سزای لەسێدارەدانی چوار زیندانی سیاسی کورد جێبەجێکرا

بەرەبەیای ئەمڕۆ سەرباری ناڕەزایەتیەکان، سزای لە سێدارەدانی چوار زیندانی سیاسی کورد لە زیندانی قزڵ حیساری کەرەج جێبەجێ کرا.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە موحسین مەزڵوم، محەمەد فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و پژمان فاتحی لە زیندانی قزڵ حیسار لەسێدارەدراون.

ماڵپەڕی فەرمی دەسەڵاتی دادوەری ئێران (میزان) هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو چوار زیندانییە سیاسیە کوردەی پشتڕاستکردووەتەوە.

دوابەدوای بانگهێشتکردنی بنەماڵەکانیان بۆ ئەوەی چاویان بەو چوار بەندکراوە بکەوێت، باس لە ئەگەری جێبەجێکردنی سزاکەیان دەکرا، هەربۆیە چالاکوانان و رێکخراوە نێونەتەوەییەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ و رێکخراوە سیاسیەکان هەوڵەکانیان بۆ گوشارخستنە سەر ئێران لە پێناو جێبەجێنەکردنی ئەو سزایە خستەگەڕ.

ئەو چوار زیندانیە سیاسیە کە ئەندامی کۆمەڵە بوون لە ٢٣ی تەمووزی ٢٠٢٢ (١ی گەلاوێژی ١٤٠١) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە گوندێکی سەر بە ورمێ دەستگیرکران و پاش ماوەیەک لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە  بە سەرۆکایەتی دادوەر ئیمان ئەفشار بە تۆمەتی "شەڕ لە دژی خودا" و "سیخۆڕی بۆ ئیسرائیل" سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا.

دوای ئەوەی تانە لەو سزایەدرا، لە رۆژانی رابردوو لقی ٩ی دیوانی باڵای دادوەری سزاکەی پشتڕاست کردەوە و دۆسیەکەی رەوانەی بەشی جێبەجێکردنی سزا لە دادگای تاران کرد.

محەمەد فەرامەرزی تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی دێوڵان، موحسین مەزڵوم تەمەن ٢٧ ساڵ خەڵکی مەهاباد، وەفا ئازەربار ٢٦ ساڵ خەڵکی بۆکان و پژمان فاتحی تەمەن ٢٨ ساڵ خەڵکی کامیاران لە دوای دەستبەسەرکردنیانەوە لە ٢٣ی تەمووزی ٢٠٢٢ رێگەیان پێنەدرابوو دیدار لەگەڵ بنەماڵەکەیان ئەنجام بدەن و مافی هەڵبژاردنی پارێزەریشیان لێزەوت کرابوو، دادگا پارێزەرێکی بۆ دیاری کردوون.

هێزە ئەمنییەکانی ئێران تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ موسادی ئیسرائیلیان خستبووە پاڵ ئەو چوار زیندانییە سیاسی کوردە و باسیان لەوەکردبوو، کە لە ئەسفەهان و لە کاتی هەوڵدان بۆ تەقاندنەوەی کارگەیەک دەستگیرکراون، ئەمەش لە کاتێکدایە بە وتەی بنەماڵەکانیان هەرچواریان لە کاتێکدا بە بێ چەک خەریکی کاری رێکخستن بوون لە گوندێکی ورمێ دەستگیرکراون.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا ٦٢ کەس لە ئێران لە سێدارەدراون کە بەشێکیان زیندانی سیاسی  و ئایدۆلۆژی بوون، لەئێستاشدا مەترسی لە سێدارەدان ژمارەیەک زیندانی سیاسی و ئایدۆلۆژی دیکە لەئارادایە.

لە دوای دەستپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی ژمارەی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە زیندانەکانی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو هەڵکشاوە و چالاکوانانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران باس لەوەدەکەن، دەسەڵاتدارانی تاران بە مەبەستی چاوترسێنکردنی کۆمەڵگا و دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتیەکان پەنا بۆ جێبەچێکردنی ئەو سزایە دەبەن.

ساڵی ٢٠٢١ لانیکەم ٣٣٣ کەس لە ئێران لەسێدارەدرابوون، بەڵام ساڵی ٢٠٢٢ لەگەڵ دەستپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی ژمارەکە بۆ ٥٨٢ حاڵەت و لە ساڵی ٢٠٢٣شدا گەیشتە ٧٤٦ حاڵەتی تۆمارکراوی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان.

هـ . ب