تورهالی: هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا تاوانە

سەرۆکی گشتی کۆمەڵگەی ئیسلامی کوردستان (جیک) حافز ئەحمەد تورهالی رایگەیاند، کە 'هاوسەرگیری' کەسانی کەم تەمەن و پێنەگەیشتوو، تاوانی مرۆڤایەتییە و وتی "ئەمە ستەمە وبە واتای تاوان و کوشتنە".

سەرۆکی گشتی کۆمەڵگەی ئیسلامی کوردستان (جیک) هافز ئەحمەد تورهالی رایگەیاند کە هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا لە کردەوەی ئیسلامدا بوونی نییە و ئەوە عەقڵیەتی ئیسلامی دەسەڵاتە. تورهالی وتی، "لە رووی ئیسلامەوە مایەی قەبوڵ نییە کە منداڵانی کچ لە تەمەنی کەمدا هاوسەرگیریان پێبکرێت و ئەوە ستەمێکی گەورەیە.

تورهالی سەرنجی بۆ سەر ئەوەش راکێشا کە وەقفی ئایینی تورک رایدەگەیەنێت کە منداڵانی کچ لە ٩ ساڵی و منداڵانی کوڕ لە ١٢ ساڵیدا دەتوانن هاوسەرگیری بکەن. تورهالی هێمای بۆ ئەوەکرد کە ئەو بیرکردنەوەیە بە گوێرەی ئیسلام نییە و دامەزراوەکانی وەک وەقفی دیانەت دامەزراوەی ئیسلامی دەسەڵاتن. تورهالی وتی، "دامەزراوەکانی وەک دیانەت ئیسلام دەشێوێنن و ئەو دامەزراوانە بە هیچ جۆرێک خزمەت بە ئیسلام ناکەن".

هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا تاوانە

تورهالی جەختی کردەوە کە دیانەت و تەریقەت و کۆمەڵەکانی هاوشێوەی لەبارەی هاوسەرگیری منداڵانی کچەوە زۆر شت دەڵێن بەڵام ئەو قسانە پەیوەندی بە ئایینەوە نییە و دەبێت گەل وشیاربکرێنەوە. تورهالی وتی " لە سوڕەتی نیسای قورئاندا کاتێک باس لە کچانی منداڵ دەکرێت، دەڵێت تا دەگەنە تەمەنێک کە مارەییان بێت. وەک تەمەنێک کە لە رووی مادی، کۆمەڵایەتی و خێزانیدا بتوانن بەرپرسیارێتی وەربگرن. واتە لانیکەم ١٨ ساڵ. هەرچی جگە لەوەبێت تاوانە. ئەگەر منداڵانی کچ لە تەمەنێکی کەمدا هاوسەرگیری بکەن ئەوە ستەمە، تاوانە وکوشتنە".

دەیانەوێت رێگریی لە ئیسلامی دیموکراتیک بکەن

تورهالی باسی لەوەشکرد کە دەسەڵاتدارییەکانی دوای پێغەمبەر لە سەر بنەمای ئیسلام دانەمەزراون و ئەوان زیاتر بۆ بەرژەوەندی دەسەڵاتداری دامەزراون و وتی، "بۆ ئەوەی رێگە لە ئیسلامی دیموکراتیک بگیرێت، ئیسلامی دەسەڵاتدارییان کردە دامەزراوە. دامەزراوەکانی وەک شێخوڵئیسلامیان دروست کرد. بە گوێرەی هەست و بەرژەوەندییەکانیان فتوا دەدەن. ئەو دامەزراوانە دەسەڵاتیان پیرۆز کردووە و ویستوویانە مسوڵمانان بکەنە کۆیلەی خۆیان. دامەزراوەی بە ناوی دیانەتیش دامەزراوەی دەوڵەتی کەمالیستە. ئەو دامەزراوەیە هەوڵ دەدات لادان لە ئایین دروست بکات و ئایین هەڵوەشێنێتەوە و پارچە پارچەی بکات".

تورهالی لەبارەی تەریقەتەکانی نزیک حکومەتی دەوڵەتی تورکیش وتی، "دەوڵەتی کەمالیست خاوەنداری لەو دامەزراوانە دەکات و دەیانپارێزێت. ئەوانە لە پێناو جێگیربوونی سەنتزی تورک-ئیسلام لەناو کۆمەڵگا و زیاتربوونی نەژادپەرستی تورکدا دامەزراون. بۆ ئەوەی نەتەوەکانی دیکە بتوێننەوە و ئایینەکانی دیکە لەناو ببەن، ئەو دامەزراوانە بوونیان هەیە. بەم جۆرە دەیانەوێت رقیان لەخۆیان ببێتەوە. ئەو دامەزراوانە بەم جۆرە بە دەستی دەوڵەت لە کوردستان رێکدەخرێن. دەبێت کۆمەڵگای کوردو باوەڕمەندانی دڵسۆز ئاگاداری ئەو بابەتانە بن".

هـ . ب