زیلان ڤەژین هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی هەواڵی ئەلخەلیج سەبارەت بە ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی و راپەڕینی جەماوەری کە بە "شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی" ناسراوە و هەروەها چەندین پرسی پەیوەست بەوەوە هەڵسەنگاندنی کردوووە. ڤەژین وتی، قسەکردن لەسەر پرسی ژنان و ئازادی ژنان لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڤەبوو. بەڵام ئەم بڤە و هێڵی سوورە شکێنراوە. ئەمە وشیاربوونەوەیەکی گەورەبوو. قسەکردنی لەسەر مافە نەتەوەییەکان بە مەترسییەکی گەورە دادەنرا، بەڵام گەلانی ئێران بە تێچووی کوژرانی رۆڵەکانیان باسیان لە مافەکانی خۆیان کرد، ئەمەش وشیاربوونەوەیەکی گەورەبوو..
زیلان ڤەژین سەبارەت بە دەستکەوتەکانی ناڕەزایەتیەکانی دوای کوژرانی ژینا ئەمینی وتی، دیکتاتۆریەت لە ئێران ریشەیەکی مێژوویی هەیە و سەرچاوەی ئەو دیکتاتۆریەتەش پیاوسالارییە و ئەم سەرهەڵدانە دژی دیکتاتۆریەت، دینسالاری و پیاوسالاریبوو. بۆیە دەستکەوتی گرنگی بەتایبەتی بۆ ژنان هەبوو. ئەم سەرهەڵدانە کۆی سیستمەکەی کردەئامانج و بەرووی ئەوە لە دروشمەکاندا دەبینرا، مێشک و هزری سیستم لە رێگەی ژن، ژیان، ئازادییەوە کرایە ئامانج و رژێمی ئێرانی هەژاند و تائاستێک تووشی داڕوخان بوو.
سەبارەت بەوەی بۆچی ژینا ئەمینی بووە هێمای سەرهەڵدانەکە هاوسەرۆکی پەژاک وتی، ژینا کچێکی گەنجی کورد بوو. گوشار بۆ سەر ژنان، گەلی کورد و گەنجەکان وایکرد، کە ژنان، گەنجان و گەلان دژی دەسەڵات بوەستنەوە و لەو نێوەدا کوردەکان کە پەیوەندی پتەویان لە گەڵ کوردانی پارچەکانی دیکە هەیە و پڕاوپڕن لە وشیاری و پاڵنەری تێکۆشان، بوونە پێشەنگی ئەو سەرهەڵدانە، بۆیەش ژینا بووە رەمز و هێمای سەرهەڵدانەکە.
لەبەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا زیلان ڤەژین ئاماژە بە دروشمی سەرهەڵدانەکە دەکات و دەڵێت دروشمی ژن، ژیان، ئازادی لە سەرهەڵدانەکە بێکاریگەر نەبووە، نوسەرێکی ئێران وتویەتی "چل ساڵ بوو کە چاوەڕێی دروستبوونی دروشمێک بووین کە دروشمە پاسیڤەکانی پێشوو تێپەڕێنێت!ئێستا بە ئاسانی دەتوانین ئەم دروشمە بڵێینەوە" ئەم وتەیە دەرخەری ئەوەیە کە خەڵک بە دوای ئەندێشەیەکی نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی رژێم بوون و ئەمەیان لەم دروشمە و ئەندێشەکانی پشت ئەم دروشمە بینیەوە. بەم جۆرە خەڵک داواکارییە ئازادیخوازانە و یەکسانیخوازانەکانیان بینیەوە.
