مامۆستا سەلاح ساڵەیی سیاسەتمەدار و چاودێری سیاسی و چالاکوانی مەدەنی دیاری شاری کەرکوک، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) سەبارەت بە چەند پرسیکی دۆخی شاری کەرکوک دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ ، هەروەها دۆخی شارەکە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧، و مەترسییەکانی ناکۆکی دروستبوونی دوو بەرە لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق و چارەنووسی مادەی ١٤٠ی تایبەت بە ناوچە جێناکۆکەکان و مەترسی نزیکبوونەوەی بارزانی لەگەڵ سوونە و سەدرییەکان لەسەر حیسابی تێکدانی یەکریزی ماڵی کورد و هێرشەکانی ئێران و گروپەکانی بۆسەر هەرێمی کوردستان و داهاتووی کورد لە قۆناغی داهاتووی دوای پێکهێنانی حکومەت و هەوڵەکانی هاوپەیمانیەکەی بارازنی بۆ پەرواێزکردنی ئێران لە پرۆسەی سیاسی عیراق و بابەتی بەشداریکردنی لایەنی بەناو ئۆپوزسیۆن لەگەل حزبەکانی دەسەڵات و کاریگەری لەسەر هاوڵاتیان، هەروەها وەکو چارەسەر بۆ کێشە و قەیرانەکانی عێراق، بۆ سیستەمی بەرێوەبەری خۆسەری هەرێمەکان وەکو ئەوە مۆدێلە بەڕێوەبەریەی لە رۆژائاوای کوردستان هەیە، قسەی کرد
لایەنی پێکهاتەکانی دیکەی کەرکوک بەئاڕاستەی وڵاتانی ناوچەکە دژایەتی دەسەڵاتی کوردیان دەکرد
لەدوای ڕوخانی رژێمی سەدام حوسێن لە ساڵی ٢٠٠٣دا بارودۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاری لە کەرکوک، دەتوانین بڵێین دەسەڵاتی کوردی لە سفرەوە وەریگرت و دەستیپێکرد، بارودۆخی خزمەتگوزاری لەشاری کەرکوک بەچەند قۆناغێک دەستی پێکرد، سەرەتا کە عەبدولڕەحمان مستەفا پارێزگاربوو بودجە نەبوو بۆ خزمەتکردنی شاری کەرکوک بەڵام ئەو پارێزگارە توانی مافی پترۆدۆلار بۆ شاری کەرکوک دابین بکات، هەروەها لەو سەردەمەدا پلانی گەشەکردنی شاری کەرکوک دارێژرا بەڵام لەسەردەمی دکتۆر نەجمەدیم کەریم چووە بواری جێبەجێکردنەوە، سەڕەرای کەم و کوڕییەکان کەرکوک خزمەتکرا، لەلایەنی ئەمنیش پێشمەرگە و ئاسایش شەهیدێکی زۆریاندا لە پێناو پاراستنی شارەکە، سەڕەرای ئەوەی لەلایەن چەند لایەنێکی پێکهاتەکانی دیکەی شارەکە بە ئاڕاستەی دەوڵەتانی ناوچەکە دژایەتی هێزە کوردییەکانیان دەکرد" .
دەیان گروپی چەکداری لەکەرکوک هەن کە خزمەت بە ئەجیندای دەرکی دەکەن
سەبارەت بەدۆخی شارەکە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، ناوبراو وتی: "دوای خیانەتەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر هاوشێوەی خیانەتی ٣١ی ئاب، گۆڕانکاری لەشاری کەرکوک دروستبوو کە پارێزگارێکی شۆڤێنی بەسەر شارەکەدا سەپێندراوە و ئاستی خزمەتگوزاری بەهێچ شیوەیەک نەماوە لەشارەکە، لە ئیستادا شاری کەرکوک تاکە پارێزگایە لە عیراق کە لەژێر حوکمی سەربازییە و ئیدارەیەکی مەدەنی نیە و دەیان هێز و گروپی سەربازی جیاواز لەشارەکە هەن کە بەعقڵیەتی مەزهەبی و تایفی لەلایەن وڵاتانی دیکەوە بەڕێوەدەبردرێن و شارەکە ئارامی بەخۆێوە نەبینیەوە".
