داخوازیی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان' لە ساڵی ٢٠٢١دا جیاواز لە ساڵانی تر لە دەیان وڵات و لە پارچەکانی دیکەی کۆمەڵگەوە پشتگیریی لێکرا و بوو بە بەرخۆدانێکی جیهانیی. سەندیکاکانی کرێکاران، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕێکخراوەکانی گەنجان و ژنان، پەرلەمانتاران و هونەرمەندان و نووسەران بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد وتیان، "کاتی هاتووە، ئێستا پێویستە'. لە زۆرێک لە راگەیاندراوی ڕۆژنامەکان لە وڵاتانی جۆراوجۆرەکاندا بڵاوکرایەوە، کە ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئاشتی، دێموکراسی، یەکسانی و ئازادی بۆ گەلانی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مانای چییە.
سەرەتای بەرخۆدانی ساڵی ٢٠٢١ بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد لە ئەفریقای باشوور، کە وڵاتی ماندێلایە دەستیپێکرد و تاوەکو ئەوروپا، ئەمریکا، ئەفریقا و ئوسترالیا بڵاوبووەوە. ئەم دۆخە پشتیوانییەکی مەعنەویی گرنگ دەبەخشێتە کەمپەینی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چونکە ئەفریقای باشوور وڵاتی نێلسۆن ماندێلا بوو. ماندێلا ٢٧ ساڵ لە زیندانەکانی ڕژێمی ئاپارتایددا بوو و دوای ئەو هەڵمەتە نێونەتەوەیییانەی لەلایەن ملیۆنان کەسەوە پشتیوانی دەکران، ماندێلا ئازادیی خۆی بەدەست هێنا.
لە ١١ی کانوونی دووەم، دەستەی خەباتی کورد لە ئەفریقای باشوور (KHRAG) و کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی ئەفریقای باشوور (COSATU) هەڵمەتێکیان بە ناوی "کاتیەتی، بۆ ئەوەى لە تورکیا ئاشتییەکی دادپەروەرانە پێکبێت، ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان" دەستپێکرد. ئامانجی ئەم هەڵمەتە ئەوەبوو، کە نەتەوە یەکگرتووەکان لەو پێناوەدا دەست بەکار بکات و نامەیەکیش بۆ ئەنتۆنیۆ گوترێس سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان نوسراو. لە نامەکەدا داوا لە کۆمیتەی بەرگرتن لە ئەشکەنجەی نەتەوە یەکگرتووەکان (CAT) و کۆمیتەی ئەوروپا بۆ نەهێشتنی ئەشکەنجە (CPT) کرا، کە دەستبەجێ لە دژی گۆشەگیریی قورسی سەر ئیمراڵی دەستبەکار بن. هەروەها لە نامەکەدا هاتووە، پێوەر و یاساکانی وەک 'یاساکانی نێلسۆن ماندێلا' بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان جێبەجێ بکرێن.
دوای چەند ڕۆژێک لە دەستپێکردنی هەوڵەکە لە ئەفریقای باشوور، یەکێتیی داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی لە جیهاندا (ELDH) لوتکەی جیهانی نوێ (New World Summit) و هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی بۆ پاراستنی ماف و ئازادییەکان (AIDL) رایانگەیاند، پشتیوانی لە کەمپەینەکە دەکەن. لە وڵاتانی باسک، بەلجیکا، بولگاریا، ئەڵمانیا، ئینگلتەرا، فەرەنسا، یۆنان، تورکیا، ئیتالیا، مەکدۆنیا، ڕووسیا، سربیا، سویسرا، ئیسپانیا و ئوکراینادا رێکخراوەکانی ئەندام لە یەکێتیی داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی لە جیهاندا (ELDH) هەیە. لوتکەی جیهانی نوێ-یش لە خەباتی سیاسی و هونەری لە ئاستی جیهانیدا ئەنجام دەدات.
زۆرێک لە ناوەندە جیهانییەکان داوایانکرد؛ لە ٢٢هەمین ساڵیادی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی ١٥ی شوباتدا، سەدان کەسایەتی، ڕۆژنامەنووس و نووسەر بە ناونیشانی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان' جاڕنامەیەکیان بڵاوکردەوە. ڕۆژنامەنووس و نووسەر جانێت بیهل و هونەرمەندی دەنگ و نووسەری کتێبی منداڵان لیۆن ڕۆسیلسۆن و موزیکژەن و نووسەر دەیڤد ڕۆڤیس و سیناریۆنووس ئاتیها سین گوپتا، نوسەری گرافیک جۆناسان چادویسک و چەندین کەسایەتی و نووسەری تر وتیان: 'ئێمە شانازیی بەوەوە دەکەین، کە ئەو جاڕنامەیەمان بڵاوکردووەتەوە'. لە جاڕنامەکەدا هاتووە، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەشداریی لە بزووتنەوەی هاوچەرخ و مۆدێڕنی کورد و ڕێنسانسی کلتوری و رۆشنبیریی کوردی کردووە و تیشکیشیان خستە سەر ئەوە، کە "زیاتر لە ٢٠ ساڵ تێپەڕیوە، دەبێت ئێستا عەبدوڵا ئۆجالان ئازادیی خۆی بەدەست بهێنێت".
