شەش زیندانی سیاسی لە گرتووخانەی خارپێت دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد

شەش زیندانی سیاسی لە گرتووخانەی خارپێتی باکوری کوردستان لەدژی ئەشکەنجە و فشاری بەڕێوەبەری گرتووخانەکە دەستیان بە چالاکی مانگرتن لە خواردن کرد.

شەش زیندانی لە گرتووخانەی حەوتی ژمارە دووی خارپێت رایانگەیاند کە لەدژی فشار و ئەشکەنجەی نێو گرتووخانەکە، ئەمڕۆ دەستیان بە چالاکی مانگرتن لە خواردن کردووە.

بەگوێرەی زانیاریەکان کە لە خانەوادەی زیندانیان وەرگیراوە، زیندانیەک کە لە رووی دەروونیەوە کێشەی هەیە، خراوەتە ژوورێکی سیاسیەکانەوە و زیندانیە سیاسیەکان لەم دۆخە نیگەران بوون و لەلای بەڕێوەبەرایەتی گرتووخانەکە سکاڵایان کردووە. بەڕێوەبەرایەتی گرتووخانەکە داواکاریەکەی قبوڵ نەکردووە و جگە لەوە فشاری لەسەر زیندانیان دروست کردووە.

خانەوادەکان دەشڵێن، پاسەوانەکان نزیکەی نیو کاتژمێر زیندانیەکیان بەناوی ماهسوپ سارپ ئەشکەنجەداوە و دانەکانی سارپیان شکاندووە و پاسەوانەکان پێیان وتووە، دەوڵەت هەرچیەک بڵێت، پێویستە بیکەن و ئەو زیندانیە کە نەخۆشی دەرونی هەیە لە ژوورەکەیان دەمێنێتەوە.

بۆیەش شەش زیندانیەکە دەستیان بە چالاکی مانگرتن لە خواردن کردووە.

ف.ق