لەوەڵامی ئەوەش کە بۆچی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێران، زیلان ڤەژین هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە سەرجەم چین و توێژەکان، ژنان، گەنجان و گەلان لە ژێر ستەمدان و ناڕازین لە دۆخەکە، ئەمە جیالەوەی کێشەی ئابووری و بژێوی تەنگی بە هاووڵاتیان هەڵچنیوە، ژینگە لەناوبراوە و جگە لەو هۆکارانەش بەرزبوونەوەی ئاستی وشیاری خەڵک و بەرفراوانبوونی راگەیاندن و تۆڕەکانی پەویوەندیش یارمەتیدەر بوون کە تەواوی جیهان ئاگاداری دۆخی ئێران بن و ئەمەش وایکرد چین و توێژە جیاجیاکان بەشداری لە سەرهەڵدانەکەدا بکەن.
هاوسەرۆکی پەژاک لەوەڵامی هۆکاری بەشداری بەرچاو و رۆڵی سەرەکی گەنجان لە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" وتی، گەنجی واتە گەشە، داواکاری، سەرکێشی و مێشکی کراوە و جۆش و خرۆشی و پڕوزەبوون، بەڵام دەسەڵاتی ئێران لە هەموو ئەوانەی بێبەش کردوون و هیچ بوارێکی بۆ گەنجان نەهێشتووەتەوە کە خۆیانی تێدا دەرببڕن و وەک دەسەڵاتێکی پیرسالار دژی گەنجانە. مێشکی پیر و سوواوی دەسەڵاتی ئێران دژی هەموو شادی و جۆش و خرۆشێکی گەنجانە و رێنوێنی خومەینی کە وتبووی " هەر شتێک چێژی تێدابێت، حەرامە!" بووەتە پێرسپێکتیڤی رژێم و دەبینن کە رژێم چۆن دژی خۆشی و شادی دەربڕینە. کەواتە ئاساییە کە گەنجان ببنە ئاڵاهەڵگری ئەم راپەڕینە. مافی خۆیانە داواکارییەکانیان بخەنەڕوو.
لەوەڵامی ئەوەی کە دروشمی "نەمان بۆ خامنەیی" لە ساڵیادی "شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی" جارێکیتر لە شەقامەکانی ئێران وترایەوە و ئاخۆ ئەگەری هەیە ناڕەزایەتی گەورە دژی دەسەڵاتی ئێران سەرهەڵبدەنەوە؟ زیلان ڤەژین وتی، ، "گرنگ خۆپیشاندان نییە، گرنگ ناڕازیبوونی گەل و کەرەستەکانی دەربڕینی داواکاریەکانیەتی. گەلان و توێژەکانی کۆمەڵگا بەرامبەر ستەمی رژێم وەستاونەتەوە. رەوایەتی رژێم لە هەموو روویەکەوە لەناو چوو. تابۆ و دیواری ترسی رژێم لە مێشکی خەڵکدا رووخا. لەم ناڕەزایەتییانەدا چەندی تۆماری دەنگی کاربەدەستانی رژێمی دزەی کردووەتە دەرەوە و کۆمەڵێک بەڵگەنامەش هاک کراون کە دەریدەخات رژێم گەیشتووەتە کۆتایی خۆی. ئەمەش واتە "سەرەتایی کۆتایی قۆناغێک"! بە دڵنیاییەوە ناڕەزایەتیەکان رانەگیراون. لە بەر چەند هۆکارێک لەوانە لاوازی ئۆپۆزسیۆن، هاتنی وەرزی سەرما، نەبوونی پشتیوانی جیهانی، سازشی ئێران بەرامبەر لایەنە جیهانییەکان هۆکاری وەستانی خۆپیشاندانەکان بوون، بەڵام هەر هەموو ئەمانە بەواتای کۆتاییهاتنی ناڕەزایەتیەکان نیە. ناڕەزایەتیەکان بەردەوامن و بە دڵنیاییەوە بە شێوەی جیاواز سەرهەڵدەدەنەوە.
