تەڤگەری ئازادی لە کەرکوک جووتیارانی تۆپزاوای بەسەر کردەوە
تەڤگەری ئازادی لە کەرکوک سەردانی خێوەتی مانگرتوانی کرد بە مەبەستی پاڵپشتی کردن لە جووتیارانی کورد و تورکمان و ئیدانە کردنی داگیرکردنی زەوییەکانیان.
تەڤگەری ئازادی لە کەرکوک سەردانی خێوەتی مانگرتوانی کرد بە مەبەستی پاڵپشتی کردن لە جووتیارانی کورد و تورکمان و ئیدانە کردنی داگیرکردنی زەوییەکانیان.
ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، شاندێکی ئەنجوومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان بە سەرپەشتی هاوسەرۆکی کەرکوکی تەڤگەر، سەردانی خێوەتی مانگرتوانی جووتیارانی کورد و تورکمانی سنوری کەرکوکیان کرد.
جێگای باسە، ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی جووتیارانی کورد و تورکمان دژی هەوڵەکانی سوپای عێراق بۆ داگیرکردنی زەوییەکانیان لە ١٧هەمین رۆژی مانگرتنەکەدا بەردەوامە، ئەو بڕیارەی کە سوپای عێراق دەیەوێت زەوی کوردان و تورکمان کەرکوکی پێ داگیربکات، دەگەڕیتەوە بۆ سەردەمی رژێمی پێشووی بەعس و بڕیارەکە لەلایەن (ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆرش)ی بەشی 'کاروباری باکور' دەرچووە کە ئامانج لی بەعەرەب کردنی کەرکوک بووە لە ڕیگەی سەندنەوەی زەوی لە کورد و تورکمانی کەرکوک و پێدانی ئەو زەویانەی بە عەرەبی هاوردە و دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ سەربازانی رژێمی بەعس لەسەر ئەو زەویانە، ئەم هەوڵە داگیرکارییەی عەرەبی هاوردە بە پاڵپشتی سوپای عێراق و بەپشت بەستن بە بڕیاری سەردەمی بەعس خەڵکی ڕەسەنی شارەکە توڕە کردووە لە ئیستادا لەدژی ئەو هەوڵە داگیرکارییە ماوەی ١٧ رۆژە جووتیارانی کورد و تورکمانی کەرکوک ناڕەزایەتی دەردەبڕن و مانیانگرتووە.
بەهەمان شیوەی سەردەمی رژێمی بەعس هەوڵدەدرێت زەوییەکانیان داگیربکرێتەوە
سەبارەت بە سەردانەکەیان کۆمەڵ سەرمەد هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: " ئێمە وەکو ئەنجوومەنی هەرێمی کەرکوکی تەفگەری ئازادی، هاتووین بۆ پاڵپشتی لە جووتیارانی سنوری کەرکوک بەگشتی وە بەتایبەتی جووتیارانی سنوری تۆپزاوا، پێمان وایە داوای جووتیارانی کورد و تورکمانی کەرکوک داوایەکی ڕەوایە، لە سەردەمی رژێمی پێشووی بەعس کە حوکمێکی دکتاتۆریەت هەبوو زەوی جووتیارانی کورد و تورکمانی ئەم شارەی داگیرکرد، لەئیستادا بەهەمان شیوەی سەردەمی رژێمی بەعسی پێشوو هەوڵدەدرێت ئەو زەویانە داگیربکرێتەوە، هێزی عێراقی هەوڵدەدات کورد و تورکمانی شارەکە لە زەوی باوباپیرانیان دەربکات و جارێکی دیکە زەوییەکانیان لێ داگیربکەنەوە".
بۆ مەرامی سیاسی هەوڵی داگیرکردنی زەوی کورد و تورکمان دەدەن
هەروەها کۆمەڵ سەرمەد ووتیشی: "پێویستە ئەو بڕیارانە بە تەواوەتی هەڵبوەشێنەوە کە لەسەردەمی بەعس لەلایەن (ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆرش) تایبەت بە کاروباری باکور بڕیاری لێدراوە، هەروەها لە پشت هەوڵی داگیرکردنی زەوی خەڵکی ڕەسەنی شارەکە هەندێک حزبی سیاسی هەن کە بۆ مەرامی سیاسی هەوڵی داگیرکردنی زەوی کورد و تورکمانی کەرکوک دەدەن".
داواکاری جووتیارانی کورد و تورکمانی سنوری کەرکوک داوای ڕەوان
لە کۆتایدا کۆمەڵ سەرمەد هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی، ڕایگەیاند: "وەکو تەفگەری ئازادی پێمان وایە پێویستە ئەم بابەتە لەڕیگەی یاساییەوە چارەسەر بکرێت، وە داواکارییەکانی جووتیارانی کورد و تورکمانی سنوری کەرکوک و ناوچەی تۆپزاوە داوای ڕەوان بۆیە پێویستە حکومەت بەدەنگی داواکارییەکانیانەوە بێن، کە جارێکی دیکە زەوی باوباپیرانیان بگەڕێنێتەوە بۆ خاونە ڕەسەنەکانیان".
هـ . ب