بەهۆی ململانەی یەکێتی و پارتی لەسەر پۆست کەرکوک (بەعەرەب) کرا
سەبارەت بە هۆکاری چاکنەبوونەوەی دۆخی کەرکوک، سەڵاح ساڵەیی وتی: " دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر دەتوانرا دۆخی کەرکوک چاک بکرێتەوە بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێگەی نەدا ئەندام ئەنجومەنەکانی بگەڕێنەوە کەرکوک و پاریزگارێکی کورد هەڵبژێرن، کوردی شارەکە باجی ململانیەی نیوان یەکێتی و پارتی دەدەن، بەهۆی شەڕکردن لەسەر پۆست لەئیستادا پاریزگارێکی عەرەب لە کەرکوک دەستی بە پرۆسەی بەعەرەب کردنی شارەکە کردووە" .
رێککەوتنی لایەنەکانی عیراق گرنگە بۆ دوو کەوتنەوە لە شەڕی ناوخۆ
هەروەها ناوبراو سەبارەت کاریگەری و مەترسی ئەجیندای دەرکی لەسەر پرۆسەی سیاسی لە عیراق، ئەوەی خستەڕوو: " لەدوای ڕووخانی رژێمی بەعس لە عێراق، لەدەستوردا جێگیرکراوە کە حکومەت بە ڕێککەوتن و دابەشکردنی دەسەڵات بەڕیوەببردرێت نەک بە حکومەتی زۆرینە، عێراق وڵاتێکی دیموکرات نیە تا حکومەتی زۆرینە بەڕێوەی بەرن، لە عێراق دەستێوەردانی دەرەکی هەیە، لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی سیاسەتی ئێران بەڕیوەدەبرێت و پارتی دیموکراتی کوردستانیش بەئاشکرا ئەجیندانی تورکیا جێبەجێ دەکات، لە ئەگەری پێکهاتنی حکومەتی زۆرینە دوور نیە عێراق شەڕی مەزهەبی و تایفی تێدا رووبدات، وەکو لوبنان کە کاریگەری لەسەر کەرکوکیش دەبێت، بۆیە لەم کاتەدا رێککەوتن لەسەر پۆستەکان گرنگە بۆ دوو کەوتن لە شەڕی ناوخۆ" .
هاوپەیمانیەکەی بارزانی لەپێناو پۆست و پلەیە نەک بەرژەوەندی نەتەوەیی
سەبارەت بەمەترسییەکانی هاوپەیمانی بارزانی لەگەڵ سوونە و سەدرییەکان، سەلاح سەڵەیی وتی: " بەداخەوە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان کە پێویست بوو سەڕەرای ناکۆکییەکانی لەگەڵ لایەنە کوردییەکان ڕێککەوتنی بکردایە، نەک سونە و شێعە کە سوونەکان بەدرێژایی مێژووی عیراق دژایەتی کوردیان کردووە، و ڕێکەوتن لەگەڵ کەسێکی وەکو سەدر مەترسییە بۆ داهاتووی کورد وەکو نەتەوە، چونکە سەدر کەسێکی مەزهەبی وەکو نەتەوە، خویندنەوەی بۆ کورد نیە و ڕاشیانگەیاندووە کە مدەی ١٤٠ لەسەردەمی حکومەتی ئەوان جێبەجێ ناکرێت، هەروەها هێزەکانی پێشمەرگە بە میلیشا دادەنێن و داوای هەڵوەشانەوەی دەکەن، هاوپەیمانی پارتی لەگەڵ سوونەکان و سەدر لەپێناو پۆست و پلەیە نەک بەرژەوەندی نەتەوەیی کورد".
داهاتوویەکی مەترسیدار چاوەڕوانی کوردە
سەبارەت بە مەترسی لیکەوتەکانی سەرکەوتنی هاوپەیمانی بارزانی و سوونە و سەدرییەکان، ئەو چاودیرە هۆشداری دا و باسی ئەوەی کرد: " ماڵی کورد بەم هاوپەیمانییە پەرتەوازەتر دەبێت ئەمەش بۆ داهاتووی کورد مەترسیدارە، کە دوو رۆژ لەمەوبەر بارەگای پارتی لە بەغدا سوتێندرا و مانگی ڕابردووش هەولێر لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بە مووشەکی بالسیتی مووشەک بارانکرا و زۆرجار بە فرۆکەی بێفڕوکەوان هێرش دەکرێتەوە سەر هەولێر و ئەگەری هەیە لە داهاتوودا هێرشەکان چڕتر ببنەوە".
