شایەتحاڵەکانی کۆمەڵکوژیی نسێبین: بە زرێپۆش بەسەر خەڵکدا دەڕۆیشتن
دەوڵەتی تورک لە دوای نەورۆزی ١٩٩٢ لە نسێبین لە گۆڕەپانی پردی شەهیداندا هاووڵاتییانی کۆمەڵکوژ کرد. شایەتحاڵەکانی ئەو ڕۆژە وتیان، بە زرێپۆش بەسەر مرۆڤەکاندا دەڕۆیشتن.
دەوڵەتی تورک لە دوای نەورۆزی ١٩٩٢ لە نسێبین لە گۆڕەپانی پردی شەهیداندا هاووڵاتییانی کۆمەڵکوژ کرد. شایەتحاڵەکانی ئەو ڕۆژە وتیان، بە زرێپۆش بەسەر مرۆڤەکاندا دەڕۆیشتن.
مێژووی کوردستان هاوکات لەگەڵ بەرخودان و راپەڕینەکان پڕیشە لەو کۆمەڵکوژییانە، کە دەوڵەتی تورک ئەنجامیداون. بە تایبەت کاتێک مرۆڤ سەرنج بداتە سەر مێژووی نزیک، ئەوە بە روونی دەبینرێت، کە سیاسەتی پاکتاوکردنی دەوڵەتی تورک نەک بە ئامانجەکەى نەگەیشتووە، بەڵکو بەرخودانی کوردانی بەهێزتر کردووە. نەرۆزی ساڵی ١٩٩٢ لە نسێبین وەک یەکێک لەو کۆمەڵکوژییانە لە ناو لاپەڕەکانی مێژووماندا تۆمار کراوە.
لە شرنەخ و جزیر خەڵکیان کۆمەڵکوژ کرد
لە ٢١ی ئاداری ١٩٩٢ دا هەزاران کەس لە شرنەخ و جزیر خۆیان بۆ پیرۆزبایکردنی نەورۆز ئامادە کردبوو، بەڵام کۆمەڵکوژییان بەرامبەر ئەنجامدرا. لە ناوچەى نسێبینی مێردینیش نەورۆز بە بەشداریی دەیان هەزار کەس بە شێوەیەکی بەهێز و شکۆمەندانە بەڕێوەچوو. لە شرنەخ و جزیر سەدان کەس گیانیان لە دەستدا و سەدان کەسی تریش بریندار بوون. لە نسێبین لە دوای ئەوەى هەواڵی کۆمەڵکوژکردنی خەڵک لە شرنەخ و جزیر گەیشت، سولەیمان دەمیرەڵ سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتە و عیسمەت سزگین وەزیری ناوخۆی چوونە بەردەم کامێراکان و سپاسی خەڵکی نسێبینینان کرد، لەبەر ئەوەى هیچ رووداوێک رووی نەداوە.
بۆ ئیدانەکردنی کۆمەڵکوژییەکانی شرنەخ و جزیر خەڵکی نسێبین رژانە سەر شەقامەکان
هەواڵەکانی کۆمەڵکوژکردنی شرنەخ و جزیر لە نسێبین بوو بووە هۆی توڕەبوونێکی زۆری گەل، بەڵام لێدوانەکانی دەمیرەڵ و سەزگین بووە هۆی ئەوەى خەڵک بڕژێنە سەر شەقامەکان. دوای رۆژێک و لە ٢٢ی ئاداردا هەزاران کەس رژانە سەر شەقامەکان تاوەکو کۆمەڵکوژیی شرنەخ و جزیر ئیدانە بکەن و لەسەر پردی شەهیدان و لەسەر چەمی چاخ چاخێ کۆبوونەوە. جەماوەری گەل لەوێ چالاکیی دانیشتینان ئەنجامدا و کۆمەڵکوژییەکانیان ئیدانە کرد، بەڵام پۆلیسەکانی دەوڵەتی تورک دەستڕێژی گولـلەیان لە خەڵکەکە کرد و بە زرێپۆش بەسەر خەڵکەدا رۆیشتن.
هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی تورک ٢١ کەسیان کوشت
بەپێی ئاماری فەرمی لە ئەنجامی هێرشەکانی پۆلیس دا ١٦ کەس و بەپێی شایەتحاڵەکانیش ٢١ کەس کوژراون. زیاتر لە ١٠٠ کەسیش بریندار بوون. تەرمی دوو کەس کەوتە ناو چەمی خاچ خاچێ و تەرمەکانیان گەیشتە شاری قامیشلۆ لە رۆژئاوای کوردستان. بەهۆی ئەو کۆمەڵکوژییەوە لە ناوچەکە بۆ ماوەى چەندین رۆژ یەک لەسەر یەک رووداوی جۆراجۆر و پێکهەڵپژان روویان دەدا. لەبەر ئەوەش سەدان کەس دەستگیرکران، زیندانیکران، ئەشکەنجە کران و بەشێکیان بەهۆی برین و ئەشکەنجەکانەوە کەمئەندام بوون، بەڵام خەڵکی ناوچەکە سەرباری ئەو کۆمەڵکوژی و توندوتیژییانەى دەوڵەتیش، هەموو ساڵێک بە لێشاو دەخرۆشن بەرەو گۆڕەپانی نەورۆز. بەپێی وتەى شایەتحالەکان 'نەورۆزی نسێبین لە ساڵی ١٩٩٢ دا بۆ ئەوان خاڵێکی چارەنووسساز بوو و ئازارێکی قورسیشە، کە لە بیر ناچێت.
