سەربازانی تورک بە پلایس گەنجێکی کوردیان ئەشکەنجەکرد

لە بازید سەرباز و بەکرێگیراوانی تورک بە بۆری ئاسن و پلایس ئەندامی ئەنجومەنی گەنجانی دەم پارتی بریندار گەزیجییان ئەشکەنجە کرد. خوشکی گەزیجی ئەوەی خستەڕوو کە ئەمە زەقترین نمونەی رقی دەوڵەتە لە کوردان.

ئەندامی ئەنجومەنی گەنجانی دەم پارتی بریندار گەزیجی کە لە ٧ی ئادار لە ناوچەی بازیدی ئاگری دەستبەسەرکرابوو، لە قەرەقۆڵی پۆلیس لەلایەن سەرباز و جەردەوانەکانی تورکەوە رووبەڕووی ئەشکەنجە کرا. راگەیەندرا کە گەزیجی دوو رۆژ بە بۆری ئاستن و پلایس ئەشکەنجە کراوە. گەزیجی لەلایەن دادگاوە بڕیاری گرتنی بۆدەڕجوو و گواسترایەوە بۆ زیندانی داخراوی ئاگری.

ئەشکەنجە بە پلایس

خوشکی گەزیجی، شەرزان گەزیجی کاردانەوەی بەرامبەر ئەشکەنجەکرانی براکەی نیشاندا و رایگەیاند کە چووەتە سەردانی براکەی لە زیندان و وتی، "براکەم لە بازید دەستبەسەرکرا و گواسترایەوە بۆ بنکەی پۆلیسی ناوچەکە و لەوێ ئەشکەنجەدراوە. لە سەر رێگەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس ئەشکەنجە دەکرێت و لە هۆش خۆی دەچێت. کاتێک دەیبەن بۆ بنکەکە ئاوی پێدادەکەن و دێتەوە هۆش خۆی و سەرلەنوێ لەلایەن سەرباز و جەردەوانەکانەوە بە بۆری ئاسن ئەشکەنجە دەدرێت. لە کۆتاییدا بە پلایس پەنجەکانی دەستی چەپی رادەکێشت. زۆر جار بە قۆناغی چەک لە سەر و لوت و قاچیان داوە و سەر و لوتیان شکاندووە. کاتێک لە زیندان چوومە سەردانی بە دژواری دەیتوانی لە سەر پێ خۆی رابگرێت".

'سیستمی ئەشکەنجەی دەوڵەت ئاشکرا دەکەین'

خوشکی گەزیجی ئەشکەنجەدانی براکەی خۆی وەک زەقترین و دیارترین نمونەی روانینی دەوڵەت بەرامبەر بە کوردان ناودێرکرد و وتی، "ئەوەی لە براکەم کرا، روانینی دەوڵەت بەرامبەر بە کورد نیشان دەدات. لەو وێنانەدا رق، نەژادپەرستی و قینی دەووڵەت بەرامبەر بە کورد دەبینرێت. ئێمە وەک بنەماڵە و وەک گەلی کوردیش ئەو دۆخە قەبوڵ ناکەین. ئێمە ئەو سیستمەی ئەشکەنجەی دەوڵەت ئاشکرا دەکەین. لەبارەی ئەو رووداوانەوە، ئێمە هەموو مافە یاساییەکانمان بەکاردەهێنین. وەک بنەماڵە چیمان لەدەست بێ ئێمە دەیکەین".

هـ . ب