تولای حاتەم ئۆغۆللاری: دەبێت مانگرتن لە خواردن سەربکەوێت، گۆشەگیری بشکێنین

هاوسەرۆکی هەدەپ تولای حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند:"دەوڵەتی تورک بڕیاریداوە هێرشەکانی دژی ڕۆژژئاوا و گەلی کورد بەردەوام بێت. تولای حاتەم ئۆغۆللاری دژی گۆشەگیری ئیمرالی ناڕەزایەتی دەربڕی و پێشوازی لە بەرخۆدانی مانگرتن لە خواردن کرد.

هاوسەرۆکی گشتی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (هەدەپ) تولای حاتەم ئۆغۆللاری بەمەبەستی دانوستان سەردانی دیلۆکی کرد. تولای حاتەم ئۆغۆللاری سەرەتا سەردانی ناوچەی شاهینبەیێ کرد و لەگەڵ گەل کۆبووەوە.

تولای حاتەم ئۆغۆللاری مانگرتن لە خواردنی ئەو زیندانانەی وەبیرهێنایەوە کە بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری پرسی کورد دەستی پێکرد و وتی:"گۆشەگیریی بەڕێز ئۆجالان بەردەوامە، ئەو گۆشەگیرییەی ساڵانێکە ئەنجام دەدرێت، گەیشتووەتە ئاستێکی قورس کە قبوڵ ناکرێت. ئێمە لێرەوە داوا لە سی پی تی و هەموو ڕێکخراوە یاساییە نێودەوڵەتیەکان دەکەین ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن."

تولای حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند کە بە مەبەستی هەڵگرتنی گۆشەگیری و مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە ٢٧ی تشرینی دووەم دەست بە مانگرتن لە خواردن لە زیندانەکاندا کراوە.

تولای حاتەم ئۆغۆللاری ئاماژەی بەوەشکرد، مانگرتنەکە تا مانگی شوبات بەردەوام دەبێت و ڕایگەیاند:"ئامانج لە مانگرتن لە خواردن لابردنی گۆشەگیری و مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی بەڕێز ئۆجالانە. ئەمەش واتە:"چارەسەرکردنی پرسی کورد بەشێوەیەکی ئاشتیانە و دیموکراتیک، واتە گەل بەو هۆیەوە دەستیان بە مان گرتن کردووە، هیوادارین مانگرتنەکە بە جێبەجێکردنی داواکاریی چالاکوانان سەرکەوتوو بێت و پێش ئەوەی دۆخێکی جیاواز ڕووبدات کۆتایی بێت.