تەرمی ئایدن کورت شەڕڤانی یەپەسە دوای ٧ ساڵ رادەستی خانەوادەکەی کرایەوە

تەرمی ئایدن کورت شەڕڤانی یەپەسە کە لە ساڵی ٢٠١٦ لە گەڤەڕ شەهید بوو، دوای ٧ ساڵ رادەستی خانەوادەی کرایەوە. دایکی ئایدن کورت وتی، تاوەکو کۆتایی، خاوەنداری لە دۆزی کوڕەکەی دەکات.

لە ساڵەکانی ٢٠١٥ – ٢٠١٦ دا لە زۆر شاری باکوری کوردستان قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەندرا. ئەم قەدەغەیە لە کاتی جیاوازدا لە شارەکانی گمگم، جزیر، سلۆپی، نسێبین، گەڤەڕ، فارقین و سوری و بە گشتی لە حەوت شار و ٣٥ ناوچە راگەیەندرا. لە ناوچەی گەڤەری جۆلەمێرگ قەدەغەی هاتوچۆ ٥ جار راگەیەندرا. لە هەرێمەکە درێژترین قەدەغە ٧٩ رۆژ راگەیەندرابوو، لەنیوان ١٣ یازار و ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦دا راگەیەندرا. لەو قۆناغەدا زیاتر لە ٩٠ کەس گیانیان لەدەستدا و هەندێک لە تەرمەکان رادەستی خانەوادەکانیان نەکرانەوە.

تەرمێکیان، تەرمی ئایدن کورت (عەگید دلدار) ئەندامی یەکینەکانی پاراستنی سڤیل (یەپەسە) بوو. دوای ٧ ساڵ تەرمی کورت رادەستی خانەوادەکەی کرایەوە. زانرا کە ئەنجامی پشکنینی دی ئێن ئەی خانەوادەکە ئاشکرا بووە و خانەوادەکە چووەتە گۆڕستانی بێکەسانی ئەرزەڕۆم و تەرمی کوڕەکەیان وەرگرتووەتەوە. خانەوادەی کورت رایگەیاند کە تەرمەکە دەبە گۆڕستانی یەنیکۆی ناوچەی رێزانی ئامەد و لەوێ بەخاکی دەسپێرن.

'خاوەنداری لە دۆزی کۆڕەکەم دەکەم'

پەیروزە کورت دایکی ئایدن کورت رایگەیاند کە بۆ وەرگرتنی تەرمی کوڕەکەی زۆر جار خوێنی بەخشیوە و سەردانی کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەردانەکان بێئەنجام بوو و وتی، " من زۆر شاد و خۆشحاڵم کە تەرمی کوڕەکەم دەهێننەوە بۆ ئامەد. کوڕەکەم دەهێنم و دەیکەم بە هەڤاڵ و میوانی چیاگەر. بڕوام وایە کە دپزی کوڕەکەم لەلایەن هەزاران قاڕەمانەوە بەڕێوە دەبرێت و سەردەکەویت. هیوام زۆر گەورەیە. تاوەکو خوێن لەلاشەی مندا هەبێت، خاوەنداری لە دۆزی کوڕەکەم دەکەم. ٧ ساڵە بەدوای روفاتی قاڕەمانەکەم دەگەڕێم. لەبەرئەوەی ئەمڕۆ دۆزیومەتەوە، زۆر خۆشحاڵم. هەروەک چۆن حەوت ساڵە هیوام لەدەست نەدا، بڕوام وایە کە هیوای کوردستانی ئازادیش لە دەست نادەم."

ف.ق