هەر لەو ڕۆژانەدا لە باشوری کوردستان جاڕنامەیەک لەلایەن "کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان" بڵاوکرایەوە، کە بەلانیکەمەوە هەزار و ٢٥٠ ڕۆشنبیری کوردستانی و عەرەب لە باشوری کوردستان ڕایانگەیاندبوو، پشتیوانی لە کەمپەینەکە دەکەن. لە ١٥ی شوباتی ٢٠٢١دا هەڵمەتەکە گەیشتە ئامانج و ڕۆشنبیرانی کورد و عەرەب بۆ ئەو ٨ هەزار رۆژە، کە عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە لە زینداندا تێیپەڕاندووە ٨ هەزار واژۆیان کۆکردبووە.
هاشتاگ لە ٣٠ وڵاتدا گەیشتە ملیۆنان هاشتاگ
لە ساڵیادی پیلانگێڕیی ٩ی تشرینی یەکەمدا، لە میدیای دیجیتاڵدا هەڵمەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان' دەستیپێکرد. ئەو هەڵمەت و کەمپەینە وەک بەهێزترین هەڵمەتی ساڵی ٢٠٢١ بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد، تەندروستی و ئاسایش یان لە ئاستی جیهانیدا ئەنجام درا. ئەنجومەنی میدیای دیجیتاڵی کوردستان هەڵمەتێکی هاشتاگی بەناوی #FreedomForOcalanNow دەستپێکرد. سەدان هەزار کەس لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بە چەندین زمان بەشدارییان لەو کەمپەینەدا کرد.
هەڵمەتەکە لە ماوەی چەند کاتژمێرێک دا لە میدیای دیجیتاڵ دا زۆرترین شەیر و بڵاوکردنەوەى بۆ ئەنجامدا و بەلانیکەمەوە لە ٣٠ وڵاتد دا لە فەیسبوو، ئینستاگرام و تویتەر گەیشتە ملیۆنەها کەس. هەرچەندە هەندێک لە پلاتفۆرمەکان هەڵمەتەکەیان بلۆک و قەدەغە کرد، بەڵام هەڵمەتەکە ماوەی ٣ ڕۆژ بەردەوام بوو. ئەکادیمیستەکان، نووسەران، سیاسەتمەداران، سەندیکاکاران، داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ، پەرلەمانتاران، حیزب و لایەنە سیاسییەکان و زۆرێک لە نوێنەرانی بەشەکانی کۆمەڵگا بە هاشتاگی کەمپەینی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان ئێستا پێویستە" (‘Azadî ji Abdullah Ocalan re, a niha hewce ye’)، لە ئۆستورالیا تاوەکو هێندەستان، میسر و مالیزیا و زۆرێک لە وڵاتان، سیاسەتمەداران و نووسەران پشتیوانییان لە کەمپینەکە کرد.
داوای ئازادی بە چوار کیشوەردا بڵاوبوویەوە
بێگومان بەرخۆدان بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان تەنها لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئەنجام نەدرا. لە ساڵی ٢٠٢١دا هەموو رۆژێک لە ئەوروپا و لە زۆرێک لە وڵات جۆراجۆرەکاندا هەڵمەت و کەمپەین، خۆپیشاندان و چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دران، بە شێوەیەکی سەرەکی لە چەندین وڵاتی جیاوازدا ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، سەندیکاکان و ناودارانی ئەو وڵاتانە بانگەوازیان بڵاوکردەوە. ئەوە پانۆرامای بەرخودانی ساڵی ٢٠٢١ە لە کیشوەرەکانی ئەوروپا، ئەفریقا، ئەمریکا و ئوسترالیا.