تەقەیان لەو کەسانەش کرد، کە خۆیان هەڵدابووە ناو چەمەکەوە
یەکێک لە شایەتحاڵەکان بە ناوی ساڵح فالای باسی پێش و دوای کۆمەڵکوژییەکە کرد. فالای باسی ئەوەیکرد، پێش کۆمەڵکوژییەکە نەورۆزێکی پڕ لە جۆش و خرۆش بەڕێوەچووبوو. دوای رۆژێک و لە کاتی سەردانەکاندا پۆلیس خواستیان بە ئۆتۆمبێل رێگری لە جەماوەر بکەن، جەماوەریش دەستی بە چالاکیی دانیشتن کرد.
فالای باسی ئەو رۆژەى کرد و وتی، "ئێمە دەستمان بە چالاکیی دانیشتن کرد، بەڵام پۆلیس بە زرێپۆشەکانیان بەرەو ئێمە دەهاتن و ئێمەیان دەکرد بە ژێرەوە. کاتێک باسی رووداوەکانی ئەو سەردەمە دەکەن، دڵێ ئێمە ژان دەکات. پۆلیسەکان بە زرێپۆشەکانیان بەسەر ئێمەدا هاتن و ئێمەیان بە زرێپۆشەکانیان ئەشکەنجە کرد و هەوڵیاندا ئێمە لە یەک جیا بکەنەوە. زۆر کەس باڵ و دەست و قاچیان شکا. زۆر کەس شەهید بوون. هەندێک ناچار بوون خۆیان لە پەردەکە هەڵبدەنە خوارەوە. هەڤاڵێکی ژنمان هەبوو، کە ٥ منداڵی هەبوو. ناچاربوو خۆی هەڵبداتە ناو ئاوەکە، بەڵام پۆلیسەکان لە ناو ئاوەکەشدا دەستڕێژ و تەقەیان لێکرد. زرێپۆشێکی پۆلیس بەسەر هەڤاڵێکماندا رۆیشت. دەنگێکی زۆر مەترسیداری لێ بەرز بوویەوە. دوای ئەوە چادری پرسە بۆ گیانبەختکردوان دانرا، بەڵام پۆلیس هەوڵیاندا رێگریش لەوە بکەن، ئیدی هەر چۆنێک بوو، بوو بە مەرج، کە پۆلیس بەشداری پرسەکە بکات!. لەبەر ئەوەش کۆمەڵکوژیی پردی شەهیدان و ئەو ئازارەی لەوی چێشترا، لە هیچ هەلومەرجێکدا لە بیر ناچێتەوە. هەر کات ئەو رووداوە دێتەوە یاد و بەرچاوم، دڵم ژان دەکات".
رۆژێکی وەک قیامەت بوو
رەحیمە ئاکسو یەکێکی تر لە شایەتحاڵەکانی ئەو رۆژە وتی، "سەرباری بارینی بارانیش ئێمە نەورۆزەکەى خۆمان پیرۆز کرد. دواتر هەموان رۆیشتنەوە بۆ ماڵی خۆیان. دوای رۆژێک و بەهۆی رووداوەکانی کوشتن لە جزیر ئێمە رژاینەوە سەر شەقامەکان. منداڵە ساواکەم لە باوەشمدا بوو. لە رێگەدا هەندێک کەس منیان بینی و وتیان، دەبێت منداڵە ساواکەت لە ماڵەوە دابنێیت. تاوەکو من منداڵەکەم بردەوە بۆ ماڵەوە دەنگی تەقە و چەک دەستیێکرد. کاتێک هاتمە دەرەوە و بینیم، کە مرۆڤەکان بە دەورووبەردا بڵاوبوونەتەوە. کاتێک پرسیم چی بووە، وتیان لە پردی شەهیدان چالاکیی دانیشتن هەیە. ئێمەش بەرەو ئەوێ رۆیشتین. تاوەکو زیاتر نزیک دەبووینەوە دڕندەیی زیاترمان دەبینی. سەرەتا تەقەیان لە مرۆڤەکانی سەر پردەکە کرد، دواتریش بە زرێپۆش بەسەر مرۆڤەکاندا رۆیشتن. تەرمی مرۆڤەکان لە ناو ئاوەکەدا دەردەهێنرانەوە. رۆژێکی وەک قیامەت بوو".
ژان و ئازار لە بەرخودانی نسێبین لە بیر ناکرێت
ئاکسو رایگەیاند، بۆ ئەوەى تەرمەکان وەربگرنەوە بە بەتانییەوە رۆیشتوون بۆ هاوکاریی خەڵکەکە و وتی، "ئێمە بە بەتانییەوە رۆیشتین بۆ شوێنی کۆمەڵکوژییەکە. کاتێک ئێمە گەیشتینە ئەوێ، ئێمە هەم بریندارەکان و هەم شەهیدەکانمان لەگەڵ خۆمان برد. دوای ئەوەش چالاکوانان بە ناو ماڵەکانی خۆیاندا بڵاوبوونەوە. پۆلیسیش بە زرێپۆش هەڵیدەکوتایە سەر ماڵان. هەر گیز ئەو رۆژە لە بەرچاوم ناڕوات. بەرخودانی نسێبین و ژان وئازاری نێسبینش قوڵە. نسێبین ئازار و ژانی زۆر کێشا و بەو ئەندازەیەش بەرخودان و بەرەنگاریی کرد. لەو رۆەژەوە هیچ شتێک نەگۆڕاوە. زوڵمی ئێستا لە هی ئەو رۆژە قورسترە".
ژ.ت