مووشەک بارانکردنی هەولێر پەیامێکی ئێرانە بۆ هاوپەیمانیەکەی بارزانی
سەبارەت بە پەیامی پشت مووشەک بارانکردنی هەولێر کە پارتی بەردەوام دەستێوەردانەکانی وڵاتانی هەرێمی لە کوردستان لە ئەستۆی پەکەکە دەگرێت، ئەو چاودێرە ئاشکرای کرد: " مووشەک بارانکردنی هەولیر هێچ پەیوەندی بەبوونی پەکەکە یان بوونی بنکەی ئیسرائیل نیە، بەڵکو لێدانە لە هەولیر. پەیامێکە ئیران دەینێریت وەکو وەڵامێک بۆ ئەو هاوپەیمانیەی بارزانی کە دەبێتەوە هۆی فەرامۆش کردنی ئێران لە عێراق، وەکو دەزانین ئێران خاوەن دەسەڵات و هەیمەنەیە لە عیراق و گروپی چەکداری بەهێزی هەیە کە دەتوانێت بیجوڵێنێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی، لە ئەگەری فەرامۆشکردنی ئێران دوورنیە شەڕی شەقام لە عیراق رووبدات و بەرپرسیاریش دەکەوێتە سەر ئەو لایەنانەی کە بەرەی ڕزگاری نیشتیمانی دروست دەکەن".
گەل سزایان دەدات
سەبارەت بە بەشداربوونی نەوەی نوێ لە دانشتنەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە بەرژەوەندی لایەنی حکومەتی زۆرینە بەبیانوی جێبەجێ کردنی ١٧خاڵی داواکاری لەپیناو خزمەتگوزاری هاوڵاتیان، سەڵاح سەڵەیی دەڵێت: " ڕێکەوتنی چەند خاڵە لەلای کەسێکی مەزهەبی هیچ نرخێکی نییە، پشتیوانی سەنگەرێک دژ بە سەنگەرێکی دیەکی دەسەڵات دەبێتەوە هۆی ئەوەی ئەو لایەنانەی کە بەناو ئۆپەزسیۆنن، هاوڵاتیان سزایان بدەن، وەکو پێشتر بینینمان، بزوتنەوەی گۆڕان کە خاوەنی ژمارەیەکی زۆری کورسی پەرلەمان بوو و دەیتوانی شەقام بجوڵێنێت، بەڵام دوای بەشداریکردنی لەگەڵ دەسەڵات یەک کورسی پەرلەمانی بەدەستنەهێنایەوە، بەهۆی ئەوەی گەل سزایانیدا، پێویستە ئەو لایەنانە بەشداری هیچ دانیشتنێک نەکەن."
ئەزمونی خۆسەری دیموکراتی نموونەیەکی جوانی نیشانی جیهاندا
سەبارەت بە ئەزمونی بەڕیوەبەری خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان و گواستنەوەی ئەو سیستەمە بۆ باشوری کوردستان و عیراق و کاریگەری لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان، سەڵاح ساڵەیی چاودێر سیاسی سیاسەتمەدار ئاماژەی بەوەکرد: "ئەزمونی خۆسەری دیموکراتی لە رۆژئاوای کوردستان بۆتە جێگای شانازی بۆ تەواوی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە، دژایەتی تورکیا و وڵاتانی ناوچەکە بۆ ئەم سیستەمە ئەوەیە کە سیستەمی بەرێوبەری خۆسەر توانای گۆڕانکاری هەیە و گەلانی ناوچەکە لە یەکدی نزیک دەکاتەوە، داکۆکی شەڕڤانانی ژن و کوڕان لە تەواوی پێکهاتەکانی رۆژئاوای کوردستان بێ جیاوازی ئەزمونێکی جوانی پێشکەش بەجیهان کرد.
بەڵام لەباشوری کوردستاندا بەڕیوبەری خۆسەر بەس نیە، بەڵکو دەمانەویت قۆناغی ئیستای فیدڕالی تێپەرێنین و بچینە قۆناغی کۆنفیدڕالی، لەباشوردا داواکارییەکان لە خۆبەڕێوەبەری زیاتری تێپەراندووە، بۆ رۆژئاوای کوردستان بەڕیوەبەری خۆسەر گونجاوە و نموونەیەکی جوانە، بەڵام لەباشور پێویستمان بەچوونە ناو قۆناغی کۆنفدڕاڵیە بەکردار" .
ف.ق