بەریتانیا: ئینگلتەرە و وڵاتانی شانشینی یەکگرتوو یەکێک لەو وڵاتانە بوون، کە زۆرترین بەرخودانیان تیادا رێکخرا. گەورەترین سەندیکاکانی بەریتانیا، واتە سەندیکای کرێکارانی بەریتانیا و ئیرلەند بە ناوی یەکێتیی یەکگرتوانە (Unite The Union - یونایت زە یونێن) ناسراوە بە یونایت (UNITE)، کە ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار ئەندامی هەیە لەگەڵ سەندیکای گشتیی کرێکاران (GMB - جی ئێم بی) لە بەریتانیا، کە ٧٠٠ هەزار ئەندامی هەیە پێکەوە لە نیسانی ٢٠١٦دا هەڵمەتی "ئازادی بۆ ئۆجالان"یان دەستپێکرد. ئەو سەندیکایانە گەورەترین سەندیکاکانی شانشینی یەکگرتوون (بەریتانیا)ن. لە ساڵی ٢٠٢١دا نەک تەنیا لە وڵاتانی شانشینی یەکگرتوودا، بەڵکو لە سەرانسەری جیهان دا ئەم کەمپەینە دەنگیدایەوە و چەندین سەندیکا و ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی پشتگیرییان لە کەمپینەکە کرد. بەو شێوەیە ملیۆنان زەحمەتکێش و کرێکار، کە لەلایەن ئەو ڕێکخراوانەوە نوێنەرایەتی دەکرێن، بەشدارییان لە هەڵمەتەکەدا کرد.
لە مانگی ئاداری ٢٠٢١دا تۆنی بورک سکرتێری گشتیی سەندیکای یەکێتیی یەکگرتووانە ڕایگەیاند، هەڵمەتەکە گەشتر و بەرفراوانتر دەبێت و وتی "بە دڵنیاییەوە ئۆجالان لەو دوورگەیەدا بە تەنها جێناهێڵین" لە مانگی تشرینی یەکەمدا ئازادکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان یەکێک بوو لە خاڵەکانی ئەجێندا و بەرنامەى کۆنگرەی ساڵانەی سەندیکای یەکێتیی یەکگرتووانە، کە ٧٠٠ نوێنەری بەشدار بوو لە ئینگلتەرا و ئیرلەندای باکوورەوە لە کۆنگرەکەیاندا بە بەرزکردنەوەى وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵائۆجالان و پۆستەری ئازادی ۆیان هەستانە سەر پێ و پشتیوانیی خۆیان بۆ هەڵمەتەکە دەرببڕییەوە. سەندیکاکە لە دانیشتنی خۆیدا باسی لە پرسە نێونەتەوەیییەکان کرد و ئەو دانیشتنە بە چالاکیی هاوخەباتی بۆ کورد دەستیپێکرد. شارۆن گراهام-یش وەک یەکەم سکرتێری گشتیی ژن لە سەندیکای یەکێتیی یەکگرتوانەدا پۆستەرەکەی بۆ ئازادیی ئۆجالان بەرزکردبووە.
هەروەها بارودۆخی رێبەری گەلی کورد لەکۆنفرانسی ساڵانەی پارتی کرێکاراندا، کە حزبی سەرەکیی ئۆپۆزسیۆنە بوو بە رۆژەڤ. کۆنفرانسەکە ڕۆژی ٢٨ی ئەیلول لە شاری برایتۆن بەڕێوەچوو و کۆڕێک بۆ داوای ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەڕێوەچوو. سیمۆن دوبینس هاوسەرۆکی کەمپەینی ئازادی بۆ ئۆجالان، کۆڕەکەى بەڕێوەبرد. لە کۆڕەکەدا هەر یەک لە بارۆنس کریستین بلۆوێرس، پەرلەمانتار و سەرۆکی دەستەی دۆستایەتیی کورد لە پەرلەمان لوید رەسێل مۆیل، پەرلەمانتاری شین فین کریس هازارد، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەل لە بەریتانیا ئەلیف ساریجان و هشیار ئۆزسۆی پەرلەمانتاری هەدەپە لە کۆڕەکەدا وتەیان پێشکەشکرد و لە وتەکانیاندا باسیان لە پاکتاوکاری و کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک کرد، کە لە دژی گەلی کورد ئەنجامیان دەدات و ڕایانگەیاند، تاوەکو عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد نەبێت، ئاشتی و دیموکراسی و ئازادی لە ناوچەکەدا پێکنایەت.
سەندیکاکان لە ٢٠٢١دا چەندین جار لە کاتی جیاجیادا راگەیاندراوی و ئاگادارینامەى گەورەی یەک لاپەڕەییان لە رۆژنامەکانی نیوهام ریکۆردەر، سەفرۆن واڵدن ریپۆرتەر، ئینلینگتۆن، هاکنی گازەتە، هاکنال دیسپشن، گازەتە، گاردیان، ئادڤێرستەر، راسێن مایل، ساندێرلان چۆ، سلێفۆرد ستاندەرد، ڤیزیتۆر، کۆریەر نیوز و بەکس بێڕاڵد بڵاوکردەوە. لە ئاگادارینامەکاندا هاتبوو "کاتی ئەوە هاتووە گۆشەگیریی نامرۆڤانەی سەر عەبدوڵا ئۆجالان و دیلبوونە ٢٠ ساڵیەکەى کۆتایی پێ بێت".
