سەرباری هێرشەکانی هێزەکانی دەوڵەت بۆ سەر خۆپیشاندەران، چالاکییە ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە. بە گوێرەی ئاماری کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ١٧ ئەیلولەوە تا ئەمرۆ نزیکەی ٤٩٠ کەس لە چالاکی و خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە کوژراون، کە تەمەنی ٦٨ کەسیان لەخوار ١٨ ساڵەوەیە. هەروەها لانیکەم ١٨ هەزار و ٢٦٢ خۆپیشاندەر دەستگیرکراون. هەر لەو چوارچێوەدا موحسین لەشکری و مەجید رەزا رەهنەوەرد لەسێدارەدراون.
ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەنەکە سەعید سەنەندەجی کە ماوەیەکی زۆر لە ناو کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان کاری کردبوو سەبارەت بە سەرهەڵدان و سەرکەوتنی چالاکییەکان لە رۆژهەڵات و ئێران قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ANFکرد:
"با سەرتا بە ئامارەکانەوە دەست پێ :
بە پێی رێکخراوەکانی مافی مروڤ لە ۱۷ی ئەیلول تا دووشەممە ۱۲ی کانوونی یەکەم ٤۹۰ کەس لە سەرهەڵدانی سەرتاسەریدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە کوژراون کە ٦۸ کەسیان منداڵن (لە خوار ۱۸ ساڵ) بەلایەنی کەمەوە ۱۸ هەزار و ۲٦۲ کەس لە سەرهەڵدانەکانی سەرتاسەریدا دەستگیرکراون کە سێ هەزار و ۷۸۸ کەسیان دەستنیشان کراون و لە ۱٦۱ شار و ۱٤۳ زانکۆی ئێران ۱۱۷۷ گردبوونەوەی ناڕەزاییان بەخۆوە بینیوە و لەو ماوەیەدا ٦۲٦ خوێندکار دەستگیرکراون. هەروەها لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیە رابردودا ، موحسین شکاری و مەجید ڕەزا ڕەهنەوەرد، دوو خۆپیشاندەر کە لە سەرهەڵدانەکانی سەرتاسەریی دەستگیرکرابوون، بە "موحاریبە" تۆمەتبار کران و لە سێدارەدران، رەهنەوەرد تەنیا ۲۳ ڕۆژ پێش لەسێدارەدانی دەستگیرکرابوو.
دوای کوژرانی ژینا ئەمینی لە بینای پۆلیسی ئاسایشی ئاکاری وهەواڵی کۆچی دوایی ژینا ئەمینی لە ۱۷ی ئەیلول لە نزیک گۆڕەپانی ئەرجەنتینی تاران (نزیک نەخۆشخانەی کەسرا) دەستیپێکرد کە بووە هۆی دەستگیرکردنی ژمارەیەک خۆپیشاندەر پاشان لە ڕۆژی ۱۸ی ئەیلوولی لە سەقز خۆپیشاندان بەردەوام بوو و لەو کاتەوە شارەکانی دیکەی هەموو پارێزگاکانی روژهەڵاتی کوردستان و ئیران چوونە ناو ڕاپەڕینەوە و بووە هۆی کاردانەوەی زۆر لە سەرانسەری ئێران و جیهاندا.
سەبارەت بەوەی چۆن و بە چ شێوەیەک ئەم سەرهەڵدانە بەردەوام دەبێت، سەعید سەنەندەجی وتی: "خاڵێ سەرەکی بۆ بەردەوامبونی ئەم سەرهەڵدانە یەکرێزی نەتەوەکانی بندەستە لە جوگرافیای سیاسی ئیران لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەم خاڵە وەک خاڵی سەرەکی لە زۆربەی لێدوانەکانی خوپێشاندەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئیران دەردەکەوتوە، بۆ نمونە گەنجانی گەڕەکەکانی سنە لە بانگەوازێکی بەشداری کردن لە شورشی رۆژەکانی ٥ و ٦ و ۷ی کانوونی یەکەمدا نوسیویانە کە: "۷ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ دەتوانێت و دەبێت ببێتە خاڵی پشت بەستن بە دەستپێکردنەوەی بزووتنەوەیەکی یەکدەنگی نەتەوەیی و دروستکردنی هاوئاهەنگی لە نێوان بزوتنەوە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا"، و گەنجانی گەڕەکەکانی ئەهوازیش داوای مانگرتنی سەرتاسەرییان کرد و وتیان بە یەکگرتوویی جەماوەری بەم زووانە کۆماری ئیسلامی هەڵدەوەشێتەوە. هەر وەها لە لایەن کانونە سنفیەکان، خوێندکاران وزۆربەی گروپە خۆپشاندەرانەوە لە شارەکانی جوگرافیای سیاسی ئیرانەوە بە هەمان ناوەروک راگەیەندراو بڵاو کراوەتەوە.
