شەهید ڕۆنی ئاربابا؛ خەندەیەک، نیگایەک، دڵێک لێوانلێو لە خۆشەویستی نیشتمان

بزە و خەندەی سەر لێوێک یان نیگایەک چەندە دەتوانێت گوزارشت لە خۆشەویستی نیشتمانی نێو دڵی گەریلایەک بکات؟! هەڵبەتە وەک هەمیشە دەوترێت ئەگەر تەماشای چاوانی کەسێک بکەی دەزانی لە ناخی‌دا چی هەست دەکات.

بزە و خەندەی سەر لێوێک یان نیگایەک چەندە دەتوانێت گوزارشت لە خۆشەویستی نیشتمانی نێو دڵی گەریلایەک بکات؟! هەڵبەتە وەک هەمیشە دەوترێت ئەگەر تەماشای چاوانی کەسێک بکەی دەزانی لە ناخی‌دا چی هەست دەکات. بڕواننە ئەم چاوانە و تێیایدا خۆشەویستی کوردستانی تێدا ببینن. بە بزەی سەر لێوانییەوە دەتوانن تامی خۆشی ژیانی تێدا ببینن. خۆشەویستی کوردستان تەنیا بە وشە نا، بەڵکوو بە خەندەیەک، بە نیگایەکی هەڤاڵ رۆنی ئاربابا دەدیترێت.

برینی مەزن مەگەر بە سەرکەوتنی مەزن ساڕێژ بێت

ئازادی بەردەوام داخوازی گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بووە و بۆ پێکهێنانی ئەم داخوازییەی گەل بە چەندان شۆڕش ئاوا بووە و مافی گەلی کورد لە داگیرکەران ساندراوە. بەڵام، وەک چۆن پێشینیان دەڵێن: "هەتا کرمی دارێ لەوی نەبێ، دار ناڕزێ." لە سۆنگەی خەیانەتی جاش و نۆکەرانی داگیرکەران و برافرۆشی و براکوژی ئەو سەرهەڵدانانە تێکچوون و دەسکەوتەکانی گەلی کورد دیسانەوە لە دەستیان سەندرایەوە. کۆماری کوردستانیش کە بە دەستی پێشەوا قازی محەمەد ئاوا کرا ئەو دەسکەوتە پیرۆزەی کە گەلی کورد پێی گەیشتبوو بە دەستی نۆکەران و داگیرکەران لەناو چوو. ئێشی ئەو برینەی کە بەدەستی برا خەنجەر لە برا درا هەرگیز کەم نەبووەوە و نە تەنیا گەلی رۆژهەڵات بەڵکو گەلی کورد لە هەر چوار لای نیشتمانەوە هەست بە ئێشی ئەو برینە دەکەن. زانیار حوسەینی رۆڵەی بانەی مەڵبەندی شەهید سمکۆ یەکێک لەو لاوانەبوو کە لە ناخی‌دا هەستی بە ئێشی ئەم برینە کرد. زانیار ویستی بۆ ئەم برینەی ببێتە سارێژێک. هەڵەبەتە برینی مەزن مەگەر بە سەرکەوتنی مەزنەوە سارێژ ببن. زانیار ویستی ببێتە بە شێک لە پێکهێنانی ئەم سەرکەوتنە.