ڤەژین لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکردووە کە لە سایەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادییەوە زۆر هێڵی سوور و بڤە شکێندراون و سەرجەم گەلان گەیشتوونەتە ئاستێک لە وشیاری کە دەزانن چیان دەوێت و دەبێت چی بکەن، تاڕادەیەک چوارچێوەی تێپەڕاندنی ئەم سیستمە سازکراوە، بۆیە بەهیچ جۆرێک ناتوانرێت بەر بەو رەوتە بگیرێت، چونکە ئەو وشیاریە گەڕانەوەی نییە بۆ دواوە، ئەو شتانەی بە بەهای رژانی خوێن مرۆڤ فێریان دەبێت، ئاسان نییە لە بیرکردنیان. ئەم وشیاریە لە مێشکی کەسەکان ناسڕدرێتەوە.
زیلان ڤەژین لەوەڵامی پرسیارێک لەبارەی ئەوەی بۆچی پێیوایە ئازادی ژن لە سەرووی ئازادی گەلانەوەیە، وتی: وەک رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێت، ژن یەک نەتەوەی داگیرکراوە، هەزران ساڵە ژنان لە ژێر ستەم و چەوساندنەوەدان و لە پێگەی مرۆڤبوونی خۆیان هێنراونەتە خوارەوە و کراون بە کەرستە، بۆیە ئەم ستەمە لە سەرووی هەموو ستەمەکانەوەیە. بە دڵنیاییەوە دەبێت سەرەتا ژنان ئازاد بکرێت تا بتوانرێت باس لە ئازادی راستەقینە بکرێت. بەهۆی تێکۆشانی ژنان لە کوردستان گرێی هەزاران ساڵە کراوەتەوە و لەئێرانیش دوای هاتنە مەیدانی ژنان و گەنجان بۆ گۆڕەپانی تێکۆشان، کۆماری ئیسلامی تووشی هەژان بووە، بەشداری ژنان لە تێکۆشان و بە دەستهێنای ئازادی دەستکەوتێکە بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی، بە ژنان و پیاوانەوە، بۆیە ئازادی ژنان لە سەرووی ئازادییەکانی دیکەوەیە.
لەبەردەوامی چاوپێکەوتنەکە سەبارەت بە دەستکەوتەکان و دەرفەتەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی زیلان ڤەژین وتی، "وشیاری شۆڕشگێڕانە و رووخانی دیواری ترسی لە رژێم و بە ئاشکرا رەتکردنەوەی رەوایەتی ئەو رژێمە گەورەترین دەستکەوتن. ئەمە جگە لەوەی ئەم شۆڕشە دژی پیاوسالارییە چ لەناو رژێم و چ لەناو هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان. چونکە ئەو هێزە ئۆپۆزسیۆنانەی کە تا سەرئێسک پیاوسالارن ئەگەر لە دوای کۆماری ئیسلام دەسەڵات بگرنە دەست هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە نابێت، هەربۆیە ئاشکرابوونی راستیەکان لەبارەی ئەو هێزانەوە دەستکەوت بووە.
پرسیاری ئەوە لە زیلان ڤەژین دەکرێت کە زۆر کەس نەیاندەزانی کە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی لە فەلسەفەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە سەرچاوەی گرتووە، کەواتە چۆنە ئەو دروشمە شۆڕشگێڕانەیە گواستراوەتەوە بۆ خۆپیشاندەرانی ئێرانی؟
لەو بارەوەی هاوسەرۆکی پەژاک بە ئاماژەدان بەوەی ئەو دروشمە بەرهەمی تێکۆشانی ژنانە لە باکووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان، کە ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی رۆژهەڵاتیش لەو خەباتەدا بەسداربوون و ماوەی ٢٠ ساڵیشە پەژاک لەبارەی ئەو بیر و فەلسەفەیەوە هەزاران لاپەڕە بابەتی جیا جیای بە فارسی بڵاوکردووەتەوە و لە رێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانیشەوە کار بۆ ئەو مەبەستە دەکات و بۆیە ئەندێشەی ئازادی ژنان لەو رێگەیەوە گەیەندراوەتە زۆر شوێنی ئێران. ئەمە جیالەوەی ئەو کەسەی لە بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینیدا بۆ یەکەم جار دروشمی ژن، ژیان، ئازادی وتەوە لایەنگرێکی عەبدوڵا ئۆجالان بوو، لە شاری سەقز دەیان و سەدان گەنجی ئەندامی ئێمەن کە بڕوایان بە ئەندێشەکانی عەبدوڵا ئۆجالان هەیە و بە رێبەری خۆیانی دەزانن. خودی رێبەری گەلی کورد دەڵێت ئەو دروشمە "ئەفسوناوییە" بۆیە بینیمان کە بە چ هێزێکەوە جیهانی تەنیەوە و کەسانێکی زۆر لە جیهان پشتیوانیان لێکرد و هیچ هەوڵێک نەیتوانی لەباری ببات، سەرچاوەی هێزی ئەم دروشمە بۆ ئەندێشەکانی رێبەرمان دەگەڕێتەوە.