هەر بۆیە منیش لەو بڕوایەدام کە یەکدەنگی و یەکرێزی گەلانی ئیران لە ئەم سەرهەڵدانە ئەتوانێت ئەم سیستمە داگیرکەر و توتالیتەرە بێنێتە سەر چۆک".
جیاوازیەکانی ئەم راپەرینە لە پێوەندی لە گەل راپەرینەکانی پێشوی ئیران ، چییە؟
"لە ئیران پێش ئەم سەرهەڵدانە سێ سەرهەڵدانی سەرەکی روی داوە. بە باوەری من سەرهەڵدانە سەرتاسەرییەکانی ساڵی ۲۰۲۲ تا رادەیک پەیوەندی بە سەرهەڵدانەکانی ۲۰۱۷ و ۲۰۱۹ەوە هەیە و بەم شێوەیەش هاوشێوەی ئەو دوو سەرهەڵدانە سەرتاسەرییە هەڵدەگرێت ئەم خۆپیشاندانانە جیاوازی و لێکچوونیان هەیە لەگەڵ سەرهەڵدانکانی ساڵی ۲۰۰۹. بەڵام جیاوزیەکان زۆرن کە من لە چەند خال لە ژێڕەوە ئاماژەی پی ئەکەم:
دروشمەکان: دروشمەکانی سەرهەڵدانەکانی ساڵی ۲۰۰۹ بەزۆری لەدەوری "دەنگەکانمان کوا"ەوە هەڵگەڕا و دروشمی سەرەکی سەرهەڵدانەکانی کانوونی دووەمی ۲۰۱۹ و۲۰۱۷ لە فەزای گشتیدا " ڕیفۆرمیستی بنەڕەتی، تەواو بوو".
دروشمی خۆپیشاندەرانی ئەمساڵ لە ڕووی پێکهاتەییەوە جیاوازە لە دروشمەکانی هەر سێ سەرهەڵدانەکەی ساڵانی پێشوو زیاتر جەخت لەسەر ڕەتکردنەوەی تەواوی حکومەتی کۆماری ئیسلامی دەکەنەوە و بەواتایەکی تر تێکشکانی سیستمی پیاوسالاری و ئایینی ئەکاتەوەو و دروشمی ژن، ژیان، ئازادی جێگەی ئەو دروشمانەی پێشوو دەگرێتەوە.
لەکوردستانەوە دەست پێ دەکات:" دوای کوژرانی ژینا ئەمینی لەبەردەم نەخۆشخانەی کەسرای تاران خۆپیشاندانی سنووردار ئەنجامدرا، بەڵام سەرهەلدان سەرەکیەکان لە کاتێکدا لە شاری سەقز بەخاک سپێردرا و لە دوایدا مانگرتنی سەرتاسەری لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجامدرا و شارەکانی دیکە ئیرانیش پی پەیوەست بون. ئەمە لە کاتێکدایە کە خۆپێشاندانەکانی پێشوو لە رووی جوگرافیایەوە سنووردار بوون و تەنیا بەشێک لە شارەکانی ئێران بەشدار بوون.
بەشداربوونی بەرفراوانی ژنان و رێبەرایەتی کردنی ئەم سەرهەڵدانە: بەشداری بەرفراوانی ژنان و دروست کردنی هێمای ئازادیخوازی لە لایەن ئەوانەوە لە شەقامەکان وەکوو لابردنی حێجاب و سوتاندنی و تا دەگاتە قژ برین بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی لە ئەم سەرهەڵدانە تا رادەێك کە ئەم سەرهەڵدانە وەکۆ سەرهەڵدانی ژنان لە بەرامبەر کونەپەرستی و پیاوسالاری پێناسەی کراوە کە جیاوازەن لە سەرهەڵدانەکانی دیکە ئیران لە رابردودا.
مانگرتنەکان: یەک جیاوازیش لەنێوان ئەم خۆپیشاندانانە و هەر سێ خۆپیشاندانی سەرتاسەری هاوکاتە لەگەڵ چەند مانگرتنێک لە سەرهەڵدانەکانی ڕابردوودا کێشەی مانگرتنەکان جددی نەبوو، بەڵام سەرهەڵدانەکانی ئەمساڵ بە مانگرتنێکی گەورە لە روژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد و هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانەکاندا مانگرتنی کۆمەڵێک لە کرێکارانی پیشەسازی نەوت و چەندین شارو شاروچکە و پێشەی تریش لە جوگرافیای سیاسی ئیراندا ڕوویدا.