بە ناوی رۆنی‌ـیەوە رووناکییەکی دا بە رێگای ژیانی‌

زانیار بۆ ئەوەی ببێتە سارێژێک بۆ برینی بە میلیۆنان کورد دەستی بە لێگەڕان کرد. زانیار بزوتنەوەی ئاپۆیی و پاڕتی کرێکارانی کوردستانی ناسی کە لە دوای ٢٨ سەرهەڵدانی کوردان سەریهەڵداوە و ئاستی تێکۆشانی ئەم بزوتنەوەیە هەتا ئێستاکە لە هیچ یەک لە سەرهەڵدانەکان‌دا نەدیتراوە. بۆ ئەوەی زیاتر ئەم رێکخستنە بناسێت و لە ناوەڕۆکی تێکۆشانی‌دا خۆی قووڵ بکاتەوە زۆر پەرتووکی رێبەر ئاپۆ و رێکخستنی خوێندەوە. لە ئاستێک‌دا تێکۆشانی بزوتنەوەی ئازادی ناسی. دیتنی چالاکی گەریلایان لە دژی داگیرکەرانی سەر خاکمان زیاتر ئەوی رووەو بزوتنەوەی ئازادی کەمەندکێش کرد. فەلسەفەی رێبەری ئاپۆ و ئایدیۆلۆژیای ژیانی پەکەکە ئەو شتانەبوون کە هەر لە سەرەتادا کاریگەری لەسەر زانیار دانا و بوو بە هۆی ئەوەی بڕیاری پەیوەست بوونی بۆ بزوتنەوەی ئازادی بدات. زانیار لەم رێگەیەدا ناوی خۆی کرد بە رۆنی ئاربابا و بە ناوی رۆنی‌ـیەوە رووناکییەکی دا بە رێگای ژیانی‌.

بە روانین لەم هاوڕێیەتییە ئاسۆی مرۆڤ بەرفراوان‌تر دەبێت

ئەو بەرهەم و دەسکەوتانەی کە بە رەنجی رێبەر ئاپۆ، شەهیدان، بزوتنەوەی ئازادی و تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد دەستەبەر بووە هەیەجان و موڕاڵێکی لە هەڤاڵ رۆنی‌دا ئاوا دەکرد. شتێک کە هەر گەریلایەک لە ئاستێکی بەرزدا پێی کاریگەر دەبێت ئەو هاوڕێیەتییە بێگرد و فیداکارانەیە کە لە نێوان گەریلایان‌دا هەیە. بە روانین لەم هاوڕێیەتییە ئاسۆی مرۆڤ بەرفراوان‌تر دەبێت و ئەو هاوڕێیەتییەی کە هەر یەک لەگەریلایان ئامادەن گیانیان لە پێناو هاوڕێیەتی‌دا فیدا بکەن، ئەو ئاسۆ روونەی گەلی کوردە کە داهاتووی روون و ئازادیمان نیشان دەدات. رێبوارانی ئەم رێگەیە رۆژانە بە خێراییەکی بێ وێنە و بە فیداکردنی گیانیان رووەو ئەم ئاسۆیە رێگە دەگرنە بەر. هەڤاڵ رۆنی لە رێبوارتی ئەم رێگەیەدا سوور بوو و بە هێزێکی ماندونەناسانە و بە بێ شەکەتی قاچەکانی ئەم رێگەیەیان دەبڕی.

هاواری سروشت دەگاتە گوێی گەریلایان

یەکێک لە بنەماکانی پارادایمی رێبەر ئاپۆ ژینگە پارێزییە. گەریلایان بەم زانابوونەوە و بە زانابوونی رۆڵی سروشت لە ژیانی هەموو گیانلەبەران‌دا نزیکی سروشت دەبن. هەڤاڵ رۆنی لە ناخییەوە هەستی بە پەیوەندی نێوانی گەریلا و سروشت کرد و خۆی لە سروشتی رەنگینی کوردستان‌دا تواندەوە. داگیرکەرانی سەر خاکی کوردستان بەهەموو شێوازێک لە هەوڵی لەناو بردنی سروشتی کوردستان‌دان. رۆژانە بە بۆمبارانەکانیان سروشتی رازاوەی کوردستان لەنێو ئاگر دا دەسووتێنن. هاواری سروشت دەگاتە گوێی گەریلایان. هەڤاڵ رۆنی گوێبیستی ئەم هاوارە بوو و بەڵێنی بە سروشتی کوردستان‌دا کە دەستی داگیرکاری لەسەر خاکی کوردستان کورت دەکەنەوە. رۆژانە بە چالاکی‌گەلێک کە لە دژی داگیرکەران پێکیدێنا ئەم بەڵێنەی بەجێ دەگەیاند. 