دەربارەی ئەویە پێیان وایە هێڵی سێیەم رێگەچارەی گۆڕانکاری دیموکراتیکە لە ئێران و ئەوەی لە بنەڕەتدا هێڵی سێیەم چییە، ڤەژین وتی: "بە کورتی؛ هێڵی سێیەم هێڵێکە کە نە هیوای بە چاکسازی رژێمە توتالیتەرەکانی ئێستا هەیە و نە چاوەڕوانییەکی لە هێزە دەرەکیەکان هەیە. هێڵی سێیەم تێکۆشان و بەڕێوەبەریی گەلە کە هەوڵ دەدات بە نادەوڵەتی بمێنێتەوە. چونکە بە هۆی پاشخانی فەلسەفی هێڵی سێیەمەوە، خودی دەوڵەت و دەسەڵات کێشە و قەیرانن، بۆیە لەبەرامبەریدا هەوڵ دەدەن سیستمێک لە سەر بنەمای بەشداری خەڵک و دیموکراسی راستەقینە بونیاد بنێن کە ئیرادەی سەرجەم جین و توێژەکان و سەرجەم رەنگەکان کە بەڕێوەبەریی کۆمەڵگادا رەنگبداتەوە. ئەمە ئەزمون وتاقیکردنەوەیەکە بۆ رزگاری لە چەمکی "دەوڵەت" و "دەسەڵات". تاقیکردنەوە و ئەزمونێک کە جێبەجێکردنی دژوارە بەڵام بە دڵنیاییەوە دەرمانی ئەو کێشانەیە کە سوڵتە و دەسەڵات سەرچاوەیانە و بوونەتە مایەی نادادپەروەری، نایەکسانی و هەڵاواردن".
لە چاوپێکەوتنەکەدا پرسیاری ئەوە لە هاوسەرۆکی پەژاک دەکرێت کە بۆچی وڵاتانی رۆژئاوایی نەرمی بەرامبەر بە رژێمی ئێران دەنوێنن و بەتایبەتی لە ئاڵوگۆڕی ئەم دواییەی زیندانیەکان لە نێوان واشنتۆن و تاران مامەڵەی لەگەڵ دەکەن، لەو بارەوە زیلان ڤەژین وتی، "یەکێک لە هۆکارەکانی ئەویە راپەڕینی ئەم دواییە نەگەیشتە سەرکەوتن بریتیە لە مامەڵەکردنی دەوڵەتانی جیهانی لەگەڵ رژێمی ئێران، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کاتێک سەرهەڵدانەکە لە لوتکەدا بوو، وتیبووی "ئێمە پشتیوانی لە ناڕەزایەتیەکان دەکەین، بەڵام لەگەڵ رووخانی ئەو رژێمەدا نیین" ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە وڵاتانی رۆژئاوایی چ کاریگەیریەکی نەرێنییان لە سەر شۆڕشگێران و رەوتی شۆڕشەکە هەبووە. سیستمی جیهانی بەهۆی قەیرانەکانی، لە بەرامبەر رژێمە تۆتالیتەرەکاندا زۆر سازشکارانە دەجوڵێتەوە. ئەمریکا لە بەرامبەر ئازادکردنی چەند زیندانییەک چەندین ملیار دۆلاری رادەستی ئێران کردووە و ئەمەش هەناسەی بە بەر ئەو رژێمەدا کردووە، بە دڵنیاییەوە ئەمە بە زیانی خەڵکی ئێرانە".
