سەبری ئۆک: دەوڵەتی تورک ناتوانێت بە هێرشکردن ئەنجام بەدەست بهێنێت

سەبری ئۆک ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە ئەوەی خستەڕوو، کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر گەلی کورد سەر ناکەوێت و وتی، "تەڤگەری دیموکراسی کورد، هێزە دیموکراتیکەکانی تورکیا دەبێت باوەڕیان بەخۆبێت."

سەبری ئۆک ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بەشداری بەرنامەی ڕۆژەڤی وڵات لە ستێرک تیڤی بوو و لەسەرەتادا تیشکی خستەسەر هێرشی داگیرکاری بۆسەر گارە و سەرکەوتن و بەرخۆدانی گەریلا.

سەبری ئۆک وتی، ئامانج لەهێرشەکانی دەوڵەتی تورک ئەوەبوو بۆ ماوەیەکی درێژ لێی بمێنێتەوە، خۆی بۆ ئەوە ئامادە کردبوو، بەڵام کاتێک بەرەو ڕووی دیواری پۆڵاینی بەرخۆدانی گەریلا بووییەوە حەپەسان و وتیشی، "بۆیە دەستکەوتەکانی گارە گرینگە و هێشتا باسی لەسەر دەکرێت. ئەمە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بەواتای قۆناغێکی شکستە، بە دەرفەت و تکنیکی بەهێزی سەربازی کە پێی لەخۆبایی بوون، لە بەردەم گروپێک لەگەریلادا تێکشکان.

پلان و هێرشەکانیان پووچەڵکرایەوە. بێگومان ئەمە بۆ تەڤگەرەکامان و هێزەکەمان سەرکەوتنێکی مەزنە. لە مێژووی تێکۆشانی ئێمەدا  گارە بووە خاوەن پێگەیەکی تایبەت. لە ئێستا بەدواوە بەم شێوەیە لە سەری قسەوباس دەکرێت.

' تەڤگەری دیموکراسی کورد هیچکات لە رێبازی خۆی پاشەکشێ ناکات'

سەبری ئۆک لە قسەکانی خۆیدا تیشکی خستە سەر گوشار و زۆرداری بۆ سەر سیاسەتی دیموکراتیکی کورد، بەتایبەتی گوشارەکانی سەر هەدەپە و وتی، " تەڤگەری دیموکراتیکی کورد هەتاکوو ئێستا بەردەوام کراوەتە ئامانجی هێرشەکان. لەسەرەتاوە بە سەدان بەڕێوەبەر و ئەندامی سیاسی کورد شەهید کران، بەدەیان هەزار کەس دەستگیر کران. بە هەزاران کەس بەناچاری ڕێگەی دەرەوەی وڵاتیان گرتەبەر. بەڵام تەڤگەری دیموکراسی کورد و هێزە دیموکراسیخوازەکان هیچکات لە چاندی خۆیان لایان نەدا. لەم بابەتەدا خۆیان سەلماندووە. ئەمە بەڕاستی گرینگە. لە هەمبەر ئەو هەموو هێرشە تێکۆشان بەردەوام بوو. پێش دەسەڵاتداری فاشیستی ئاکەپە و مەهەپە کەمیش بێت بە ڕێگەی سیاسەتی دیموکراتیک، دەرفەتێک هەبوو. ئێستاکە تاکە شتێک، کە دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە کردوویانەتە بابەتی خۆیان، بەتەواوی لە ناوبردنی سیاسەتی کوردە. هەتاکوو ئێستا بەم شێوازە هەڵسووکەوت دەکەن. بەهەزاران کەسیان خستە بەندیخانە. هاوسەرۆک، بەڕێوەبەر، هاوشارەدار، ئەندامی پارتی هەدەپە دەستگیرکران. شارەوانی نەماوە کە قەیومی تێدا دانەنێن. ئەو زەخت و گوشارانەی کە لە هەدەپە دەکرێت بە سەرهەر پارتێکی تردا بەهاتایەت بەتەواوی لەناو دەچوو. بەڵام هەدەپە خاوەن چاند و مێژووە، ئەو چاندی بەرخۆدانی خۆی سەلماندووە. ئەو چاندە هەم تێکۆشان دەکات، هەمیش لە ناو ئۆپۆزیسیۆنی تورکیادا بە ڕۆڵێکی گرینگ ڕادەبێت."