وەک هێزێکی فیدایی رێبەر ئاپۆ تێکۆشانی بەرێوەدەبرد

یەکەمین رێگە بۆ هەڤاڵ رۆنی درێژەپێدان بە رێگەی شەهید سمکۆ سەرهەڵدان بوو. رێگەیەک کە هەڤاڵ سمکۆ لە باکووری کوردستان و لە بەحری رەش بڕیبووی ئەو رێگەیەبوو کە هەڤاڵ رۆنی خوازیاری بوو ببێت بە رێبواری. وەک گەریلایەکی سەرکەوتووی کوردستان هەڤاڵ رۆنیش لە پێناو ئەم ئامانجەی‌دا درێژەی بە تێکۆشانی‌دەدا و بەم خۆشەویستییەوە بەشداری کار و خەباتی رێکخستنی‌دەبوو. لە سەرووی توانا و هێزییەوە، وەک گەریلا و وەک هێزێکی فیدایی رێبەر ئاپۆ تێکۆشانی بەرێوەدەبرد. بیرەوەری ئەو شەهیدانەی لەگەڵیانیا ژیانی کرد هەڤاڵ رۆنی زیاتر گرێدراوی ژیان دەکرد. بەتایبەتی کەسایەتی شەهید روبار شەرڤان لەبواری هەڤاڵتی و تێکۆشانی ئازادی‌دا کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دانا. هەڤاڵ رۆنی خوازیاری ئەوە بوو کە بە رەخنەدایین لە بەرامبەر شەهیدان و بەرزکردنی تێکۆشانی لە دژی داگیرکەران بۆ شەهیدان ببێتە وەڵامدەرەوە و نەهێڵێت کە ئەو شەهیدانە لەبیر کەس بچنەوە.

لە دڵی هەموو هەڤاڵانی‌دا وەک وێنەیەک لە جوانی لاوی رۆژهەڵاتی کوردستان مایەندەبووە

هەڤاڵ رۆنی لە ئاستێکی فیدایی‌دا بەشداری شەڕی حەفتانین و هەڵمەتی جەنگی خابوور بوو. لەبواری لەشکەری‌دا هیچ ئاستەنگییەکی نەدەناسی و وەک نیشانەشکێنێک زۆر چالاکی سەرکەوتووی پێکهێنا و تۆڵەی هەموو شەهیدانی لە داگیرکەران دەستەندەوە. بە بڕیاردارییەکی بەهێزەوە دەچووە سەر دوژمنان و بە دڵێکی نەترس و رۆحێکی بوێرەوە لە دژی دوژمانی گەلی کورد شەڕی دەکرد. هەڤاڵ رۆنی لە ٢٢ی رێبەرندانی ١٤٠٠ (١١ی شوباتی ٢٠٢٢) وێڕای دوو هاوڕێی لە ئاکامی هێرشی هەوایی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا پەیوەستی کاروانی شەهیدان بوو. رووخساری بە خەندە و دڵی بوێری هەڤاڵ رۆنی لە دڵی هەموو هەڤاڵانی‌دا وەک وێنەیەک لە جوانی لاوی رۆژهەڵاتی کوردستان مایەندەبووە. رێگەیەک کە هەڤاڵ سمکۆ بڕی و هەڤاڵ رۆنی بوو بە رێبواری بە رێبوارتی بە سەدان لاوی رۆژهەڵات هەر درێژەی دەبێت هەتا گەیشتن بە ئاسۆی ئازادی.

ناو و پاشناو: زانیار حوسەینی

ناسراو بە: رۆنی ئاربابا

شوێن و کاتی لەدایک‌بوون: ١٣٧٧ (١٩٩٩) بانە

شوێن و کاتی بەشداربوون: ١٣٩٥ (٢٠١٨) پێنجوین

شوێن و کاتی شەهیدبوون: ١٤٠٠ (٢٠٢٢) حەفتانین

ژ.ت