سلۆپی: بەرخۆدان بە سەرکەوتنی گەل دەگاتە ئەنجام
پەرلەمانتاری ئامەدی دەم پارتی عەدالەت کایا باسی لەوە کرد ناونیشانی ئاشتی ئیمراڵییە و وتی: "ئەم بەرخۆدانە بە سەرکەوتنی هەموو گەلانی تورکیا بە ئەنجام دەگات".
پەرلەمانتاری ئامەدی دەم پارتی عەدالەت کایا باسی لەوە کرد ناونیشانی ئاشتی ئیمراڵییە و وتی: "ئەم بەرخۆدانە بە سەرکەوتنی هەموو گەلانی تورکیا بە ئەنجام دەگات".
ڕێکخستنەکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان( دەم پارتی ) لە شرناخ، سەپاندنی قەیوم لە شارەوانییەکنی مێردین، ئێلح و خەلفەتیان لە ناوچەی سلۆپی شەرمەزار کرد. هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک ( کەجەدە) بەدران ئۆزتورک، پەرلەمانتاری ئامادی دەم پارتی، عەدالەت کایا، پەرلەمانتاری شەرناخ نەورۆز ئویسال ئەسلان و محەمەد زەکی ئیرمەز، هاوسەرۆکانی شارەوانی سلۆپی، ڕێکخراوە مەدەنییەکان و چەندین کەس لە شارەوانی سلۆپی تا بینای ڕێکخستنی دەم پارتی ڕێپێوانیان کرد. لە لایەن جەماوەرەوە پانکارتی "ڕژێمی قەیوم کودەتایە دژی ئیرادەی گەل" بەرزکرایەوە و درووشمی "قەیوم دەچێت و ئێمە دێین" و "ئێمە بە بەرخۆدان سەردەکەوین" و "فشار ناتوانێت هەنگاوێک پاشەکشەمان پێ بکات" بەرزکرانەوە و بەرەو بینای دەم پارتی ڕێپێوانیان کرد.
'قەیوم داگیرکارییە"
ئەو جەماوەرەی کە لە دەوروبەری بینای دەم پارتی کۆبوونەوە، بە درووشمی "بژی بەرخۆدانی گەلی کورد" و "بەرخۆدان ژیانە" و "قەیوم لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت" و " ژن ژیان ئازادی" ناڕەزایەتی دژ بە قەیوم نیشان دا. پەرلەمانتاری ئامەدی دەم پارتی عەدالەت کایا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە قەیوم دژی دەستکەوتەکانی ژنانە و وتی: "ئێمە ڕێگا نادەین دەستکەوتەکانمان وێران بکەن. ئێستا پەرلەمانتاری ئاکەپە سەردانی وەزارەت دەکەن و دەیانەوێت دەستبەسەر شارەوانییەکاندا بگرن. هەموو شارەوانییەکانی ئێمەیان تووشی قەرزاری کرد. ئێستاش داوای حسابی کۆتایی دەکەن. ئەوان تێر ناخۆن. ئێمە لە دڵی بۆتانەوە ڕایدەگەیەنین ئێمە ملکەچ ناکەین بۆ ئەو سیاسەتە. ئێمە شاری خۆمان جێناهێڵین شارەوانییەکانمان جێناهێڵین بۆ ئەو قەیومە داگیرکەر و تاڵانچیانە."
'تەنها ڕێگای چارەسەریی ڕێبەر ئاپۆیە'
کایا هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ناونیشانی ئاشتییەکی شکۆمەندانە، هەڵگرتنی گۆشەگیری لەسەر ڕێبەر ئاپۆیە و وتی: "لە لایەکەوە باس لە ئاشتی دەکەن و لە لایەکەوە قەیوم دەسەپێنن. ئێمە جارێکی دیکە بانگیان دەکەین کە پابەندی بەڵێنەکانی خۆیان بن و بە زووترین کات گۆشەگیری لەسەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان هەڵگرن. ناونیشانی ئاشتییەکی شکۆمەندانە ئیمراڵییە. چارەسەری بۆ تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین ئەوەیە کە دەرگاکانی ئیمراڵی واڵا بکەن و بەڕێز ئۆجالان و هەموو زیندانیانی سیاسی ئازاد بکەن. داواکاری ئێمە دیارە، ئێمە دەڵێین ستاتۆ و زمان و ناسنامەی ئێمە لە دەستوردا مسۆگەر بکەن. ئێمە داوای ئازادی و یەکسانی و خوشک و برایەتی دەکەین".
'قەیوم ناڕەوایە'
پاشان هاوسەرۆکی کەجەدە بەدران ئۆزتورک باسی لەوە کرد بە سێ جار دانانی قەیوم ئیرادەی گەلی کورد پێشێل کراوە و وتی: "کاتێک سندوقی هەڵبژاردن دادەنرێت دەبێت ڕێز لە ئیرادەی هەڵبژاردن بگێرێت. لە هەرکوێ دەوڵەت باخچەلی سەرچاوەی ماف و ڕەجەب تەیب ئەردۆگان یاسا بێت ئەو وڵاتە ناکەوێتە سەر ڕێگای ڕاست. بەهۆی سیاسەتی دیکتاتۆری و فاشستی ئەوانەوە وڵات قەرزارە و هاوڵاتیان برسین. ئەوانەی دەیانویست داعش بکەنە دراوسێی خۆیان، کورد و ئیرادەی کورد قبووڵ ناکەن. سەپاندنی قەیوم ڕەوا نییە. با بزانن چیتر نەوەکانی شێخ سەعیدی پیران و شێخ ڕەزا یارییەکانیان قبووڵ ناکەن و ملیان بۆ کەچ ناکەن. پێویستە ئەم بەرخۆدانە بگاتە ئەنجام و سەرکەوتن بۆ گەلی کورد و گەلانی تورکیایە."
ڕاگەیەنراوەکە بە درووشم و چەپڵە لێدان کۆتایی هات.