پشتیوانی جیهانی فراوان: پشتیوانی بەربڵاوی جیهانی بەتایبەتی هونەرمەندان و وەرزشوانانی ناوەوە و دەرەوەی سەرهەڵدانکانی ئەمساڵ جیاوازە لە هەر سێ خۆپیشاندانی ڕابردوو هەرچەندە لە ساڵی ۲۰۰۹دا پشتگیری جیهانی بۆ سەرهەلدانکان هەبوو، بەڵام قەبارەی پشتیوانی جیهانی بۆ ئەم سەرهەڵدانە لە زۆر بواروەوە جیاوازە.
کۆبوونەوە بەردەوامەکانی زانکۆکان: کۆبوونەوەی خوێندکاران لە سەرهەڵدانکانی ئەمساڵدا لە هەرسێ خۆپیشاندانی سەرتاسەریی پێشوو جیاوازە هاوکات ژمارەی خوێندکارە بەشدار بۆ لە سەرهەڵدانەکە زۆرە و هەر وەها دەستگیرکراوەکان زیاترن لە سێ خۆپیشاندانی سەرتاسەریی ڕابردوو.
لە کوتایدا دەتوانم بە بەشداربوونی چینی ناوەند، نەوەی نوێ و مێڕ منداڵانانیش لە ئەم سەرهەڵدانە ئاماژە بەکەم کە جیاوازە لە سەرهەڵدانەکانی پێشوو و خاڵێکی دیکەی بەرچاوی ئەم سەرهەڵدانە ئەوەیە کە سەرکردەیکی دیاری کراوی نیە وخۆپێشاندەران خۆیان سەرکردایەتی ئەم سەرهەڵدانە ئەکەن.
سەبارەت بە هەڵوێستی لایەنە سیاسیەکانی رۆژهەڵات بەرامبەر بە خۆپیشاندانەکان سەعید سەنەندەجی وتی، کۆماری ئیسلامی ئێران وڵاتی کردووە بە زیندانێکی کراوە بۆ هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی ئەو جوگرافیە سیاسیە کە ناوی ئێرانە وە بەتایبەت توندوتیژی لەسەر ژنان تا دێت تۆندتر وفراوانتر دەبێت. ئیدی ئەم دۆخە لە لایەن نەتەوەکانی ئەو جوگرافیایەوە قبوڵ ناکرێت.
هەلومەرجی هەستیاری ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئاڵنگاری چارەنووسسازی لەبەردەم نەتەوە و بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان داناوە. گریمانەی گۆڕانی بنەڕەتی لە ڕۆژهەڵات، بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی بۆ حیزب و رێکخراوە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ یەکرێزی و گرتنەپێشی ستراتیژییەکی هاوبەش ساز کردوە.
سەعید سەنەندەجی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەنەکە لە کۆتاییشادا وتی: "کۆماری ئیسلامی، وەکوو هەمو سیستمە تۆتالیتێرو داگیرکەرکانی دیکە، لەوانەیە لە ئاکامی بەربڵاوی ناڕەزایەتی و گشتگیربونی خۆپێشاندانەکان و مانگرتنەکان بە چۆکدا بێت. بە لە ناوچۆنی رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەرفەتێکی مێژوییە بۆ نەتەوەی کورد لە روژهەڵاتی کوردستان بۆ دەستەبەرکردنی سەروەریی سیاسیی خۆی لە ئەو جوگرافیەیەدا. هەر بویە هەموو حیزب و رێکخراوە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان چ لە ناو خۆ چ لە دەروەی رۆژهەڵات ئەبیت بۆ دەستەبەرکردنی یەکسانی سەروەریی سیاسی نەتەوەیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان ومافی یەکسانی سەروەری سیاسی بۆ کوردستانیان و بۆ گشت نەتەوەکانی جوگرافیایی سیاسی ئێران وە یەکسانی جێندەری ومافی یەکسانی جیاوازییە شوناسییەکان یەک وتار وهاودەنگ بن. بۆ ئەم مەبەستە پێویستە بە پی بناماکانی بەڵگەی ستراتیژیکی کونگرەی نەتەوەیی کوردستان حیزب و لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان شورای هەماهەنگی و بڕیار کە لە هەموو حیزب و رێکخراوە سیاسییەکانی رۆژهەڵات پێک دێت ساز بکەریت و هێزی پێشمەرگە و گەریلا لە ناوەندیی فەرماندەیی سوپای نیشتمانیی ڕۆژهەڵات جێگیر بکرێت کە ئەو ناوەندە گرێدراوە بیت بە ئەو شۆڕایەوە، هەروەها کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکانی شۆڕای باڵای ڕێبەڕایەتی و بڕیار بۆ دیپلۆماسیەکی چالاک و نوێنەرایەتیی سیاسەتی یەکگرتوویی کورد لە ڕۆژهەڵات سازبکریت".
هـ . ب