تەڤگەری ئازادی: سەرکەوتنی کۆبانێ، بەرهەمی بەرخۆدانی ئیمراڵییە
دەستەی بەڕێوەبەرایەتی تەڤگەری ئازادی، ڕۆژی جیهانیی کۆبانێ پیرۆز دەکات و دەڵێت: "سەرکەوتنی کۆبانێ بەرهەمی بەرخۆدانی بەشکۆی ئیمراڵییە".
دەستەی بەڕێوەبەرایەتی تەڤگەری ئازادی، ڕۆژی جیهانیی کۆبانێ پیرۆز دەکات و دەڵێت: "سەرکەوتنی کۆبانێ بەرهەمی بەرخۆدانی بەشکۆی ئیمراڵییە".
دەستەی بەڕێوەبەرایەتی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان بەبۆنەی ١ ی تشرینی یەکەم، ڕۆژی جیهانیی کۆبانێ، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
ڕاگەیاندراوەکە وەهایە:
لەیادی رۆژی جیهانیی کۆبانیدا، کە چەخماخەی هەنگاوە بەراییەکانی سەرکەوتنە مەزنەکەیە، بەسەر چەتەکانی داعش دا، لە شەخسی شەهیدان ئارین میرکان و هەڤاڵ موسا سەری بەرزمان لە ئاست شەهامەت و مەقامی بڵندی شەهیدانی بەرخۆدانی داستانی کۆبانی و تەواوی شەهیدانی رۆژئاوای کوردستان دادەنەوێنین.
بێگومان شکستی چەتەکانی داعش لە کۆبانی بووە دەستپێکی کۆتایی خەلافەتی ترس و تیرۆر و کوشتن، ئەو تێکۆشانە میتۆلۆژییەی لە کۆبانی بەڕێوەچوو ئەنجامی بەرخۆدانی بەشکۆی ئیمراڵییە، چرکەساتی لەمەحەکدانی پێوانەی ئاستی ئیرادەی گەلی کوردە کە مەودای خاڵی سفر دەکاتەوە و دەیگەیەنێت بە خاڵی کۆتایی و لوتکەی ئیرادە.
هاوکات سەرکەوتنی کۆبانی بە پێشەنگایەتیی ژنان، ئەم ڕەگەزەی کرد بە سمبوڵی چەرخی مۆدێرنی ئازادیی مرۆڤایەتیی، پیرەمێردی شاعیر راستیکرد کە گوتی، لاوان بەعیشقەوە دەچن بەرەو پییری مەرگەوە.
هاتنی گەریلاکانی ئازادیی بۆ شەنگال، کەرکوک، مەخمور، هەولێر و پاراستنی هەرێمی کوردستان، هاوکات چوونی پۆلێک لە پێشمەرگەی قارەمان بۆ کۆبانی و بەرگریی کردنیان لە ڕۆژئاوای کوردستان لە سەختتریین و دژوارتریین ساتەوەختی مێژووییدا، خاڵی بە هێزی ئەم قۆناغەیە هەروەها تێکەڵ بوونی خوێنی خوشک و براکان لە سەنگەری بەرگریی شەرەف و کەرامەتدا، واتای خاڵی وەرچەرخانە لە خەباتی بزوتنەوەی ئازادیی و نەتەوایەتییدا، بەرگری پێشمەرگە قارەمانەکانمان شانبەشانی خوشک و براکانمان لەیەک سەنگەردا، بەدەست هێنانی ناسنامەی شەرەفە.
هەر بۆیە پێویستە برا پێشمەرگەکانمان پارێزگاریی لە ناسنامە(شەرەف و شکۆی)خۆیان بکەن و نەچنە ژێرکاریگەریی و باری هیچ بڕیارێکی سیاسیی کە حیزبێکی کلاسیک یان بنەماڵەیەک زۆر چاو قایمانە تاک لایەنە دەیدات، بەبێ ئەوەی بەرژەوەندیی گەلەکەمان لەبەر چاو بگرێت لە پێناو بەرژەوەندیی تەسکی بنەماڵەییدا، لەکاتێکدا بنەماڵەی بارزانیی چاشایەتیی خۆیان نەشاردۆتەوە.
هیچ کات دوژمن ناتوانێ پنتێک لە خاکی کوردستان داگیربکات، لێرەشەوە تێدەگەین ئەگەر گەلەکەمان هێزی خۆی کۆبکاتەوە تواناکانی بەئاستێک دەگات ڕووبەڕووی هەموو تەحەدیاتەکان ببێتەوە، بۆیە کاری هەرە پییرۆز یەکێتیی و یەکبوونە، کۆکردنەوەی هێزە چەکدارەکانە لە کۆنسەیەکی سەربازییدا.
بانگ لە هەرکەس و لایەنێک دەکەین، کە فەلسەفەی نەتەوەی دیموکرات تاکە چارەسەرە بۆ هەموو قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی ناوین و هەموو جیهان، بەم پێیە سیستەمی خۆبەرێوەبەریی دیموکراتیی هەوێنی ئاشتیی و برایەتیی گەلان و ئایینەکانی ناوچەکەیە.
هاوکات یەک ریزیی و تەبایی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان زامنی پاراستن و مانەوەی گەلەکەمانە، دەباهەموومان ئەم فیکر و پارادایمە بکەین بە پەیڕەوی ژیانمان لە پێناو ژیانێکی شایستە بە مرۆڤ و بەرقەرارکردنی ئاشتیی لەماڵەوە و ئاشتیی لە جیهاندا".