ئیتالیا: لە ساڵی ٢٠٢١دا لەگەڵ بەریتانیادا، وڵاتێک کە داوای ئازادی بۆ ئۆجالان بە شێوەیەکی بەرفراوان و کاریگەرانە تیادا بەڕێوەچوو وڵاتی ئیتالیا بوو. لایەنە چەپ و دیموکراتی و شۆڕشگێڕەکانی ئیتالیا پشتیوانییەکی چڕیان لە ڕێبەری گەلی کورد کرد.
رێکخراوی رۆشنبیریی چەپی دژە فاشیستی ئیتالیا (ئەی، ئاڕ، سی، ئای - ARCI) لە کۆبوونەوەی خۆیدا لە ئەنجومەنی نیشتمانی دا بڕیاریدا پشتگیریی لە کەمپەینی نێونەتەوەیی بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بکات. ئەی، ئاڕ، سی، ئای، کە یەک ملیۆن ئەندام و ٤ هەزار و ٤٠٠ کۆمەڵە و رێکخراوی لە ئیتالیا هەیە، لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نیشتمانیدا رایگەیاند، کار بۆ ئازادیی کوردستان و ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکات. رێکخراوی رۆشنبیریی چەپی دژە فاشیستی ئیتالیا (ئەی، ئاڕ، سی، ئای - ARCI) لە ٢٦ی ئایاری ١٩٥٧ەوە لەلایەن دژە فاشیستەکان و چەپەکانەوە لە دژی کاپیتالیسم و فاشیستەکان دامەزراوە. ئەو رێکخراوە شانبەشانی کاری رۆشنبیری کاری کۆمەڵگەیی، جەماوەری و سیاسیی ئەنجام دەدات. لە ساڵی ١٩٩٠ەوە پشتیوانی لە تێکۆشانی ئازادیی کورد دەکات و لە شۆڕشی رۆژئاوادا پشتیوانیی لە چەندین پرۆژەى کۆمەڵگەیی کردووە.
بەهەمان شێوە لە نیوەی یەکەمی ساڵدا، سەندیکاکانی ئیتالییەکان ڕایانگەیاند، بەشداری لە کەمپەینی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان" دەکەن. سەندیکای ئیتاڵی کۆنفیدراسیۆنی یەکێتیی بنەڕەتی (کۆباس / Cobas)، (سی یو بی / CÛB) و یونیکۆباس (UNICOBAS) بۆ پشتگیریکردنی کەمپەینی "کاتیەتی، ئازادی بۆ ئۆجالان و دادپەروەری و ئاشتی بۆ تورکیا"، بە دەستپێشخەری ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان نامەیان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان ناردووە. کاتێک ئەو نامەیە گەیشتە نەتەوە یەکگرتووەکان، خوێندنگای گەلی ئەنتۆنیۆ گرامشی و گۆڤاری ئێڵ بێن (IL Bene) و یەکێتیی مامۆستایانی کۆباس – ساردینیاش ڕایانگەیاند، بەشداری لە کەمپەینی ئازادی بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەبن.
٧٤ پرۆفیسۆر و پسپۆڕ لە ئەنجومەنی ئەکادیمیای فاکەڵتیی زانستە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە زانکۆی کالابریا پشتگیریی کەمپەینی ئازادیی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد کرد. زانایان لە راگەیاندراوەکەیاندا بۆ پشتیوانی لە کەمپەینەکە رایانگەیاندووە، "سەرۆکی گەلی کورد لە وڵاتەکەمان دا و درەنگ وەختی پێگەی پەنابەرێتی سیاسیی پێبەخشرا، ماوەی ٢٢ ساڵ لە زیندانی ئەمنیی ئاستبەرزی دوورگەی ئیمراڵی تورکیا زیندانی کراوە و گۆشەگیریی خراوەتەسەر. بەداخەوە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی بواری مافەکانی مرۆڤ سەرەتایترین و بنەڕەتیترین مافەکانی مرۆڤیان بۆ عەبدوڵا ئۆجالان مسۆگەر و زامن نەکردووە".
