سبەینێ دوو دەستگیرکراوی بادینان دادگایی دەکرێن
بڕیارە سبەینێ دانیشتنێکی دیکەی دادگایی دوو لە دەستگیرکراوانی بادینان ئەنجامبدرێت، دوو رۆژی دواتریش نۆ دەستگیرکراوی دیکە دادگایی دەکرێن.
بڕیارە سبەینێ دانیشتنێکی دیکەی دادگایی دوو لە دەستگیرکراوانی بادینان ئەنجامبدرێت، دوو رۆژی دواتریش نۆ دەستگیرکراوی دیکە دادگایی دەکرێن.
بڕیارە سبەینێ سێشەمە هەریەکە لە بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی، دوو لە دەستگیرکراوانی بادینان لە دادگای تاوانی دووی هەولێر دانیشتنێکی دیکەی دادگاییەکەیان بەڕێوە بچێت.
لە رۆژانی چوار شەممە و پێنج شەممەش لە هەمان دادگا، دادگایی نۆ دەستگیرکراوی دیکە ئەنجام دەدرێت، ئەوەش دوای ئەوە دێت کە ماوەی رابردوو چەند جارێک بە بەهانەی جیاواز دادگاییکردنی ئەو چالاکوانانە دواخرا.
ئومێد بەرۆشکی تا ئێستا لەسەر شەش دۆسیە دادگایی کراوە و دوو ساڵ و نیو زیندانی بەسەردا سەپێندراوە و 250 هەزار دیناریش سزای ماددی دراوە و سبەینێ لەسەر دۆسیەی حەوتەم دادگایی دەکرێت.
بەدەل بەرواری لە مانگی شوباتی ئەمساڵ لەگەڵ شێروان شێروانی و هاوڕێکانی برایە دادگا، بەڵام بە هۆی کەموکورتی لە دۆسیەکەی دادوەر بڕیاریدا دۆسیەکەی ڕەوانەی دووبارە لێکۆڵینەوە بکرێت، بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستا دانیشتنی دادگایی بۆ دۆسیەی ئەو دەستگیرکراوەی بادینان دوادەخرێت.
زیندانیانی بادینان ژمارەیان ٨٢ کەسە و زیاتر لە ١٤ مانگە دەستگیرکراون پەرلەمانتاران و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن ئەو چالاکوان و رۆژنامەنوسانەی بادینان هیچ بەڵگەیەکی تاوانیان لەسەر نییە و ئەوەی هەیە بابەتێکی سیاسیە، ئەو کەسانە دوورن لە کارتی تیرۆر کە پێی تۆمەتبارکراون.
ف.ق