سەبارەت بەوەی لە چاوپێکەوتنێکی پێشوویدا زیلان ڤەژین وتبوو کە ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە وەک کارت لە پرسی کورد دەڕوانن و لە دۆخی ئاساییدا بەکاری ناهێنن و لە هەندێک حاڵەتی نائسایی و تایبەتدا بەکاریدەهێنن، هاوسەرۆکی پەژاک بۆ روونکرندەوەی ئەو لێدوانەی پێشووی وتی، "پرسی کوردەکان گرێ کوێرەیە. کوردەکان نکۆڵییان لێکراوە، بەڵام بەهۆی هێزی کولتوری و کۆمەڵایەتیانەوە لەناونەچوون و تووشی چارەنوسی ئەرمەنیەکان نەبوون، زیانی زۆریان بەرکەوتووە، بەڵام کۆمەڵگاکەمان لە رێگەی ئەندێشەکانی رێبەرمان عەبدوڵا ئۆجالانەوە توانی رێڕەوێکی نوێ بۆ خۆی بکاتەوە. دۆخی کوردەکان لە چوار بەشی کوردستان جیاوازە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی هەرهێزێک بیەوێت کوردەکان بەکاربهێنێت و ئەمەش لە سروشتی سیاستی جیهانیدایە. مامەڵەکردن لە گەڵ هێزەکانی وەک ئەمریکاش دژوارە. کوردەکانی ناو سنوورەکانی تورکیا ناتوانن هەمان ئەو هەڵسوکەوتەیان لەگەڵ ئەمریکا هەبێت کە کوردەکان لەناو سنوورەکانی سوریادا هەیانە، ئەمریکاش ناتوانێت بە یەک جۆر مامەڵە لەگەڵ سەرجەم کوردەکاندا بکات. سیاسەتی ئەمریکا بەرژەوەندیخوازانەیە و ئەگەر بەرژەوەندی کوردەکان لەگەڵ بەرژەوەندییان یەکنەگرێتەوە، بە دڵنیایییەوە هیچ گرنگیەک بە کورد نادەن. مەبەستم زیاتر سیاسەتێک بوو کە ئەمریکا لەبارەی کوردەکان و لە مامەڵەکردن لەگەڵ تورکیا گرتوویەتیەبەر. لەوێ ئەمریکا دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە رێگری لە فشارەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی کوردەکان بکات، بەڵام هەندێک جار و بەزیانی کوردەکان ئەمە دەکات. بۆ نمونە لە داگیرکردنی سەرێکانیدا ئەوەمان بینی. ئەمریکا لە سوریا لە لایەکەوە هاوپەیمان و هابەشی کوردەکانە لە شەڕی دژی داعش و لەلایەکی دیکەشەوە وەک ئەندامی ناتۆ هاوپەیمانی دەوڵەتی تورکە. بە دڵنیاییەوە نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت کە مامەڵەکرندی کوردەکانیش یەکلاکەرەوەیە. بۆنمونە چەند ساڵ بەر لەئێستا لە باشووری کوردستان و عێراق، سەرباری هۆشدارییەکانی ئەمریکا بارزانی ریفراندۆمی بەڕێوەبرد و ئەنجامەکەشی دەزانین. بە هەر حاڵ کوردەکان دەبێت وشیارانە مامەڵە بکەن تا هەم هێڵی سێیەم لە پێکەوە ژیان لەگەڵ گەلانی عەرەب و تورک و فارس بپارێزن، هەم بەرژەوەندییە لەگەڵ بەرژەوەنییە ناوچەیی و جیهانییەکان تووشی بەریەککەوتن نەبن، هەم کێشەکانی نکۆڵی لێکردن کەبەسەریاندا سەپێندراوە لەناو ببەن. ئەمە ئاڵنگارییەکی چەند رەهەندییە کە بە داخەوە کوردەکان لەپای ئەوەقوربانی و تێچووی زۆریان داوە".