لە ساڵی ٢٠٢١دا شارەوانی ڕێندێ کۆسنزا لە هەرێمی کالابریای ئیتالیا بڕیاریدا هاوڵاتیبوونی فەخری بە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ببەخشێت. مارچیلۆ مەندای سەرۆکی شارەوانی ڕێندێ لە ٣ی نیساندا ڕایگەیاند، دەنگیداوە بە بەخشینی هاووڵاتیبوونی فەخری بە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و راشیگەیاند: بەو بڕیارە ویستمان سەرنج ڕابکێشینە سەر گرنگیی مافەکانی مرۆڤ. بەڕای ئێمە گرنگە سەرنج بۆ ئەمە ڕابکێشین، کە مافی مرۆڤ لە تورکیا ڕەتکراونەتەوە".
ڕۆژی ١١ی شوبات لە ڕۆژنامەی ئێڵ ١ مانیفێستۆ (l1 Manîfesto) ئاگادارینامەیەکی گەورەی یەک لاپەڕەیی بۆ ئازادکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بڵاوکرایەوە. کۆمیتەی 'کاتی هاتووە، ئازادی بۆ ئۆجالان' و تۆڕی کۆمیتەکانی دۆستایەتی کوردستان و ئیتالیا و نووسینگەى زانیاریی ئیتالیا و کوردستان ئەو ئاگادارینامەیەیان بڵاوکردبووە. هەروەها لومۆند دیپلۆماتیک، کە مانگانە بە چەندین زمان بڵاودەکرێتەوە، لە ژمارەی ئیتالیایدا، ئاگادارینامەیەکی تری لەو شێوەیەی کەمپەینەکە بۆ رای گشتی ئیتالیا بڵاوکردەوە.
ئەڵمانیا: کەمپەینی "کاتیەتی، بۆ ئاشتییەکی دادپەروەرانە لە تورکیا، ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان"، کە لەلایەن دەستەی خەباتی کورد لە ئەفریقای باشوور (KHRAG) و کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی ئەفریقای باشوور (COSATU) دەستیپێکردوو و کەمپەینێک، کە سەندیکاکانی بەریتانیا پێشەنگایەتیی بۆ دەکەن، لە ئەڵمانیا لایەنە چەپەکان، دیموکراتیک و کۆچبەرەکان پشتیوانییان لێکرد. لە مانگی شوباتدا ئەنجومەنی گەلی تامیل ئەیلام، کۆنگرەی ئەمریکای لاتین، بەستا نێتزوێرکی ئەڵمانی، کە ١٠ رێکخراوی تیادابببوو. رایانگەیاند، بەشدارییان لە هەڵمەتەکانی KHRAG و COSATO دا کردووە.
هەر لەو ڕۆژەدا ١٧ ڕێکخراوی دیکە رایانگەیاند، پشتیوانی لە کەمپەینی "کاتیەتی، بۆ ئاشتییەکی دادپەروەرانە لە تورکیا، ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان" دەکەن، کە لە ئەفریقای باشوور دەستی پێکردووە. ڕێکخراوەکانی گەنجانی سەوز، کە هاوبەشی حکومەتی نوێن لە ئەڵمانیا بەشدارییان لەم کەمپەینەدا کرد. پاش ماوەیەکی کەم دەستێوەردانی چەپ (Interventionistische Linke)، کە لە ٣٣ شاری ئەڵمانیادا خۆیان رێکخستووە و زیاتر لە هەزار ئەندامیان هەیە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایانگەیاند، بەشداری کەمپینەکە بوون.
هاوپشتیی سور (ڕۆت هیلف / Rote Hîlfe)، کە لە ٤٠ شاری ئەڵمانیا بە رێکخستنکراوە و رێکخستنی گەنجانی لە ویلایەتەکانی راین ویستفالیای باکوور (NRW) و هامبورگ و پارتی سەوزی گرۆن جوگند و ڕێکخراوی 'سیبرۆک / Seebrucke'، کە بە پشتیوانی لە کۆچبەران لە رۆژەڤی ئەڵمانیادا بوون، بەشدارییان لە هەڵمەتەکەدا کرد. ئەوەشیان راگەیاند، لەلایەن زۆرێک لە بەشەکانی کۆمەڵگەوە داوای 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان' دەکرێت. لە ڕۆژنامەی جونگی وێڵت (Jûnge Welt)،کە ڕۆژنامەی ڕۆژانەی ئەو وڵاتەیە، ئاگادارینامەیەکی یەک لاپەڕەیی کەمپەینی سەندیکاکانی بەریتانیا بڵاوکردەوە.
