سەردانای شاندی کەنەکە بۆلای لایەنەکان بەردەوامە

سەردانای شاندی کەنەکە بۆلای لایەنەکان بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەدا سەردانی حزبی شیوعی کرد

لەچوارچێوەی سەردانەكانیان بۆ هەولێر و كۆبونەوەیان لەگەڵ لایەنە سیاسیی و دەزگا ڕۆشنبیریی و ڕێكخراوە مەدەنییەكان، شاندی كەنەكە لەگەڵ حزبی شیوعی كوردستان كۆبووەوە و لەلایەن کاوە مەحمود، سکرتێری حزب و چەند ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی و سەرکردایەتیی ئەو حزبەوە، پێشوازییان لێکرا.

زەینەب موراد، هاوسەرۆكی كەنەكە لەبارەی سەردانەکەوە بە ڕۆژنیوزی وت، مەبەستیانە لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان كۆببنەوە و دید و بۆچوونیان بزانن سەبارەت بە لەیەكنزیك بوونەوە و ئەنجامدانی دیالۆگی نیشتیمانی لەنێوانیاندا.

وتیشی، لەگەڵ حزبی شیوعی باسیان لەو مەترسیی و هەڕەشانە كردووە كە ڕوبەڕووی هەرێمی كوردستان دەبنەوە، داوای یەكڕیزیی و هەماهەنگییان لە حزبی شیوعی كردووە، چونكە لەئێستادا كورد پێویستی بە تەبایی و یەكڕیزیی هەیە، مەترسییەكانیش لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان زیاتر دەركەوتوون و كوردستانی گەورەش مەترسیی چاو تێبڕینی بەردەوامی وڵاتانی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی لەسەرە.

لای خۆشیەوە كاوە مەحمود سكرتێری حیزبی شیوعی كوردستان وتی: بەردەوام پەیوەندییمان لەگەڵ كەنەكە هەیە و بیروبۆچۆنی خۆمان ناردووە بۆیان، هاوكار و پشتیوانی بۆچوون و كارەكانی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان دەكەین.

وتیشی: ئەو كێشە و حاڵەتە ناسروشتییانەی لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان یان لەنێوان لایەنەكانی تری پارچەكانی تری كوردستان هەیە، ناسەقامگیریی دروستكرودوە و خزمەت بە بەرژەوەندیی گەلی كورد ناكات.

وتیشی: لەڕێگای یەكتر حاڵی بوون و دیالۆگی كراوەوە دەكرێت كێشەی نێوان لایەنە سیاسییەكانی كورد چارەسەر بكرێت و دواجار كورد ببێتە خاوەن یەك گوتاری نەتەوەیی و ستراتیجی ڕوون، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسیی و هەڕەشانەی ڕووبەڕووی كوردستان و گەلەكەی دەبنەوە.

ف.ق