رێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (رەژاک) لەبارەی کۆمەڵکوژی پاریس راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
راگەیەندراوەکەی رەژاک بەم شێوەیەیە؛
" دووەمین کۆمەڵکوژی پاریس شەرمەزار دەکەین. یەکەمجار نییە ژن و شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەرانی کورد لە پاریس دەکوژرێن، ئێمە ئەم کۆمەڵکوژییە بە درێژەی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دژی ڕێبەر ئاپۆ دەزانین. هێزە پیلانگێڕەکان و دەوڵەتی - نەتەوە لە کەسایەتی نیشتمانپەروەر و کەسایەتییە پێشەنگەکاندا هەوڵی قڕکردنی هەموو ژنان و گەلی کورد دەدەن. ئەم کۆمەڵکوژییە ئەوە دەردەخات کە لە کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی ٢٠١٣ کە سێ ژنی پێشەنگ و شۆڕشگێڕ کوژران، حکومەتی فەرەنساش هاوبەشە.
ئەو عەقڵیەتە بکوژەی کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک پێشەنگایەتی دەکات و هاوبەشەکانی وەک حکومەتی فەرەنسا، بەم کردەوانە، قڕکردنی ژن و گەلی کورد دەکەنە ئامانجی سەرەکی خۆیان. ئەم سیستمە بکوژ و دژە مرۆڤایەتییە دەیەوێت بەم شێوازە دڕندانەیە ڕێگری لە خەباتی ئازادی بکات و بە گۆشەگیرکردنی ڕێبەر ئاپۆ و کۆمەڵکوژییەکان، فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی' بێکاریگەر بکات و خەڵکی تێکۆشەر دەترسێنن. بەڵام ئێمە بۆ هەموو هێزە هەژموونخوازەکان و دوژمنانی ژیانی ئازاد و دیموکراسی دەڵێین کەس ناتوانێت نە بە گرتن و نە بە کوشتن ڕێگری لە ئازادی بکات. چونکە ئێمە فەلسەفەی بەرخۆدان و سەرکەوتنمان هەیە. بە گرتنی یەک کەس، ملیۆنان کەس دێنە مەیدان و بڕیار دەدەن شەڕ بکەن و تۆڵە بکەنەوە.
داوا لە حکومەتی فەرەنسا دەکەین دەستبەجێ ئەنجامدەرانی ئەم دوو کۆمەڵکوژییە ئاشکرا بکات و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات. لە کەسایەتی بنەماڵەی ئەو سێ پێشەنگ و نیشتمانپەروەرەی کە شەهید بوون، سەرەخۆشی لە هەموو گەلی نیشتمانپەروەرمان دەکەین و بەڵێن دەدەین بەردەوام بین لە بەرزکردنەوەی خەباتیان."
ف.ق