تیۆری نەتەوەیی دیموکراتیک و کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک، خۆبەڕێوەبەری و خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بوونە بابەتی وانەکانی زانکۆی پۆتسدام بوو. بڕیارە تیۆریی نەتەوەیی دیموکراتیک و کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک و خۆبەڕێوەبەریی و خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان وەک بەشێک لە خولی وانەکانی "سیمینارەکان لەسەر فەلسەفەی ئەنارکیستی، چەمکی ئیکۆلۆژیی کۆمەڵایەتیی مورای بوکچین لە نمونەى رۆژئاوادا' بوترێتەوە. وانەکانی ئەو خولەى سیمینار و کۆنفرانسەکان لەم زستانەدا دەخوێندرێن و تا ئیستا ٢٥ خوێندکار ناوی خۆیان تۆمار کردووە.
سوید: لەو وڵاتەدا سەندیکاکان پێشەنگایەتیی ئازادیی رێبەری گەلی کوردیان کرد. ڕێکخراوی ناوەندیی کرێکارانی سوید (ئێس ئەی سی / SAC) لە ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەییی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالاندا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، پێویستە بۆ ئازادی و دادپەروەری و ئاشتی ڕێبەری گەلی کورد ئازاد بکرێت ئێس ئەی سی سەندیکای کرێکاری ڕادیکاڵە، بە ناوی ئێریک بۆنک سکرتێری گشتیی سەندیکاکەوە لێدوانێکیان بڵاوکردەوە. بۆنک لێدوانەکەى خۆیشی کرد بە ڤیدیۆ و لە میدیاکانی دیجیتاڵ دا بڵاویکردەوە و ڕایگەیاند، کێشەی کورد تەنها کاریگەریی لەسەر تورکیا نییە، بەڵکو کاریگەریی لەسەر عێراق، ئێران و سوریاش هەیە. کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا یەکێکە لە گەورەترین کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
جگە لەکوردستانیان، هونەرمەندان و سیاسەتمەدارانی سویدیش نامەیەکیان ئاراستەی ئەنتۆنیۆ گوترێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و داوای ئازادکردنی ڕێبەری گەلی کوردیان کرد. هەروەها دانیال ڕیازات پەرلەمانتاری پارتی چەپ و شانۆکار کەمال گۆرگو نامەیەیان بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان نارد. دانیال ڕیازات پەرلەمانتاری پارتی چەپ کاتێک نامەکەی نارد لێدوانێکی دا و باسی لە بارودۆخی هاوشێوەی نیلسۆن ماندێلای سەرۆکی کۆنگرەی نیشتمانیی ئەفریقا (ئای ئێن سی / ANC) و ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد.
فینلاند: لە فینلاند، بزووتنەوەی گەنجانی چەپ (ڤاسیمیستۆنۆرتی / Vasemmistonuorte) رایگەیاند، بەشدارییان لە کەمپەینی "کاتیەتی، بۆ ئاشتییەکی دادپەروەرانە لە تورکیا ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان"دا کردووە. هێنریک جاکۆلا سکرتێری گشتی بزووتنەوەی گەنجانی چەپ (ڤاسیمیستۆنۆرتی) بە ناوی بزووتنەوەکەیانەوە نامەیەکی بۆ ئەنتۆنیۆ گۆترێس سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان نارد. ڤاسیمیستۆنۆرتی بۆ بەهاکانی سۆسیالیزم، دێموکراسی، فێمینیزم، ژینگەپارێزیی سوور و سەوز و ئینتەرناسیۆنالیزم تێدەکۆشێت و لە ٩ ناوچەی فینلاند ڕێکخستنی هەیە.
نەرویج: لەم وڵاتە پارتی سووری نەرویج، گەنجانی سوور، گۆڕینی بونیاتنەر (چەینج مەیکەر / Changemaker) و ڕێکخراوی یەکگرتنی کوردستان بە شێوەیەکی سەرەکی پشتگیریی کەمپەینی ئازادکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان کرد. دامەزراوە نەرویجییەکان ڕایانگەیاند، بۆ ئازادکردنی ڕێبەری گەلی کورد بەشداریی کەمپەینەکەى ئەفریقای باشوور کردووە و داوایان بۆ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوکردووە.
دانیمارک: لە دانیمارکیش داواکاریی ئازادکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە بڵاوکردنەوەى ئاگادارینامەی 'ئازادی بۆ ئۆجالان' بە ڕای گشتی ڕاگەیەندرا. ئاگادارینامەکە لە ڕۆژنامەی نەتەوەیی سەرەکی بە ناوی سیاسەت (پۆلیتیکین) بڵاوکرایەوە. لە ئاگادارینامەکەدا، وتەکانی عەبدوڵا ئۆجالان 'ئازادیی ژن ئازادیی کۆمەڵگایە. تا ژن ئازاد نەبێت کۆمەڵگا ئازاد نەبێت' سەرنجڕاکێش بوون. ڕۆژنامەی پۆلیتیکین لەلایەن یەکێک لە بەهێزترین گرووپە ڕۆژنامەوانییەکان بە ناوەکانی JP/Politikens Huss بڵاودەکرێتەوە و خوێنەری زۆری هەیە.
