دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە ١٤ی نیسانی ٢٠٢٢ەوە لە ناوچەکانی زاپ، مەتینا و ئاڤاشین لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، کە هەرێمەکانی گەریلاکانی ئازادیی کوردستانن، بەبێ ڕاوەستان و بە بەردەوامی هێرش دەکات. دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ تێکشکاندنی بەرخۆدانی گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار هەموو شێوازەکانی شەڕ بەکاردەهێنێت.
لە چوار مانگی ڕابردوودا سوپای داگیرکەری تورک بە چەکی کیمیایی، گازی ژەهراوی، بۆمبی تێرمۆباریک (گەرمی) و بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی و بەستنەوەی بۆمب بەسەر سەگەکانەوە بەها مرۆییەکان پێشێل دەکات و بەوانە هێرش ئەنجام دەدات، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە بەرخۆدانی گەریلا تێکبشکێنێت.
ماوەی مانگێکە هەوڵ دەدەن بە حەفارە وەرخەل بڕوخێنن
سوپای تورکی داگیرکەر ئەمجارە بە حەفارە و شۆفڵ و بلدۆزەر هەوڵ دەدات سەنگەر و تونێلەکانی ناوچەکانی بەرخۆدانی گەریلا لەناوببات و بە حسابی خۆی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت. لە شاخی وەرخەل لە ئاڤاشین، کە شەڕ و پێکدادانی قورس هەیە، هەوڵ دەدات بە حەفارە و بلدۆزەر سەنگەرەکان و تونێلەکان لەناوببات.
لە ٩ی ئابی ٢٠٢٢دا ڤیدیۆیەک تۆمار کرا و لەو گرتە ڤیدیۆیەدا حەفارە و بلدۆزەرەکان دەبینرێن، کە هەوڵ دەدەن تونێلەکان و سەنگەرەکانی زاڵ بەسەر کەنداڵەکاندا لەناوبەرن. بەپێی زانیارییەکان ماوەی مانگێکە ئەو حەفارە و بلدۆزەرانە کار بۆ ڕووخاندنی ئەو تونێل و سەنگەرانە دەکەن، بەڵام هێشتا نەیانتوانیوە سەنگەرەکان و تونێلەکانی ناوچەکە بڕوخێنن. سەرچاوەکان لە هەرێمەکە ڕایانگەیاندووە، سوپای تورک بە بەردەوامی حەفارە لە سنووری تورکیاوە دەهێنێت بۆ شاخی وەرخەل.
کاتێک ئەو گرتە ڤیدیۆییە تۆمارکرا، کە دەوڵەتی تورک شۆفڵ و دۆزەری هێنا بوو بۆ ئاڤاشین، پارتی (پەدەکە) لە نێوان ناوچەکانی بەرخۆدانی شاخی هەکاری و شاخی ئامێدی لە ڕۆژئاوای زاپ بە حەفارە ڕێگای بۆ سوپای تورکی داگیرکەر دروست دەکرد.
ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ڤیدیۆی رێگەدروستکردنی پارتی (پەدەکە)ەوە بۆ سوپای تورکی داگیرکەر بڵاوکردەوە. ئەو ڤیدیۆیە لە ٢٧ی ئابی ٢٠٢٢دا تۆمارکرابوو. لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا ئەوە دەبینرا، کە هێزەکانی پارتی (پەدەکە) بە ٢ حەفارەی گەورە، ٥ بلدۆزەر و ٥ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر هەوڵی دروستکردنی ڕێگایان دەدا بەرەو ناوچەکانی بەرخودان و بەرەنگاری.
ژ.ت
......................