"شەڕ گەورەترین زیان بە کورد دەگەیەنێت"

دانیشتوانی باشووری کوردستان لە دژی سیاسەتەکانی پەدەکە، کە هێزی چەکداری بردووە بۆ گارە، هەڵوێستیان نیشان دا و رایانگەیاند، شەڕ گەورەترین زیان بە کورد دەگەیەنێت.

چەکدارەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەەکە) لە ناوچەى گارەی باشووری کوردستان زیان بە هاووڵاتییان دەگەیەنن. هەموو رێگاکانی بژێویی ژیانی هاووڵاتییانی سنووری گارە، لەلایەن ئەو چەکدارانەوە گیراوە.

ئەو هاووڵاتییانەشی هەڵوێست لە دژی ئەو کارانە نیشان دەدەن دەڕفێنرێن. تاوەکو ئێستا دەیان مرۆڤ رفێندراون و زانیاریش لە بارەی ژیان و چارەنووسی زۆربەیانەوە لە بەردەستدا نییە.

هاووڵاتییەکی ئەو ناوچەیە بە ناوی نەهلێ وتی، نایانەوێت لە نێوان پەکەکە و پەدەکەدا شەڕ رووبدات. وتیشی، "شەڕی 'براکوژی' گەورەترین زیان بە گەلی کورد دەگەیەنێت".

هاووڵاتییەکی تری ئەو سنوورە لە دژی گوشارەکانی پەدەکە بۆ سەر گەل ناڕەزایەتی نیشاندا و وتی، ئەوان لە ماڵی خۆیان و لەسەر زەویی خۆیاندان و هیچ شوێنێکی تریان نییە کە بۆی بڕۆن.

دانیشتوانی ئەو ناوچەیە دەڵێن، شەڕ بۆ مرۆڤ نییە و لە دژی شەڕن.

ژ.ت