ڕۆژی ٩ی تشرینی یەکەم ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەییی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە رۆژنامەکەدا بە ناوی جیلاند-پۆستن ئاگادارینامەیەکی یەک لاپەڕەیی "ئازادی بۆ ئۆجالان" بڵاوکرایەوە. لە ئاگادارینامکەدا، ئاماژە بە گۆشەگیریی سەر ئیمراڵی کراوە و ڕاگەیاندراوە، پێویستە هەوڵێکی زیاتر و گەورەتر بدرێت بۆ ئازادکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و داوا لە دانیمارک کرا، کە ڕۆڵی کارا و چالاکانە لە تێکۆشانی بەدیموکراسیکردنی تورکیادا بگێڕێت.
هەروەها هەر لە دانیمارک لە ڕۆژنامەی ئینفۆرمەیشن (زانیاری)یش دا داوای ئازادکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کراو و ناڕەزایەتیی بەرامبەر تاوانە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک نیشاندرابوو.
سویسرا: فێهلمان ڕیل لۆرێنس پەرلەمانتاری سویسری لە ٥ی ئایاردا بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پێشنیازێکی پێشکەشی ئەنجومەنی فیدراڵی کرد. پەرلەمانتاران کرۆتاز بریجیت داندرێس، کریستییان دی لا رۆسیل، دێنیس فریدێز، پیەر ئەلین فریدل، کلاودیا فونیسیلۆ، تامارا گیسی، باربارا لوچەر، بنگوریل ساندرا، مارتی مین لی مولینا، فابیان مونز، مارتینا پیلیر کارارد، ڤالری پریزیۆسو باتو ستیفانیا، پلوت جۆن، شنایدەر شوتل ئورسولا، ئەو پێشنیازەیان واژۆ کردو داوایان لە حکومەتی بێرن کرد: کەمپەینی "کاتیەتی" وەک زۆرێک لە وڵاتانی جیهان لە میدیاکانی سویسراشدا گرنگیی پێدرا و بڵاوکرایەوە. لە رۆژنامەی کرێکاراندا ئاگادارینامەى ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجالان بڵاوکرایەوە، کە لە لایەن سەندیکای یونیا بڵاودەکرێتەوە. سەندیکای یونیا ١٦ فیدراسیۆن و ٣٨٠ هەزار ئەندامی هەیە. ڕۆژنامەکە بە سێ زمان بڵاودەکرێتەوە و لە کانتۆنە جیاوازەکاندا بە پۆست دەگاتە ئەندامەکانی. هەروەها لە گۆڤاری گاوچینهێبدۆ شدا کەمپەینی ئازادی بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان وەک ئاگادارینامە – هەواڵ بڵاوکرایەوە.
فەرەنسا: ڕۆژنامەی ناوچەی لا مارسیلایس، کە لە کاتی داگیرکاریدا لەلایەن بەرەنگارەکانەوە دامەزرابوو، بە مانشێتێکی یەک لاپەڕەیی لەسەر داوای ئازادکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بڵاوکرایەوە. ڕۆژنامەکە پۆرترێتێکی دەم بە پێکەنینی عەبدوڵا ئۆجالانی لە یەک لاپەڕەدا بە سەردێڕ و مانیشتەوە بڵاوکردەوە و ٤ لاپەڕەشی بۆ ئەو داوایە تەرخان کرد. لە ژمارەی تایبەتدا بە ناونیشانی " چیرۆکی ماندێلای کورد"، ئەم بابەتانە، "بەرپرسانی سیاسەتی ناوخۆ، کۆمەڵەکان و ئەو کەسانەى هەڵبژێردراون ئازادیی ئەویان دەوێت"، "بیر و رامانەکانی ئۆجالان سنوور تێدەپەڕێنن (چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەیوبب دۆرو)"، "بۆچی پێویستە پەکەکە لە لیستی ڕێکخستنە تیرۆریستییەکان دەربهێنرێت"، "نەوەی ئۆجالان، ئەو گەنجانەن، کە بۆ چارەسەری سیاسی لە کوردستان بەدی بێت خۆیان لە هەموو لایەکەوە تەیار و سەفەربەرکردووە" و "ئازادیی ئێمە و ئەوان پەیوەستە یە یەکترەوە" بڵاوکرابوونەوە.