' هەرچییەک دەکەن ناتوانن ئەنجام بگرن '

سەبری ئۆک باسی لەوەکرد، کە نەتەنیا بە گوشار و قەیوم  هەروەها بە گەلێک رێگە و ڕێبازی تر هەرچییەک دەکەن ناتوانن هەدەپە لە گۆڕەپانەکە لابدەن و بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانیدا، "ئێستا بیر لەوە دەکەنەوە کە بە چ ڕێبازێک بجووڵنەوە. بیر لە ئەنجامێکی گرینگ دەکەنەوە، بەڵام ڕۆژبە ڕۆژ تەنگاوتر دەبن و گەمارۆ دەدرێن. خەریکی لێگەرینێکی ئاوەهان. بێگومان دەتوانن ئەندامانی هەدەپە دەستگیر بکەن. پلانی ئەوە دادەنێن کە چلۆن ئەنجام بگرن. لە دژی ژنان، گەنجان و هەموو چینەکانی کۆمەڵگە بەنیازن شەڕێکی بەرفراوانی دەروونی بەڕێوەببەن، بێکاریگەریان بکەن و لەناویان بەرن. چە بە گرتن و چە بەهێرشی جیاوازی فاشیستی، دەخوازن هەدەپە بێکاریگەر بکەن و پیش بە تێکۆشانی هەدەپە بگرن. بەڵام ئەم کارەی کە دەیکەن چارەسەر نییە. چەندە دەستگیر بکەن، بیانخەنە زیندان، چەندە دەست بگرنەسەر شارەوانییەکاندا ناتوانن هیچ ئەنجامێک بگرن.

"دەبێت هێزە دیموکراسییەکان بڕوایان بە خۆیان هەبێت"

باشە بۆ؟ لەبەر ئەوەی کولتور و رۆشنبیرییەک دروستبووە. ئیدی ناتوانن تێکۆشانی دیموکراسیی کوردان، تێکۆشانی هێزە دیموکراسییەکان، تێکۆشانی ژنان و گەنجان کۆتایی پێ بهێنن. هێزی هیچ کەسێک بەشی ئەوە ناکات. چەند بەسەر سیاسەت و تێکۆشانی کورددا بێن بەو ئەندازەیە تێکۆشانێکی زیاتر رادیکاڵ و توندیان رووبەڕوودەبێتەوە. یانی ئەستەمە بەو شێوازانەی هێرشکردن بتوانن ئیرادە تێکبشکێنن و ئەنجام وەربگرن. بێگومان ئەو هێرشانە بە مانای ئەوە نییە، کە ئەوان بەهێزن. ئەگەر هاوکات لەگەڵ ئەو هەموو قەیرانانە، لاوازیی ئابووری و گوشاری نێونەتەوەیی هێشتا بیر لەوە دەکەنەوە، کە هەدەپە دابخەن، ئەوا یانی مەترسییەکی گەورەیان داوەتە بەر خۆیان. بێگومان ئەگەری ئەوە هەیە هەدەپە دابخرێت.

ئەنجامێک، کە ئێمە لێی بەدەست بهێنین ئەوەیە، بزووتنەوەى دیموکراسیی کورد، هێزە دیموکراسییەکانی تورکیا دەبێت بڕوایان بە خۆیان هەبێت و ئەوە بزانن دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە لە کۆتایی نزیک بووەتەوە. ئەو ھێرش و دڕەندەیانە لەبەر بەهێزبوونیان نییە، بەڵکو لەبەر بێچارەبوونیان و نزیکبوونەوەیانە لە کۆتاییهاتنیان. لەبەر ئەوەى ئەوان هیچ چارەیەکیان نەماوە بەو شێوە دڕندانەیە هێرش دەکەن. ئەگەر هێزە دیموکراسییەکان زیاتر بە بەهێزی تێبکۆشن، ئەوا فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە ئەو شانس و دەرفەتەیان نابێت، کە بەردەوامی بە خۆیان بدەن. بێگومان لێرەدا رۆڵی هێزە دیموکراسییەکان و حیزبەکان لە تورکیا لە دژی فاشیزم گرنگە. جەهەپە ساڵەهای ساڵە بووەتە پاڵنەری هێرشەکان لە دژی بزووتنەوەی گەلی کورد و بەو شێوازە خۆی دەدۆڕێنێت. بەو سیاسەتە ناتوانێت ئۆپۆزسیۆنی بکات. بێگومان جەهەپە بە راگەیاندراوەکانی لەباری هێرشکردنەسەر هەدەپە ئەوەى نیشاندا، کە پشتیوانی لە دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە ناکات، لەو بوارەدا هەندێک راگەیاندراویان هەیە و کارە راستەکەش ئەوەیە".