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە بۆشی تائێستا نەترانراوە بەرەیەکی هاوبەش و یەکگرتوو لە نێوان حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان سازبکرێت، هاوسەرۆکی پەژاک وتی، "جیاوازی لە جیهانبینی، رابردووی خەبات و نەریتی گروپ و حزبەکان بەربەستێکە لەبەردەم ئەوەدا. بەڵام دواجار هەوڵ دەدەین کە خاڵە هاوبەسەکانی نێوانمان تۆخ و هاڵە ناکۆک و جیاوازەکانمان کاڵ بکەینەوە. لەهەمانکاتدا هەمان هەوڵیشمان بۆ یەکگرتوویی لەگەڵ گەلانی دیکەی ئێران هەیە و هەموو ئەمانە پێویستیان بە چالاکی و هەڵسوڕان و تێکۆشان هەیە".
لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا زیلان ڤەژین، هاوسەرۆکی پەژاک دەربارەی پلانەکەیان بۆ دوای رووخانی رژێمی ئێران و ئەو سیستمەی خوازیارین دایبمەزرێنن بەم جۆرە دوا: "پلانی ئێمە خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکە، کە تیایدا بەشە جیاجیاکانی کۆمەڵگا لە دیاریکردنی سیاسەتدا بەشدارن. ئازادی ژنان و بەشاری یەکسانیان بێتەدی و ئەمە لە دەستوور و یاساکاندا رەنگبداتەوە و سەرجەم نەتەوەکان بتوانن لەسەر بنەمای کولتور و زمانی خۆیان بژین. دەوڵەتی ناوەندی لە بابەتەکانی وەک بەرگریی و دیپلۆماسی و کاروباری داراییدا رۆڵی هەبێت و بوارەکانی دیکە رادەستی ناوچەکان بکرێت کە بە شێوەی خۆجێیی بەڕێوەی ببەن. پرسەکانی پەیوەست بە ئیکۆلۆژیک و ژینگە ئاوڕی جدیی لێبدرێتەوە و کەسایەتی مرۆڤ هاوتەریب لەگەڵ ژینگە پەروەردە بکرێت و باربهێندرێت و کاروباری ئابووری و بەتایبەتی پیشەسازی کەمترین دژایەتی لەگەڵ ژینگە و سروشتدا هەبێت. ئابووری لەم سیستمەدا نەک لە سەر بنەمای زۆرترین قازانج بەڵکوو لەسەر بنەمای پێداویستیەکانی کۆمەڵگا بێت، سامان و داهاتی کۆمەڵگا بۆ ئاوەدانکردنەوە و ژیانی مرۆڤانەتر و لێکۆڵینەوە و بواری زانستی تەرخان بکرێت. بە گشتی لایەنگری سیستمێکی ناناوەندی و دیموکراتیکین کە لە سەر بنەمای پرەنسیبە هاوچەرخیە مرۆڤییەکان و گونجاو لەگەڵ ئاستی بەرەوپێشچوونی زانستی بێت، تا بۆ ناوچەکەش ببێتە مۆدێل و نمونەیەکی دڵخواز. ئێمە سیستمە پێشنیازکراوەکەی خۆمان وەک کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک ناودێر دەکەین، بەڵام ناوەرۆک لە ناوەکەی گرنگترە. لە سەدەی ٢١دا کە سەدەی زانست و پێشکەوتنی خێرایە، دەبێت لە کێشە دەستکردەکانی مێشکە نەخۆشەکان رزگارمان بێت و لە رێگەی پێکەوە ژیانێکی ئاشتیانەوە بە ئاراستەی شەپۆلی جیهانی بەرەوپێشچوونی مرۆیی هەنگاو بنێین".