ئوسترالیا: لە ڕۆژانی یەکەمی ئەمساڵدا، لە ڕۆژنامەی زێ سیدنی مۆرنینگ هراڵد (The Sydney Morning Herald)دا کەمپەینی ئازادی بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕاگەیەندرا. لە ژێر ناونیشانی 'کاتیەتی' ئاگادارینامەیەک بۆ ئازادکردنی ڕێبەری گەلی کورد و داوای ئاشتی بۆ کوردستان بڵاوکرایەوە. لە ئاگادارینامەکەدا وێنەی سەندیکاکارانی بەریتانیا بڵاوکرابووە، کە پۆستەری ڕێبەری گەلی کوردیان بەرزکردبووە. ڕۆژنامەی سیدنی مۆرنینگ هراڵد ڕۆژانە بڵاودەکرێتەوە و هەموو رۆژێک ١١ ملیۆن خوێنەری هەیە. ١٠ ملیۆن و ٧٠١ هەزار خوێنەری لە تۆڕە دیجیتاڵییەکاندا هەیە و رۆژانەش رۆژنامەکە لە تیراژی ١.٥ ملیۆن دا بڵاودەکرێتەوە.
بە سەرۆکایەتی فیدراسیۆنی دیموکراتیکی کورد لە ئوسترالیا (DKTF) و ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی چەندین کۆبوونەوە لە پەرلەمانی فیدڕاڵی ئوسترالیا لەگەڵ پارتی لیبراڵ و پارتی کرێکاران و پارتی سەوزەکان و سیناتۆری سەربەخۆ و پەرلەمانتارانی ترەوە چەندین کۆبوونەوە بەڕێوەچوون. ٤ کەس بە ناوی فیدراسیۆنی دیموکراتیکی کورد لە ئوسترالیا (DKTF) لە کۆبوونەوەکاندا ئامادەبوون و گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان کردە رۆژەڤ و بەرنامەی کار. پیتەر خەلیل پەرلەمانتاری مێلبۆرن ڕایگەیاند، نیگەرانییەکان سەبارەت بە دۆخی عەبدوڵا ئۆجالان دەخاتە رۆژەڤ و بەرنامەی کاری حزب و پەرلەمانەوە و وەک هاوکاران و هاوپیشەکانی لە ئەوروپا گفتوگۆ لەسەر دۆخەکە دەکەن.
غانا: رێکخراوی یەکێتیی پرۆژە کۆمەڵایەتییە داهێنەرەکان (ئەی سی سی پی / ACCP) بە ناردنی نامە بەشداریی لە کەمپەینی نێونەتەوەیی بۆ تێکشکاندنی گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئازادییان بوو. جۆن نان یاو ئۆکییری سەرۆکی ئەی سی سی پی بە ناوی ڕێکخراوەکەوە نامەیەکی بۆ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ناردووە و دەڵێت "ئەو (ئۆجالان) نوێنەری ڕەوای گەلی کورد و ملیۆنەها کەسە و لە بەرامبەر گوشارەکانی دەوڵەتی تورک سەرۆکی بەرخودان و خۆڕاگرییە". ئەی سی سی پی لە ساڵی ٢٠٠٨ لە غانا دامەزراوە و لە ساڵی ٢٠١٣ەوە ئەندامی ئەنجومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان (ECOSOC)یە.
ئیکوادۆر: بەرهەمەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە پێشانگای کتێبی شاری کویتۆی پایتەختی ئیکوادۆر نمایشکران. هەموو ساڵێک ١٠ خانەی چاپ و پەخش بەشداری لە پێشانگاکەدا دەکەن و پێشانگاکە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت. ئەم ساڵ بەهۆی بارانی بەهارەوە پێشانگاکە لە ناوەندی رۆشنبیریی ئێل ئۆتیرۆ (El Utero) بەڕێوەچوو. جگە لە بەرهەمەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، کتێبی "ژیانم هەمیشە شەڕ بووە"، کە لەلایەن ساکینە جانسزەوە نووسراوە، گەیەنرایە دەستی خوێنەران. لە ناوەندە رۆشنبیرییەکەدا، کە پێشانگاکەى تیادا بەڕێوەچوو، پۆستەر و لافیتەی بۆ ئیدانەکردنی گۆشەگیریی سەر ئیمراڵی و داوای ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد هەڵواسرابوون.
سبەی: ئەنجومەنی ئەوروپا و حکوومەتە ڕۆژئاواییەکان لە ساڵی ٢٠٢١دا هەڵوێستیان چۆن بوو؟
ژ.ت