سێ ڕوداوی سەرنجڕاکێش لە مانگێکدا

سێ ڕودای سەرنجڕاکێش لە مانگێدا کە لە باشوری کوردستان ڕوویاندا و ڕای گشتیی باشوری کوردستانی توڕە کرد و کاردانەوەی فراوانی لێکەوتەوە.

لە کاتێکدا گەل لە چاوڕوانی چاکسازی و فراوانکردنی ئازادی و یەکێتیی نەتەوەییە لە باشوری کوردستان، بەڵام دەسەڵات بە تایبەتیش پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بەپێچەوانەی خواستی گەل تا دێت زیاتر بەرەو داگیرکەران هەنگاو دەنێت و ئازادی و دیموکراسی لە باشوری کوردستان بەرتەنگ دەکاتەوە، نموونەی ئەو کرادرانەی پەدەکەش لە سێ ڕودا بە ئاشکرا لە مانگێکدا ڕەنگیدایەوە.

یەکەم: لە ١٧ شوباتی ئەمساڵ دا لە بڕیارێکی چاوەڕوانەکراودا، دادگای کەتنی دووی هەولێر بە بڕیارێکی پێشوەختەى سیاسی پێنج ڕۆژنامەوان و چالاکی مەدەنیی بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزادا. ئەو لە کاتێکدایە ئەو کەسانە تەنها تاوانیان ئەوەیە، کە داوای ئازادی و مافی گەلیان کردووە، بەڵام سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانی لە کۆنفراسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، ئەوانە تێرۆرست و سیخوڕن. ئەم پێشهاتە لەلایەن چالاکوانان و ڕای گشتی بە ترسناک هەژمار دەکرێت بۆ ئازادیی ڕادەربڕێن و دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان، پێشیانوایە هەنگاوی دەستپێکە بەرەو دەسەڵاتێکی فاشی.

دووم: لە هەفتەی ڕابردوودا ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز تاوانێکی تری پەدەکەی ئاشکرا کرد، کە بەرامبەر پەنابەرێکی سیاسی باکوری کوردستان بەناوی عومەر بارتان ئەنجامیدا بوو، کە ئەو پەنابەرە بەهۆی گوشار و زۆردارییەکانی دەسەڵاتی تورکیا هاتبوو بۆ باشوری کوردستان، بەڵام عومەر بارتان ڕۆژی ٣ی تەممووزی ٢٠١٩ لەلایەن پەدەکەوە لە هەولێر دەستگیر کرا.  لە پاش ١٩ مانگ ڕاگرتنی لە زیندانی هەولێر، بەبێ ئەوەی ڕێگە بە بارتان بدەن هێچ پەیوەندییەک بە دەرەوەی زیندانەوە بکات، لە ڕۆژی ٢٨ی مانگی ١١ی ٢٠٢٠  بەدەست چاو بەستراوی لە سنووری ئیبراهیم خەلیل ڕادەستی دەوڵەتی تورک کرایەوە.

 وێرای ئەوەی بۆ ئەو تاوانەی پەدەکە بەڵگەی پێوست خرابووە ڕوو، بەڵام پەدەکە حاشای لێکرد. لە دوای ئەوەى پەدەکە ویستی رای گشتی چەواشە بکات و خۆی لەو تاوانە قوتار بکات، جارێکیتر و دوێنی بنەماڵەى عومەر بارتان لە ڕونکردنەویەکدا ئەوەیان پشتڕاستکردەوە،   کە کوڕەکەیان لەلایەن پەدەکەوە ڕادەستی تورکیا کراوە و ئیستا لە شرناخ لە زینداندایە.

سێیەم: ئێواری هەینی رۆژی ٢٦ی مانگی شوباتی ٢٠٢١ لەشاری سلێمانی لە بەردەرگای ماڵی خۆی بە چەقۆ هێرش كرایە سەر د.غالب محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق. ئەو هێرشە لەكاتێكدایە بەردەوام چالاكوانی رێكخراوە مەدەنییەكان و رۆژنامەنووسان، گازندەی ئەوەیانە كە شەپۆلێكی توند لەهەرێم هەڵیكردووە بۆ بەرتەسككردنەوەی ئازادیی رادەربڕین. لە دوای دوو ڕۆژ لە لەلێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر غالب محەمەد ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوە ئاشکرا بوو، کە بکەری ئەو تاوانە کادرێکی پارتی دیموکراتی کوردستانە و ئەندامی دەزگای پاراستنی ئەو حزبەیە.

کۆی هەموو ئەو ڕوداوانەش کە لە ماوەی مانگێک دا پارتی ئەنجامی داون پێمان دەڵێت، چارەنووسی باشووری کوردستان بە دەستی پارتی و بەتایبەتیش بەدەستی سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانی لە مەترسیدایە، ئەو کردەوانە بە هەموو بەڵگە و ئارگۆمێنتیک هەنگاوی سەرەتان بۆ چوون بەرەو دەسەڵاتیکی فاشیانە و بەرتەسکردنەو و سنوردارکردنی ئازادییەکان.

ژ.ت