خۆیان پارێزگاری لە خۆیان بکەن. دەکرێت کە پەیوەندی لەگەڵ باشوری کوردستانیشدا هەبێت.
کێ زیان بە خۆبەڕێوەبەری شەنگال دەگەینێت؟ لەم رووەوە بە دروستی راستگۆ بن. با نەتەوەیەکگرتوەکان راستگۆ بێت. بەم جۆرە نابێت. دەڵێن "با رێککەوتنی بەغدا جێبەجێ بکرێت". پێداگریی لە سەر هەڵەکەیان نەکەن، رەخنە لە خۆیان بگرن. دەڵێن لە کاتی خۆیدا نیگەرانی ئێزدییەکانمان بە هەند وەرنەگرت. رێککەوتنی بەغدا چییە؟ هەندێک لەم و لەو بە سەربازکردن و دامەزراندنی کارمەندە. هیچ شتێکی کارگێڕیی بوونی نییە. هیچ شتێکی بەو جۆرە کە سیاسییە ئێزدییەکان قەبوڵی بکەن بوونی نییە. رێگریی و بەربەستەکانی بەردەم ئاوەدانکردنەوەی شەنگال کامانەن؟ ئێستا ئاستەنگ بوونی نییە. بەڵام ئەو رێککەوتنە دووبارەیە. لە رووی ئازادییە، لە رووی دیموکراسی، لە رووی ئیرادەوە هیچ شتێک بە فەرمی ناناسێت. مەگەر مامەڵەی بەو جۆرە دەبێت؟ بۆ ئەو کۆمەڵگایەی رووبەڕووی کۆمەڵکوژی کراوەتەوە، ناکرێت بەم جۆرە مامەڵە بکرێت. بەم بۆنەوە بانگەواز بۆ هەموان گەلانی جیهان و هەموو هێزە دیموکراتیکەکان دەکەم کە ئێزدییەکان لە شەنگال بپارێزن، پشتیوانی لە خۆبەڕێوەبەری بکەن و لەم بوارەدا بەرپرسیارێتی خۆیان بە جێبگەیەنن.
ژ.ت/ هـ . ب