تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاماری مانگێکی پێشێلکاریەکانی بڵاوکردەوە

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاماری مانگی ڕابردووی پێشێلکاریەکانی بڵاوکردەوە کە لەلایەن هێزەکانی رژێمی ئیسلامی ئێرانەوە ئەنجامدراون.

ئامارەکە بەم شێوەیەیە:-

"لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی کوردستان، کرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، ١ کۆڵبەر کوژراوە و ٤ کۆڵبەری تریش بریندار بوون. ژیان عەلیپوور لە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەزبەردا لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران گیانی لەدەست دا. هەروەها دوو کۆڵبەر دوای ڕاوەدوونان لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە، بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەوە و کۆڵبەرێکی تریش بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە بریندار بوون.

لانیکەم ٣ هاووڵاتیی کورد لە زیندانی کرماشان بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» لە سێدارە دراون. تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان تەنها توانیویەتی لە ڕێی سەرچاوەکانی خۆیەوە ئەم سێ حاڵەتەی لەسێدارەدان تۆمار بکات، بەڵام پێدەچێ ژمارەی لەسێدارەدراوان لەمەش زیاتر بێت.

لانیکەم سێ ژنی کورد لە شارەکانی ڕوانسەر، سنە و هەمەدان لەژێر ناوی «نامووس» یان ئەوەی پێی دەڵێن «کێشەی بنەماڵەیی» کوژراون. لەم نێوانەدا هێشتا هۆکاری کوشتنی مەرزیە حاسڵی، خەڵکی ڕوانسەر، دەر نەکەوتووە.

لانیکەم ٤ کرێکاری کورد لە پارێزگاکانی کوردستان، کرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لەدەست داوە.

ئەندامێکی سپای پاسداران و دوو هاووڵاتیی مەدەنیی کورد لە پارێزگاکانی کرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، بە هۆی تەقینەوەی مینە پاشماوەکانی شەڕی ئێران و ئێراقەوە بە قورسی بریندار بوون.

لانیکەم ١٨ هاوڵاتی و چالاکوانی کورد لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی کوردستان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و ئیلام، بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران یان هێزە ئینتیزامییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

لانیکەم ٩ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە دادگاکانی شۆڕشی ئیسلامی و کەیفەریدا و بە تۆمەتی سیاسی، حوکمی زیندان دەر کراوە. هەروەها حوکمی لەسێدارەدانی زیندانیی سیاسیی کورد شاکر بێهرووز کە بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەر کرابوو، لە لایەن لقی ٣١ی دیوانی باڵای ئێرانەوە کە لە شاری قومە، وەک خۆی پەسەند کرایەوە."

ف.ق