"بە دڵنیاییەوە هەڵمەتی کات کاتی ئازادییە سەردەکەوێت"

سەبری ئۆک ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی کەجەکە لە بەردەوامیی وتەکانیدا باسی لە کەمپەینی "کات کاتی ئازادییە" کرد و وتی، نزیکەى ١٠٠ رۆژە چالاکییەکانی مانگرتن بەردەوامییان هەیە و سڵاوی لە بەرخودانی زیندانەکان کرد. وتیشی، "ئێمە بڕوامان بەوە هەیە، کە هەڵمەتی "کات کاتی ئازادییە" بە دڵنیاییەوە سەردەکەوێت. دەبێت تێکۆشان و بەرخودان بکرێت و قوربانی بدرێت. بە ناوی گەلی کورد و پەکەکەوە ئێمە بۆ ئەوە ئامادەین. بێگومان ئەو هەڵمەتە مێژووییە ئەنجامی گرنگی لێدەکەوێتەوە. رۆشنبیران، نووسەران، ژنان و گەنجان بە بەهێزی پشتیوانیی لێدەکەن. لە ئەفریقای باشوور تاوەکو ئەوروپا، تاوەکو سەندیکاکانی ئیتالیا و بەریتانیا، کە ملیۆنەها ئەندامیان هەیە، لە زۆرێک لە شوێنەکانی تردا هەڵوێستی زۆر باش و گرنگ نیشاندراون و هەیە. بۆ یەکەمجار لە باشووری کوردستان ٧٤ کەسایەتیی ئەکادیمی بانگەوازیان بۆ ئازادیی رێبەر ئاپۆ بڵاوکردەوە.

"دەبێت هەموو ئیمزا کۆکراوەکان تەنها بۆ یەک شوێن بنێردرێن"

پێویستە هەڵمەتەکە لە ئێستاوە تاوەکو ئەو کاتەى ئەنجام بەدەست دەهێنێت بەبێ وەستان و پسانەوە بەردەوامیی هەبێت. بێگومان دەبێت زیاتر  بە رێکخستنکراو بێت. بۆ نمونە، لە هەموو شوێنەکاندا ئیمزا کۆدەکرێنەوە، ئەو ئیمزایانە هەندێکیان بۆ یەکێتیی ئەوروپا و هەندێکیشان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دەنێردرێن، بەڵام بێگومان دەبێت تەنها یەک ئامانج هەبێت و هەموو کەسەکان ئیمزاکانیان بۆ یەک شوێن بنێرن. ئێمە دەبینین، کە لە رۆژئاوا و باشوور کەمپەینی ئیمزاکۆکردنەوە دەستیپێکردووە، هەر یەکەیان ئیمزاکانیان دەنێرێن بۆ شوێنێک. ئەوە وا نابێت. دەبێت بینرێن بۆ یەک شوێن. ئەگەر ئیمزا کۆدەکرێتەوە، ژمارەی ئەو کەسانەى داوای ئازادیی رێبەر ئاپۆ دەکەن ملیۆنەها کەس تێدەپەڕێنێت، ئەوا لەو کاتەدا دەبێت ئیمزا لە هەموو شوێنەکاندا کۆبکرێتەوە و بۆ یەک شوێن بنێردرێن و بەو شێوەیەش ئەنجام بەدەست دێت.

"دەبێت کەمپەینەکە زیاتر بە رێکخستنکراو و بە بەهێزی بەردەوامیی هەبێت"

راستی، فەلسەفە و پارادیگمای رێبەر ئاپۆ نەک تەنها بۆ گەلی کورد و گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو بۆ وەڵامدەری هەموو مرۆڤایەتییە. هەموو کۆمەڵگەکان داهاتووی خۆیان لەو فەلسەفەیەدا دەبینن. دەبێت ئێمە بتوانین فەلسەفە و پارادیگمای رێبەر ئاپۆ باشتر و زیاتر بڵاوبکەینەوە. لە هەر چوار لای جیهان رۆشنبیران، نووسەران و ئەکادیمیەکان پارادیگمای رێبەر ئاپۆ دەخوێننەوە، روون و ئاشکرایە، کە چۆن باسی ئەو فەلسەفە و پارادیگمایە دەکەن، شیکاری بۆ دەکەن و بابەتی لەسەر دەنووسن، بۆیە دەبێت ئێمە گرنگی بدەینە سەر کەمپەینی ئازادی بۆ رێبەر ئاپۆ. بێگومان بە تێپەڕبوونی کات ئەنجامی زۆر گرنگتر بەدەست دەهێنرێت. سەرەتا لە هەر چوارپارچەى کوردستان و لە دەرەوەی وڵات، کورد پێشەنگایەتی بۆ ئەو هەڵمەتە دەکات. ئێمە چووینەتە مانگی ئادار، مانگێک بۆ تێکۆشانی گەرم. دەبێت کەمپەینەکە زۆر بەهێزتر و رێکخستنکراو و رادیکال بەردەوامیی هەبێت".

ک.ش / ژ.ت